شەپۆلی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەروادێ و زیاتر دەبێت.
دوو ڕەهەندی سەرەکی لە ناڕەزایەتیەکاندا هۆکاری سەرەکین کە وەهایان کردووە، بێ لە خۆپیشاندان، خەڵک بژارەیەکی تری لەبەردەستدا نەبێت و داوای مافی سیاسی و ژیانی ڕۆژانەی خۆی بکات.
پێنەدانی موچە بۆتە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەڵک لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق، پێدانی موچە دەبەستنەوە بە بڕی بودجەی هاتوو لە بەغداوە و هەروەهاش بە بەرزی و نزمی نرخی نەوتەوە.
میوانی بەرنامە:
دانا تەیب مەنمی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی ئازاد
خەڵک بە ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام دەسەڵاتداران دەستگیریان دەکەن، زۆر جاریش کە لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان کراوە, دەسەڵات دەستبەجێ دەستی دەرەکی بە هۆکار زانیوە نەک داواکانی خەڵک، دەسەڵات هاندانی نەرێنیانەی خەڵکی بە هۆکار زانیوە نەک بێ موچەیی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و ئەو هەستی بێزارییەی لای هاوڵاتیان دروست بووە.
هەرچۆنێک بێت، بەر لە چەند مانگێک کابینەی 9 لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، وەک دەڵێت بۆ چاکسازی لە هەرێمەکەدا، بەڵام هەر زوو ئەم هەوڵانە بوونە هۆکارێکی تر بۆ ناکۆکی سیاسی لە هەرێمدا و هەر لایەنێکی سسیاسیش لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە خوێندنەوەی بۆ ئەو چاکسازییە دەکرد.
ئەزموونی دوو هەفتەی ڕابردووی لە هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتیش پاش خۆپیشاندانەکانی شاری دهۆک، ئاستی ناکۆکی و بێ متمانەیی ناو ئەم لایەنانەی هەرێمی کوردستانی نیشانداین.
گوتاری زبر و ڕەق، لێدوانی کوێرانە و پڕ لە جیاوازی، ڕوانینی ئیفلیجیانە و کۆمەڵێک دیاردەی نەخوازراو و شیکردنەوەی بێزارکەر و چەندان شتی تری لەو جۆرە تەواوی جێگەی هەوڵەکانی گرتەوە بۆ هاوسەنگ کردنی ڕەوشە لاسەنگەکە، هەروەها جێی ئەو هەوڵانەیشی دەدران بۆ گوێگرتن لە داواکانی خەڵک.
ئایا لە هەرێمی کوردستانی عێراق خواستێکی ڕژد بۆ چاکسازی هەیە؟
بۆچی ناڕەزاییەکان لە هەرێمی کوردستاندا نەیانتوانیوە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمەکەدا دروست بکەن؟
ئایا گوناهبارکردنی خۆپیشاندەران بەوەی دەستی دەرەکی یان لایەنی ناوخۆیی سیاسی هانیان دەدات، ڕەوایی تیادایە؟
دانا تەیب مەنمی، نوسەر و ڕۆژنامەوانی ئازاد، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5