لە چەند ڕۆژی ئایندە وابڕیارە دانیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بەڕێوە بچێت، لەسەر گرفتەکانی نێوان هەردوولاو ئەو گرفتانەش کە ساڵانێکە لە نێوانیاندا کەڵەکە بووە، لە ئێستاشدا دیارترینیان نەناردنی موچەی فەرمانبەرانە لە لایەن بەغداوە، ئەوەش بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێمە بە رێکەوتنەکانی نێوانیان، هەروەها بەغداش کە چەندین بڕگەی دەستووری هەیە، هیچ هەنگاوێکی بە ئاڕاستەی چارەسەر کردنیان نەناوە.
دکتۆر رێبوار کەریم وەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێی وایە کە وەفدەکەی هەرێم ئەمجارە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، پێشی وایە رێکەوتنەکە بەرەو کۆتایی بچێت. دەشڵیت "رەنگە ڕایبگەیەنن".
بە پێی زانیارییەکانی ئەم پەرلەمانتارە بەغداد بڕی 500 ملیار دینار دەداتە هەرێم کە 400 ملیاری کەمترە لەو پارەیەی هەرێم داوای کردووە بۆ موچەی فەرمانبەرەکانی کە هەرێم وتوییەتی 1256000 فەرمانبەری هەیە، لە کاتێکدا لە هەرێم تەنها 753000 فەرمانبەری هەیە کە دەوام دەکەن، ئەوەی تری موچەی کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامان و موچەی ترن.
ئەم پەرلەمانتارە بەو هۆکارە دەڵێت لە رێکەوتنەوە نزیکن، لەبەر ئەوەی هەرێمیش هەندێک رەزامەندی نواندووە،بەنموونە هاتنی لیژەکانی چاودێریی دارایی عێراق بەهاوکاری لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان و رادەست کردنی نیوەی داهاتی هەرێمەکە، هەروەها پرسی نەوت، دەشڵێت "ووردە ووردە لە رێکەوتن نزیک بونەتەوە هاتنی سەرۆکی وەزیرانیش هۆکارەکە نییە، بڵێین بە هاتنی ئەو هەمووشتەکان لە چەند رۆژێکدا چارەسەر دەکات، بەڵکو رێکەوتنەکە لە کۆتایی نزیکەو هەندێک خاڵ ماوە کە مایەی یەکلایی کردنەوەیە، وەفدی ئەمجارە رەنگە لە کۆتاییدا رێکەوتنەکە رابگەیەنن".
هەرێمی کوردستان لە رابردوو هەرێمێکی درەوشاوە بوو لە میدیاکان و لە دەرەوەو تەنانەت لە لایەن سیاسییە عێڕاقییەکانیشەوە، بەڵام لەم قەیرانە داراییە هەرێمێکی تر دەرکەوت، لەو بارەیەوە دکتۆر رێبوار دەڵێت "ساڵانی رابردوو پارەو داهاتی زۆر هەبووە، بەڵام خاوەنی فکرو ستراتیژی حوکمڕانییەکی باش نەبوون، بانگەشەی ئابوری سەربەخۆیان دەکرد، بەڵام ئابورییەکی رزیو و داتەپیومان بینی، حکومەتێک نەتوانێت بەرگەی یەک مانگی قەیرانێک بگرێت، پارەی نەوت وداهاتی ناوخۆو ئەو هەموو پارانەی لە عێراق وەرگیراوەو پارەی تریش چیان بەسەرداهاتووە، من دڵنیام ئێستاش پارە هەیە، بەلام نایدەن بە خەڵک وچارەسەر کردنی ئەو قەیرانە ئابوورییە ، بەڵکو لە کاری بزنسی شەخسی لە دەرەوەو ناوەوەی هەرێمەکە خەرجی دەکەن، نەوەکو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەکە دابین بکەن، ئەوە نیوەی ساڵی 2020 هێشتا نەیان توانیوە موچەی یەک مانگی فەرمانبەران دابین بکەن. خەڵک حکومەتی بۆچییە کە نەتوانێت یەک مانگ لەبەردەم قەیرانێکدا خۆی بگرێت".
Your browser doesn’t support HTML5