ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر موئمین زەڵمی

زمان، ئامڕازە سەرەکییەکەی پەیوەندیکردن و وتووێژکردن و لێکتێگەیشتنە. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەر زمانێک لە ژمارەیەکی سنورداری وشە پێکهاتووە، بەڵام هەرگیز ناکرێت بگوترێت بەکارهێنانی زمان بۆ واتا و ماناکان سنوردارە.

ئەڵبەت هەر یەکێک لە زمانەکانی دنیا، تایبەتمەندێتی خۆی هەیە لە ڕووی یاسا و ڕێساکانیەوە و هەر وشەیەکیش لە زماندا بەپێی شوێنی خۆی لە ڕستەدا دەتوانێت مانا ناوەڕۆکییەکانی خۆی بخاتە ڕوو.

زۆرێک لە پسپۆڕەکانی زمانەوانی جەخت دەکەنەوە لەوەی بەبێ پەیڕەوکردنی تایبەت بۆ دەنگ و بۆ مانا، پرۆسەی فێربوون ڕوونادات.

بەوپێیەی زمان بەمانای بیر و لۆژیکە، هەر بۆیە ئەو شێوە زمانەی پێی دەدوێین، هەمان ئەو زمانەیە کە بیرکردنەوەمانی لەسەر بونیادنراوە.

پەیوەندییە پێکەوە گرێدراوەکەی نێوان دەنگ و پیت، زمانی نوسینی پێدەناسرێتەوە، هەر بۆیە دەشێت لێرەوە بڵێین، بەڵێ بۆ ڕۆژنامەوان و میدیاکاران زۆر گرنگە شارەزاییەکی تەواویان هەبێت لە زمانی دایکدا و ئاگاداریش بن لە هەموو پەرەسەندنەکانی زمان جا لە هەر قۆناغ و ساتەوەختێکدابێت؛ لەو ڕوانگەیەوەی نوسین دەبێتە گەنجینەیەک و زمانی تیادا هەڵدەگیرێت و دەیپارێزێت و ڕێگەش دەگرێت لە لەناوچونی زمان.

لێرەدا نابێت خۆمان لەو ڕاستیەش لابدەین کە زمان ئاخاوتنە، ئاخاوتنەکانیش هێندەی کردەی نوسین کاریگەریی خۆی هەیە لە پاراستنی شکۆی زماندا.

لەبیرمان نەچێت ئەو کاتەی "ڕاگەیاندن یان میدیا" وەک ژانرێکی گرنگ بەسترایەوە بە شارستانییەتەوە، هەر ئەو کاتەش بوو کە دەگوترا زمانی میدیا دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە داڕشتنی شارستانییەت، هەر بۆیەشە گرنگە لێرەدا بزانرێت چۆن زمان توانی ئەو ڕۆڵە کارا و کاریگەرە لە میدیادا ببینێت.

بێگومان هەر تەنها میدیا نییە بتوانێت ئەم ڕۆڵە گەورە و گرانە ببینێت لە پاراستنی زماندا، پەروەردە و خوێندنیش ڕۆڵی گرنگی خۆیان هەیە لەو سۆنگەیەوەی زمان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی بونیادی نەتەوەیە و ئەگەر زمان لەدەستدرا ئەوا هیچ گومانێکی تیادا نییە، بە مانای لەدەستدانی تایبەتمەندییەکی سەنگینی نەتەوە بوون لەدەستدراوە. زۆر نەتەوە هەن لە مێژودا، لەگەڵ ئەوەشدا کە خاوەنی شارستانی گەورەبوون بەڵام بەهۆی لاوازبوون یان نەمانی زمانەکانیانەوە، ئیدی لە جیهانی ئەوڕۆدا سەیر دەکەیت ئەو ناوەی پێشتریان نەماوە.

لەمڕۆدا هەر هیچ نەبێت لە بەشێکی کۆمەڵگەی کوردیدا، سەرباری ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی هەیە، ژمارەیەکی زۆری میدیا هەن، بەڵام هێشتا لە هەردوو لایەنەکەوە گرفتی زمانەوانی هەن لەوانە بەکارهێنانی وشە یان زاراوەی بیانی نامۆ، کە بەلای هەندێک لە نوسەران و ڕوناکبیرانەوە کاریگەرییەکی نەرێنییان کردۆتە سەر سروشتی زمانی کوردی.

دکتۆر موئمین زەڵمی، یەکێکە لەوانەی بە نیگەرانییەوە لەو ڕەهەندەی زمان دەڕوانێت و تەنانەت وەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک نوسیویە با وشەکان لە زمانەکانی ترەوە وەربگیرێن بەڵام پێویستە هەر هیچ نەبێت شێوازی وتن یان دەربڕینەکەی ئاسان بکرێت و ئەوەندەش بە شوێن سەرچاوەی ئەو وشانەدا نەگەڕێین، دەنوسێت "چونکە زمان بۆ پەیوندییە و گواستنەوەشی زۆر خێرایە و بە دڵناییەوە دەڵێم هیچ قورساییەکی نیە ئەو وشەیە لە بنەڕەتدا لە کام زمانەوە هاتووە، ئەوەی گرنگە ناسینی وشەکەیە و لێکدانەوەی بەشەکانی وشەکە و ماناکەیەتی."

دکتۆر زەڵمی لەوبڕوایەدایە هەر وشەیەک جا لە هەر زمانێکی ترەوە وەرگیرابێت شێوازی وتن یان دەربڕینەکە دەیکات بە وشەیەکی کوردی "بۆیەش پێم وایە هەر وشەیەک لە هەر زمانێکیترەوە هاتە ناو زمانی کوردی و گۆکردنی زمانی کوردی وەرگرت ئەوا ئەو وشەیە دەبێتە وشەیەکی زمانی کوردی و پێویست ناکات بیبەستینەوە بە زمانە بیانیەکەوە."

ئایا هەر زمانێک لە جیهاندا خاوەنی پێناسەیەکی تایبەتە، یان یەک پێناسە بۆ هەموو زمانەکان هەیە؟

ئایا بۆ لەناوچوونی زمانێک هەر دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان بەرپرسن؟

ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا زمانی دایک و زمانی نەتەوە لێك جیادەکرێنەوە؟ کامیان کاریگەری زیاترە بەسەر ئەوی تریاندا؟

دکتۆر موئمین زەڵمی، پسپۆڕی پەروەردە و زمانەوانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر موئمین زەڵمی