ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە پارێزگای کەرکوک و ناوچەی گەرمیان تا دێت زیاد دەکات، حکومەتیش بەردەوامە لە ڕێوشوێنەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بەری پێ بگیرێت.
110 توشبوو لەکەرکوک
ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک گەیشتووەتە 196 کەس، لە ئێستادا 110 توشبوو لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و 7 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان لەکەرکوک بەردەوامیان هەیە، دەوامی فەرمانگە حکومیەکان ڕاگیراوە، جگە لە هێزە ئەمنیەکان بەتەواوەتی لە ئەرکدان و کارمەندانی تەندروستیش 50%یان دەوامیان پێ دەکرێت.
دلێر شوانی ئەندامی شانەی قەیرانە تەندروستیەکان لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕێوشوێنە توندەکان تا 13 ی مانگ بەردەوامیان دەبێت، ڕەنگە دواتر ڕێوشوێنەکان ئاسانکاریان تێدا بکرێت."
84 توشبوو لەگەرمیان
ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوچەی گەرمیان تا دێت ڕوو لە هەڵکشان دەکات، ڕۆژانە وەزارەتی تەندروستی هەرێم توشبوانی نوێی ڤایرۆسەکە ڕادەگەیەنێت و توشبووی گەرمیانی تێدایە.
دکتۆر هاوار هۆشیار بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە ئێستادا نەخۆشخانەی گشتی کەلار 84 توشبووی بە کۆرۆنا تێدایە، ژمارەیەک توسبوویش پشکنینەکانیان هاتووەتەوە، بەڵام خۆیان ڕادەست نەکردووە، بۆیە پۆلیس و ئاسایش ئاگادار دەکەینەوە."
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە نەخۆشیە گوازراوەکان کە ژمارەیەک توشبووی کۆرۆنای تێدایە، ئەمڕۆ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەهۆی گرفتی کەمی کارمەندی تەندروستیەوە، دەرگای نەخۆشخانەکە لە توشبووان داخراوە و هیچ کارمەندێکیان لانەبووە.
لەوبارەیەوە، دکتۆر هاوار وتی"چەند کارمەندێکمان ناردووەتە ژوورەوە بۆ لای توشبووان، بەڵام ئیدارەدان بەمشێوەیە ناکرێ، پێویستمان بە دامەزراندنی کارمەندی تەندروستی هەیە."
Your browser doesn’t support HTML5