تادێت ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوچە جیاجیاکانی کەرکوک و سنوری گەرمیان ڕوو لە هەڵکشانە، حکومەتیش چاوەڕوانی زیاتر بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبووان دەکات.
هەرچەندە پێشتر حکومەت ڕێوشوێنی توندی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتبووە بەر، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی خەڵک و ڕێنەگرتن لە ئیش و کار، ڕێوشوێنەکان گەرچی بەردەوامن، بەڵام ئاسانکاریان تێدا کراوە.
48 توشبوو لەکەرکوک
دکتور بورهان عومەر ئەندامی تیمی تەندروستی کەرکوک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە نەخۆشخانەکانی کەرکوک، 48 توشبوومان بە کۆرۆنا هەیە، هەموویان وەزعیان باشە، تەنها 3 کەسیان لە ژێر چاودێری ورددان و بارودۆخیان ناجێگیرە."
وتیشی"ژمارەی توشبووان لەکەرکوک تا ئێستا گەیشتووەتە 121 کەس."
شاری کەرکوک یەکێکبوو لەو پارێزگایانەی کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، 4 توشبووی تێدا ڕاگەیەنرا، هۆکاری ئەمەش بۆ بوونی هاتووچۆ لەنێوان دانیشتوانی ئەو شارە و وڵاتی ئێران گێڕدرایەوە.
دکتۆر بورهان عومەر، ئاماژەی بەوەکرد بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سنوردار کرا، ئەگینا هەر هەبووە و بنەبڕ نەکرا، وتی"ئێستا بڵاوبوونەوەکە لەتەواوی ناوچەکەدا ڕووی لە هەڵکشانە، گرفتەکە ئەوەیە ڤایرۆسەکە خۆی دەگۆڕی، ئەمجارە دڕندە ترە لەجاری پێشوو."
15 توشبوو لە گەرمیان
کاتێک لە سەرەتاوە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لەناوچەی گەرمیان هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەمجارە ڤایرۆسەکە لەو ناوچەیەش بڵاوبووەتەوە.
وریا عەلی جێگری نەخۆشخانەی گشتی کەلار، بەدەنگی ئەمەریکای وت" 15 توشبوو بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی کەلار هەبوون، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە."
وتیشی"لەنێو ئەو نەخۆشانەدا کە لە کەلارن، ژمارەیەکیان نیشانەی نەخۆشیەکەی لەسەر دەرکەوتووە، بەڵام ژمارەیەکیان هیچ نیشانەیەکیان نیە."
بەپێی وتەی جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار، هۆکاری زۆرێک لە توشبووەکان بەرکەوتنیانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی عێراق، وتی"بەڵام سەرچاوەی توشبوونی هەندێکیان نادیارە."
هۆکاری هەڵکشانی ژمارەی مردووان
شارەزایەکی بواری پزیشکی، هۆکاری هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لەعێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ تێکەڵ بوونی خەڵک و ئاسانکردنەوەی ئامرازەکانی هاتووچۆ دەگێڕێتەوە.
ئەیاد محەمەد عەلی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بایۆتەکنەلۆژی لە لەندەن، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڤایرۆسەکە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوەی پێشتر بڵاوبوویەوە، هەمان ڤایرۆسە."
وتیشی"پێشتر ژمارەی توشبووان کەمبوو، بۆیە رێژەی گیان لەدەستدانیش کەمبوو، بەڵام ئەمجارە توشبووان زیاترە، بۆیە ژمارەی مردووان ڕووی لەهەڵکشان کردووە."
هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتێکدایە، هێشتا بەشێکی زۆر لەدانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش متمانەیان بەمەسەلەکە نیە، بەگومانەوە لە داتا و ئامارە بڵاوکراوەکان دەڕوانن.
Your browser doesn’t support HTML5