د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: نه‌ له‌ ئێستا و نه‌ له‌ ئاینده‌دا داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆ ناكه‌ین

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر- پارێزگاری سلێمانی

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت " نه‌ له‌ ئێستا نه‌ له‌ ئاینده‌ داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ دوای 6/6 ناكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، به‌ڵكو به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن له‌لایه‌ن داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌روه‌ها هه‌موو لایه‌ك هاوكارمان بن بۆ هۆشیاری ته‌ندروستی تا ئاستی خۆپارێزی خه‌ڵك به‌هێزبێت ئه‌و دۆخه‌ به‌وجۆره‌ تێده‌په‌ڕێنرێت نه‌ك به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، ده‌شڵێت" به‌هیچ جۆرێك ڕه‌وایه‌تی ناده‌ین به‌وه‌ی كه‌ ململانێ وهیچ ئه‌جێندایه‌كی سیاسی تێكه‌ڵ به‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستیه‌بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی گه‌شه‌ و گره‌نتی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌یه‌ جدیه‌تی هاوڵاتیانه‌ له‌ دۆخه‌كه‌وه‌ تێگه‌یشتنی ته‌واویانه‌ له‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، وه‌ پابه‌ندبوونی پێویستیانه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌، تا ئێستا نه‌ به‌ڕه‌سمی و نه‌ به‌ ناڕه‌سمی سه‌ركه‌وتنمان به‌سه‌ر كۆرۆنا-دا له‌سلێمانی ڕانه‌گه‌یاندووه‌ "د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر واده‌ڵێت"

" دۆخی سلێمانی له‌ژێر چاودێری ورددایه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكادا پارێزگاری سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی شاره‌كه‌ پاش تۆماركردنی ڕێژه‌یه‌كی به‌رزی توشبوو به‌ كۆرۆنا ڤایره‌سه‌، ده‌ڵێت" دۆخی ته‌ندروستی له‌ سلێمانی له‌ژێر چاودێرێكی وورددایه‌، له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆر به‌هۆی فایرۆسی كۆرۆناوه‌ تووشبوون له‌ 13/5 ه‌-وه‌ تا ئێستا كه‌ من قسه‌ ده‌كه‌م 234 كه‌س تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بوون ، 211 كه‌سیان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، 21 كه‌سیان چاكبوونه‌وه‌ ، وه‌ دوو كه‌سیشیان گیانیان له‌ده‌ستداوه، بارودۆخه‌كه‌ له‌ژێر چاودێری وورددان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ سنوردار بكرێت."

"پێویست به‌ خۆپارێزی زیاتر ده‌كات له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین مه‌ترسیه‌ زۆره‌كانی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ "

د.هه‌ڤاڵ ده‌شڵێت" ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامداین ، وه‌كو فه‌رمانگاكانی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ، لایه‌نی ته‌ندروستی وه‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ی كه‌ هه‌ن كاری پێویستمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكاره‌كان توندتر بكرێن، لێپرسینه‌وه‌ و پشكنین و "سامپڵ" وه‌رگرتن ، "سكرینیین" زۆرتر بێت، وه‌ ڕێ و شوێنی توند به‌رامبه‌ر هه‌ر شوێنێك بكرێت كه‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌ریه‌كه‌وتن و تێكه‌ڵاوبوون و قه‌ڵه‌باڵغی وتێكدانی ڕه‌وشه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ وه‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌، وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا به‌شێكی گه‌وره‌ی كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی "هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست" كه‌ تا ئاستێكی باش له‌ پابه‌ندی و خۆ ڕاگری و خۆپارێزیان ئه‌نجامداوه‌، له‌ئێستادا پێویست به‌ خۆپارێزی زیاتر ده‌كات له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین مه‌ترسیه‌ زۆره‌كانی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌."

"هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشببوان له‌سلێمانی "

ده‌رباره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووانی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌سلێمانی؟ پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێث" هۆكاره‌كان زۆرن، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك به‌ ڕێكاره‌كانه‌وه‌، ڕۆڵی هه‌ندێك ناوه‌ند ده‌توانم بڵێم میدیایی و "فیگه‌ری سیاسی و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ به‌كه‌م گرتنی ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ و دروستكردنی له‌ وێنه‌یه‌كی به‌شێوه‌یه‌كی كه‌ په‌تایه‌ك له‌و جۆره‌و له‌و ئاستی مه‌ترسیه‌دا له‌ سلێمانی و هه‌رێمی كوردستاندا نیه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر خۆپارێزی خه‌ڵك هه‌بێت، وه‌ حاڵه‌تێكی تریشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سروشتی ڤایره‌سه‌كه‌ وایه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی زۆردا نیشانه‌كانی ده‌رناكه‌وێت، كه‌سێك هه‌ڵگری ڤایره‌سه‌كه‌ ده‌بێت و چاكیش ده‌بێته‌وه‌ و پێی نه‌زانیوه‌ كه‌ هه‌ڵگریه‌تی و به‌ڵام چه‌ندین كه‌سی تووش كردووه‌، ئه‌وان ئه‌و لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌ و نیشانانه‌ی هه‌یانه‌ قورس تر ده‌یگرن ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ سه‌رچاوه‌ی تووش بوونه‌كه‌یان وون بێت، به‌شێكیشیان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی و هه‌رێمه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ، به‌شێكیشیان ئه‌وانه‌ كه‌ به‌ركه‌وته‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هه‌بووه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌كاتێكدا سنوره‌كان به‌فه‌رمی نه‌كراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی هاتونه‌ته‌وه‌ به‌چ ڕێگه‌یه‌ك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شاره‌كه‌؟ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت" به‌شێك له‌وانه‌ی كه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ی ڕه‌سمی له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌، وه‌ هه‌ركه‌سَك له‌شاره‌كه‌ی خۆیدا كه‌ره‌نتینه‌ كراوه‌، به‌ڵام وه‌كو وتم به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ژێرچاودێری ورددابوون، نیشانه‌كانیان لێده‌ركه‌وتووه‌ و چاودێری ده‌كرێن، به‌شێكیشیان ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ هاتوچۆی ئه‌و كه‌سانه‌یان كردووه‌ كه‌ زۆرجار ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سنوردار بكرێن ، ئه‌و داب و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ جوانانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ له‌م دۆخه‌دا ده‌بێت ڕایان بگرین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان."

"تا ئێستا نه‌ به‌ڕه‌سمی و نه‌ به‌ ناڕه‌سمی سه‌ركه‌وتنمان به‌سه‌ر كۆرۆنا-دا له‌سلێمانی ڕانه‌گه‌یاندووه‌ "

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبكر وه‌ڵامی هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ده‌داته‌وه‌ كه‌ ده‌وترێت له‌كاتێكدا له‌پێشتر له‌ سلێمانی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆرۆنا ڤایره‌سدا ڕاگه‌یه‌نرا به‌ڵام ئێستا دۆخی شاره‌كه‌ به‌وجۆره‌یه‌؟ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تاوه‌كو ئێستا یه‌كه‌م شوێنیین له‌ عێراقدا ده‌ستمان به‌خۆ پارێزی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن كردووه‌، تا ئێستا نه‌ به‌ڕه‌سمی و نه‌ به‌ ناڕه‌سمی سه‌ركه‌وتنمان به‌سه‌ر ڤایره‌سه‌كه‌دا ڕانه‌گه‌یاندووه‌، وه‌ هه‌موو جارێك وتوومانه‌ تاوه‌كو تاكه‌ كه‌سێك له‌م جیهانه‌ هه‌بێت و هه‌ڵگری ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ بێت، مه‌ترسیه‌كان بۆ تووشبوونی خه‌ڵك به‌ كۆرۆنا ڤایره‌س به‌رده‌وام ده‌بێت."

" ئه‌وه‌ی گره‌نتی تێپه‌ڕبوونی ئه‌م دۆخه‌یه‌ دوو شتن "

پارێزگاری سلێمانی ده‌رباره‌ی پلانی-یان بۆ دوای واده‌ی كۆتایی هاتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌ڵێت" دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ی قه‌ده‌غه‌یه‌ پلانی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكاری وردتر ده‌ربكه‌ین به‌تایبه‌تی بۆ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، بۆ "هاوڵاتیانی به‌ڕێز" ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گره‌نتی تێپه‌ڕبوونی ئه‌م دۆخه‌یه‌ دوو شتن، یه‌كه‌م توند كردنی ڕێكاره‌كان له‌لایه‌ن داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌، دووه‌م به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی خۆپارێزی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌."

"ئه‌م دۆخه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت "

د.هه‌ڤاڵ جه‌ختی كرده‌وه‌" ئێمه‌ پێمان وایه‌ ، ئه‌م دۆخه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كۆنتڕۆڵ ناكرێت، به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن له‌لایه‌ن داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌روه‌ها خۆپارێزی هاوڵاتیان ئه‌و دۆخه‌ تێده‌په‌ڕێنرێت نه‌ك به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ."

به‌ڵام ئه‌وه‌شی وت" ئێمه‌ پشتیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌ندروستیمان كردووه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستیانه‌ و زانستیانه‌یه‌ بۆ سنورداركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هه‌ڵگری ڤایڕه‌سه‌كه‌ن و ده‌رفه‌تدان به‌ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی كه‌ تووشبوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتر له‌نێوان هاوڵاتیاندا ڕوونه‌دات، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش هه‌ڵگری ڤایره‌سه‌كه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ مایه‌ی سه‌ردانی چه‌ندین شوێن و دوكان و بازاڕ بكات و ژماره‌یه‌كی زۆر تووش بكات، بۆ سنوردار كردنی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانیین ده‌ركه‌وته‌ و لێكه‌وته‌كانی ئه‌نجامی ئه‌م قه‌ده‌غه‌یه‌ چ ئامارێك ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌وه‌ دواجار پێمان ده‌ڵێت كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ چه‌ند توانیویه‌تی ئه‌و بارودۆخانه‌ كۆنتڕۆڵ بكات؟"

"نه‌ له‌ ئێستا نه‌ له‌ ئاینده‌دا داوای درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوی هاتوچۆ ناكه‌ین "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا، ئایا داواده‌كه‌ن له‌دوای واده‌ی كۆتای هاتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ 6/6 قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكرێته‌وه‌؟ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبكر ده‌ڵێت" نه‌خێر ئێمه‌ نه‌ له‌ئێستادا داوامان كردووه‌ وه‌ نه‌ له‌ ئاینده‌شدا داوای ده‌كه‌ین، وه‌كو وتم بڕوای ئێمه‌ و پلانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ده‌سته‌بژێری كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و ڕۆشنبیره‌كان پشتیوانمان بن له‌وه‌ی كه‌ وشیاری ته‌ندروستی وئاستی خۆپارێزی خه‌ڵك به‌هێزبێت، خه‌ڵك خۆی ببێت به‌ پزیشكی خۆی و ببێت به‌ ئاسایشی پاراستنی گیانی خۆی ببێت به‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی گیانی مرۆیی خۆی، كه‌سێك به‌ پاراستنی خۆی ده‌توانێت ژیان و جیهان وخه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شی بپارێزێت."

" به‌هیچ جۆرێك ڕه‌وایه‌تی ناده‌ین به‌وه‌ی كه‌ ململانێ وهیچ ئه‌جێندایه‌كی سیاسی تێكه‌ڵ به‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستیه‌بكرێت."

"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ ئاستی خۆپارێزی به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ له‌ هه‌موو ئه‌جێندایه‌كی سیاسی وململانێی سیاسی ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌جێندایه‌كی سیاسی به‌رژه‌وه‌ند و په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ر كارنامه‌ و به‌رنامه‌ی هێزێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستیه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاسایشی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی گشتی وهه‌موو هاوڵاتیانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌هیچ جۆرێك ئێمه‌ ڕه‌وایه‌تی ناده‌ین به‌وه‌ی كه‌ ململانێ وهیچ ئه‌جێندایه‌كی سیاسی تێكه‌ڵ به‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستیه‌بكرێت." د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر واده‌ڵێت"

"ئێمه‌ به‌رنامه‌ی خۆمانمان داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی بڕیاری پێویستین له‌و باره‌یه‌وه‌ "

پارێزگاری سلێمانی وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌هه‌ندێك خه‌ڵكی كاسبكار ده‌ڵێن پابه‌ندنابین به‌بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ چونكه‌ كرێی دووكان و خزمه‌تگوزارییان له‌سه‌ره‌ مانگانه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ د.هه‌ڤاڵ ده‌ڵێت" ئێمه‌ به‌رنامه‌ی خۆمانمان داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی بڕیاری پێویستین له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م بارودۆخه‌ ته‌ندروستیه‌ ته‌نها له‌ سلێمانی و كوردستان نیه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكی گه‌وره‌و پێشكه‌وتووی دنیاشدا ببینیت، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ بژێوی تاك وبه‌ ئابوری ده‌وڵه‌ت گه‌یاندووه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی خۆجێی به‌ پشتیوانی خكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وسا له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایره‌سه‌دا هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بووبن و هه‌موو تواناكان له‌و پێناوه‌دا خه‌رج كرابن كه‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ و سنوردار بكرێت، له‌ ئێستادا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایره‌سه‌كه‌وه‌ دوو لێكه‌وته‌ی تری هه‌بووه‌ كه‌ له‌خۆی مه‌ترسیدارترن، ئه‌ویش خراپكردنی بژێوی و داهاتی خه‌ڵك هه‌روه‌ك خراپكردن و زیانگه‌یاندن به‌ داهات و ئابوری ده‌وڵه‌ت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ده‌بێت له‌هه‌وڵی پاراستنی هاونیشتمانیانی و پاراستنی ته‌ندروستی گشتیدا بین و له‌ هه‌وڵی سنوداركردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌دابین له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ هه‌وڵی باشكردنی بژێوی خه‌ڵك و باشكردنی ئابوری ده‌وڵه‌تیشدا بین."

هه‌روه‌ها پارێزگاری سلێمانی ئه‌وه‌شی وت " به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی دوێنێوه‌ له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، وه‌ هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌ك له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌دا به‌ سه‌رپێچی داده‌نرێت، چ داواكاری گشتی و چ لایه‌نه‌ كارگێڕییه‌كان ڕێكاری پێویست ده‌گرنه‌به‌ر چونكه‌ ئه‌مه‌ی كه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ته‌ندروستی خودی ئه‌و كه‌سه‌شی كه‌ پابه‌ند نابێت، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ ڕێكارێكی ئه‌منی و ئابوری نییه‌، ئه‌مه‌ ڕێكارێكی ته‌واو ته‌ندروستییه‌. "

سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌كه‌یان كه‌ وه‌ك خۆی وتی داومانه‌ته‌ حكومه‌ت د.هه‌ڤاڵ ده‌ڵێت " به‌رنامه‌ی خۆمان به‌وردی داوه‌ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 22/2 وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر به‌شێكی داوه‌ و به‌شه‌كه‌ی تری له‌ژێر دیراسه‌كردندایه‌. كرێی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌رفه‌تی كاركردن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت، دابین كردنی موچه‌ له‌كاتی خۆیدا، دابین كردنی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستیه‌كان، قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ زیانیانی به‌ركه‌وتووه‌، دابینكردنی هاوكاری و پشتیوانی ماڵی و خۆراكی بۆئه‌و خێزانانه‌ی كه‌به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌وه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ هیچ ده‌ره‌تانێكی تری ژیانیان نییه‌ وه‌ كۆمه‌ڵێك شتی تره‌ كه‌ ئێمه‌ چه‌ندین جار له‌ ڕابردوودا به‌وردی هه‌موویانمان بڵاوكردۆته‌وه‌. "

"حاڵه‌تی گه‌ش له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌دا ئه‌وه‌یه‌ ... "

له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر تشكی خسته‌ سه‌ر حاڵه‌تێكی گه‌شی ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووانی كرۆنا، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت " ئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی گه‌شه‌ و گره‌نتی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌یه‌ جدیه‌تی هاوڵاتیانه‌ له‌ دۆخه‌كه‌وه‌ تێگه‌یشتنی ته‌واویانه‌ له‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، وه‌ پابه‌ندبوونی پێویستیانه‌ به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌وه‌، وه‌ هه‌ماهه‌نگی داموده‌زگاكانی حكومه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌ردوولا بتوانین ئه‌م دۆخه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ تێپه‌ڕێنن، به‌ به‌شداریكردنیانه‌ له‌وه‌ی چۆن به‌هه‌موو لایه‌ك بتوانیین مه‌ترسیه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و سنورداری بكه‌ین. "

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر Jun 2/020