کاتێک هونەرمەندێک دەست دەکات بە کێشانی تابلۆیەک، جا بابەتەکەی و ڕێبازەکەی هەرچەندێک جیاوازیش بن لە هەموو تابلۆکانی تر، بەڵام کاتێک بینەر لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت بە یەک زمان دەکەونە خوێندنەوەی ئەوتابلۆ هونەرییە.
بێگومان فاکتەری سەرەکی هەبوونی یەک زمان بۆ خوێندنەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەیامی هونەری و بەتایبەتیش هونەری شێوەکاری، بە ڕەنگ دەنوسرێتەوە و ئەو ڕەنگانەن دیمەن پێکدەهێنن و ئەو دیمەنانەشن بە چاوی ئێمە دەخوێندرێنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کەم نین ئەوانەی سەرەتای هونەری شێوەکاری دەبەنەوە بۆ دێر زەمان و وێنەی سەر دیواری ناو ئەشکەوتەکانمان نیشان دەدەن و بە سەرەتای مێژووی هونەری شێوەکاری دادەنێن. بەڵام هەندێکیش ئاماژە بەوە دەکەن، هونەری شێوەکاری، هونەرێکی نوێیە لە فەرهەنگی کوردیدا.
هەرچۆنێک بێت ئەمە پێویستە شارەزایانی مێژوو و پسپۆڕانی هونەری شێوەکاری ئەم مشتومڕەمان بۆ یەکلابکەنەوە.
بەڵام ئەوەی نکوڵی لێناکرێت و هاوڕایی لەسەر هەیە، ئەوەیە ئەو ژینگەیەی ئێمە، پڕ بووە لە شەڕ و ئاشوب، وەکو زانراویشە شەڕەکان بە گەورە و بچوکیشیانەوە، ڕوانینەکانی مرۆڤیان بەرامبەر ژیان گۆڕیوە و هونەرمەندانیش بەردەوام هاوکار بوون لە هێنانە ئارای تێگەیشتنە نوێیەکان لە کۆمەڵگەدا و شێوەکارانیش بەردەوام دەستپێشخەرییان هەبووە بۆ گۆڕانکاری و نوێگەرایی لە هونەرەکەیاندا و لە کۆمەڵگەشدا.
میوانی بەرنامە:
ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندی شێوەکار
نوێگەرایی لە هونەردا، لە سادەترین پێناسەیدا، ئەو هونەرەیە کە داهێنراوی ئەمڕۆیە و بەپێی پرەنسیپەکانی ڕۆژ سەروسەودایەکی ژیرانە و سەرکێشانەیش لەگەڵ کەرەستە هونەرییەکانیدا دەکات و بینەرانی خۆی دەخاتە بەردەم ڕاچڵەکینێکی گەورەی لێوان لێو لە چێژی بینین و دیالۆگ لەگەڵ تابلۆدا.
ئەحمەد نەبەز، هونەرمەندی شێوەکار، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی سەرکێشی لەگەڵ ڕەنگ و فڵچەدا دەکات، سەرکێشییەکە ڕێک دەزانیت مەبەستیەتی هونەرمەندێک بێت بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی، دەخوازێت بە نەوازشەوە بەشدارییەکی بچوکی هەبێت لە گردبوونەوەی ڕەنگەکانی دنیادا و لە زۆربەی تابلۆکانیدا پێمان دەڵێت با خۆمان لە سوچێکی ئەم دنیایەدا گیر نەکەین، ئەم دنیایە بۆ فڕینە نەک نیشتنەوە، با بڕۆین وەک چۆن ئێمە ڕەنگەکانی ئەوان دەناسین با ئاوەهاش ئەوانیش ڕەنگەکانی دڵی ئێمەیان خۆشبوێت و با بڕۆین ڕەنگەکانی خۆمانیان بۆ بەرین بەو هیوایەی چۆن خەونە لای ئێمە گەلەرییەکانی دنیا ببینین، ئاوەهاش کار بە ڕەنگی خۆمان بکەین، بەو هیوایەی ڕۆژێکیش بێت ئەوانیش لە بێداریشدا خەون بە سەردانێکی گەلەرییەکی لای ئێمەوە ببینن.
هەروا سانا نییە بتوانرێت لە چەند دێڕێکدا پێناسەی هونەری شێوەکاری بکرێت یان بتوانرێت ڕاڤە بکرێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە شێوەیەکی بەرچاو هونەری شێوەکاری پەرەی سەندووە، وەلێ هێشتا ماویەتی بگوترێت لە کۆمەڵگەدا بەهایەکی گرنگی هەیە و ئەم ژانرە هونەرییە لە شوێنە جیاوازەکاندا ئامادەیی هەیە، یانیش بگوترێت هونەری شێوەکاری بەشێکە لە کلتور.
ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا هونەرمەندی گەورە و داهێنەرمان هەن؟ بەڵێ هەمانە کە هەمیشە بە گیانێکی لەخۆبردووانەوە بە شوێن داهێنانە ناوەزاکاندا دەگەڕێن و لە پێشانگاکانیاندا لەڕێی بەکارهێنانی ڕەنگ و تەکنیکی کارەکانیان، بینەرانی خۆیان سەرسام دەکەن وەک تابلۆ هونەرییەکانی ئەحمەد نەبەزی هونەرمەندی شێوەکار.
هونەرمەند ئەحمەد نەبەز، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5