خەسرەو گۆران: وەزارەتی ناوخۆ دیلەکانی قاعیدەی بە یاسا ڕادەستی موسڵ کردووە، نەک وەکو یەکێتی بە بڕیاری حیزب

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەبەوەدەکات خیتابی سیاسی لایەنە کوردستانیەکان بەرامبەر بەغدا، درزی تێکەوتووە و خەریکە کورد یەکگرتووی و یەکدەنگی لەدەست دەدات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران دەڵێت" تاکە لایەنی شەرعی بۆی هەبێت دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات، قسە لەسەر مەسەلەکانی نێوان هەرێم و عێراق بکات، حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمیەکانە."

دەشڵێت"هەر شاندێکی لابەلا دەچێتە بەغدا و قسە دەکات، ئەمە هەڵەیە، جگە لە زیان گەیاندن بە کێشەی کورد، دەستکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان نابێت."

بەرپرسەکەی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد دیاردەی چوونە بەغدا و دانوستانی جیای لایەنەکان نوێ نیە، بەڵکو لەساڵی 2014 ەوە سەریهەڵداوە، بەڵام ئێستا پەرەی سەندووە، وتی"کورد بەیەکگرتوویی نەمایەوە لەبەغدا، پێشتریش من لەبەغدا بووم، هەستم دەکرد خیتابی یەکگرتوومان نیە، جێی داخە لایەنی سیاسی هەبوو، هەڵوێستی جیاوازی هەبوو، گوێی بەڕاسپاردەکانی هەرێم نەدەدا، بۆ نموونە ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی، دەنگمان بە ئیقالەکردنی پارێزگاری موسڵ نەدا، دەنگمان بە ئیقالەکردنی خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری نەدا، دەنگمان بە یاسای حەشدی شەعبی نەدا، کەچی لایەنەکانی تر لەگەڵی بوون."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە پارتی هەمیشە وەفدی حیزبی ناردووەتە بەغدا و بەجیا هەوڵی دانوستانی داوە، بەتایبەت ساڵی 2018 وەفدێکی بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی نارد، بۆچی بۆ پارتی حەڵاڵ و بۆ لایەنەکانی تر حەرام بێ، خەسرەو گۆران وتی"بەڵێ، شاندی پارتی ساڵی 2018 بەسەرۆکایەتی کاک فازڵ ڕۆیشتە بەغدا، خۆشم ئەندامی شاندەکە بووم، شاندەکە حیزبی بوو نەک حکومی، تەنها بۆ پەرەدان بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ چەند لایەنێک ڕۆیشتین."

وتیشی"ڕۆژێک دوای شاندەکەی ئێمە، وەفدێکی یەکێتیش بەسەرۆکایەتی کاک مەلا بەختیار هاتنە بەغدا، هەر زوو پێش هاویشتنی هەر هەنگاوێک، هەوڵێ هەماهەنگیمان دا، ئەگەرنا، پارتی شاندی حیزبی نەناردووە، بەڵکو بۆ کێشەکان شاندی حکومەت ڕۆیشتوون، ئێمە لەگەڵ ناردنی شاندی حیزبی نین."

ڕادەستکردنەوەی 176 زیندانیکراوی تۆمەتبار بە تیرۆر لەلایەن یەکێتی یەوە بە ئیدارەی کەرکوک، مشت و مڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی یان گەرمتر کردەوە، پارتی ڕەخنە لەو هەنگاوەی یەکێتی دەگرێت، یەکێتیش بەوە وەڵام دەداتەوە کە پارتیش پێشتر هەمان هەنگاوی ناوە، لەوبارەیەوە خەسرەو گۆران دەڵێت"پارتی کێی بەرداوە؟ کوا بەڵگە؟ گەر نەتوانیت بەرگری لەخۆت بکەیت، حەتمەن تۆمەت بۆ لایەنی بەرامبەر هەڵدەبەستیت، ئەوەی داعش بەسەر کوردی هێنا کارەسات بوو، تائێستاش خوشکانی ئێزدیان لاماوە، پێشمەرگەی دیلیان کوشتووە و سەربڕیووە، زۆر هەڵەیە مێژووی خۆمان لەبیر بکەین، بەئاسانی تاوانبارەکان ڕادەستی عەرەبی شۆڤێنی بکەین."

سەبارەت بەوەی کە بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن، پرۆسەکە لەلایەن حکومەتەوە و بەنێوەنگیری حیزب کراوە، بەرپرسەکەی پارتی جەختیکردەوە"کاک قوباد جێگری سەرۆک وەزیرانە، گەر ئاگادار بایە، خۆ دەبوو مەسەلەکەی پێشوەخت لەنێو ئەنجومەنی وەزیران یان لەگەڵ خودی سەرۆکی حکومەت باسکردبا."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، ئاماژەی بەوەکرد ڕادەستکردنەوەی 176 تۆمەتبارەکەی تیرۆر بڕیارێکی تەواو حیزبی بووە، گەر هەرێم شتێکی وای بکردایە، لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە دەیکرد، وتی"من پێشتر لەموسڵ جێگری پارێزگار بووم، ماوە ماوە وەزیری ناوخۆ تەلەفۆنی بۆ دەکردم، دەیگوت: ئەوەندە دیلی قاعیدەی موسڵمان لایە، بەڵگەو زانیاریمان نیە لەسەریان، کاتی خۆی ئەمەریکاییەکان ڕادەستیان کردووین، ئێمە ڕادەستی ئێوەی وەکو حکومەتی موسڵ دەکەین، ئاوا کار دەکرێ، نەک وەکو ئەوەی ڕوویدا."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆڕان ئاماژەی بەهەوڵەکانیان بۆ دانانی فواد حسێن بە وەزیری دەرەوەی عێراق کرد، ڕوونیکردەوە وەکو پارتی هەندێ پرەنسیپیان هەیە لە ناوی کەسەکان گەورەترە، بۆیە ئەوان مەسەلە وەکو مەسەلەی شەخسی فواد حسێن نابینن، بەڵکو وەکو ئێرادە لێی دەڕوانن، وتی"ناکرێت لەبەغدا خەڵکمان بۆ دابنرێت، وەکو چۆن لەسەردەمی بەعسدا تەها محیەدین مەعروف بۆ کورد دانرابوو، گەر بەغدا دەیەوێ کورد شەریک بێت، کورد ئازادە لە ناردنی نوێنەری خۆی."

هەروەها وتیشی"کازمی کەسێکی باشە، ئێمە دەزانین فشارەکان لەکوێن، لەو لایەنانەوەن کە گێچەڵ بەهەرێم دەکەن، نازانم بۆ هەر ناوێک پارتی بیەوێت داینێت، لۆبی لە دژ دەکرێت و تابوری پێنجەمی بۆ دروست دەکرێت، هەموو شتێک دەکرێت تا دەستنیشانکردنە تێپەڕ نەبێ."

Your browser doesn’t support HTML5

dilshad anwar