تیرێژ: دۆسێی پەنابەران لە جیهاندا

لەگەڵ هەروادێ و زۆربوونی شەپۆلی پەنابەران لە جیهاندا بەردەوام ئەو داوایەش هەیە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پلانی جیهانیانەی هەبێت بۆ لە ئەستۆگرتنی دۆسێی پەنابەران.

لە جیهاندا بە ملیۆنان پەنابەر هەن، بەشێکیان بە شوێن دەرفەتەکانی ژیاندا دەگەڕێن و دەخوازن لە وڵاتێکی تردا نیشتەجێ ببن، بەشێکی تریش لە پەنابەران بەهۆی شەڕ و شۆڕ و قەیرانی دیموکراسی و ڕەوشی ئاسایشیەوە زێدی خۆیان جێدەهێڵن و پەنا دەبەنە بەر وڵاتێکی تر، کەمیش نین ئەوانەی قەیرانی ئابوری و دارایی یان خراپی فەرمانڕەوایەتییەکان ناچاریان دەکەن خۆیان بدەنە دەست قەدەرێکی نەزانراو و ڕێی خۆیان لەناو مەترسییەکاندا ببڕن.


میوانی بەرنامە:

شوان حەمە، نوسەر و ڕۆژنامەوان

ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕێگە سەختانەدا بۆ گەڕان بەشوێن ژیانێکی تردا گیان لەدەستدەدەن و ئامارەکان ژمارەی تراژیدیمان نیشان دەدەن.

Your browser doesn’t support HTML5

تیرێژ: دۆسێی پەنابەران لە جیهاندا

گەیشتنە هەر وڵاتێک بەو مانایە نییە کە کەسی پەنابەر ژیانی مسۆگەرە، زۆر جار ڕوویداوە پەنابەر نێردراوەتەوە بۆ وڵاتی خۆی و ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی قورستری یاسایی بۆتەوە، ئەمە بێ لەوەی دیارەدەی کردنی پەنابەر بە سیخوڕ بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو.

لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا وەک زۆرێک لە چالاکوانان ئاماژەی پێدەکەن بابەتە هەرە سەرەکییەکەی سەنگیی دەخرێتە سەر، بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی تایبەتن بە پەنابەران، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی گلەیی و گازەندەیەکی زۆری هێناوەتە ئاراوە بەرامبەر دەزگا جیهانییەکانی کار لەسەر دۆسێی پەنابەران دەکەن.

لەبیرمان نەچێت لە ئێستادا بە ملیۆنان پەنابەر هەن لە ئۆردوگاکاندا ژیانێکی مەمرە و مەژی دەژین، ژیانێک کە دەکرێت بگوترێت بێبەش کراون لە هەموو پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ.

ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان بە چ شێوەیەک دەتوانێت سەروسەودا لەگەڵ دۆسێی پەنابەراندا بکات، تا وڵاتەکان پەنابەران نەکەنە کارتێکی فشاری سیاسی بەدەست خۆیانەوە؟

ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان چیی کردوە و دەتوانێت چی بکات بۆ نیشتەجێکردنەوەی پەنابەران لە وڵاتانی تردا؟

ئایا پێکدادانی کلتورەکان چەندێک کاریگەری هەیە بەسەر دۆسێی پەنابەرانەوە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا؟

بۆچی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا هەستی دژە پەنابەر لە پەرەسەندندایە؟

شوان حەمە، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی تیرێژ، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە.