سەرچاوە فەرمییەکان و نافەرمییەکانیش لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژە بە بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی پەتای کۆرۆنا دەکەن.
هەرچەندە لە سەرەتادا دەگوترا ژمارەی توشبووان و گیان لەدەستدانیش زۆر کەمن بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڵکشانێکی گەورە هەیە هەم لە توشبوون بە کۆڤید 19 و هەمیش لە ژمارەی گیان لە دەستداندا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.
میوانی بەرنامە:
کنێر عەبدوڵا، نوسەر و لێکۆڵەر
لە سەرەتادا دانیشتوانی هەرێم وابەستە بوون بە ڕێنوماییەکانەوە، بەڵام پاش هێورکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانەی گیرابوونەبەر بۆ خۆپاراستن و سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، جارێکی تریش شەپۆلی ئەم پەتایە بە هەرێمی کوردستاندا بڵاودەبێتەوە و تەنانەت ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە پێشتر هیچ توشبوونێکی تیادا تۆمار نەکرابوو.
هەرچۆنێک بێت، وەک کاربەدەستانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن؛ هۆکاری ئەم هەڵکشانە وابەستە نەبوون و جێبەجێنەکردنی دانیشتوانە بە ڕێنومایی و ڕێوشوێنەکانی دانراون بۆ خۆپاراستن.
جا هەر ئەمە خۆی جێی پرسیارێکی گەورەیە؛ بۆچی خەڵک وابەستەی ڕێنوماییەکان نابێت؟
Your browser doesn’t support HTML5
بێگومان ئەم پرسیارە ژمارەیەک ڕەهەند لەخۆ دەگرێت و بە هەمان شێوە وەڵامدانەوەکەیشی هەر تەنها لە ڕووی تەندروستییەوە نابێت، بەڵکو پەل دەهاوێژێت بۆ زۆر بواری تری وەک سیاسەت، فەرمانڕەوایەتی، ئابوری، متمانە، کۆمەڵایەتی، دارایی و خوێندن و پەروەردە و ژمارەیەک بواری تریش.
لە نێوەندی ئەم هەڵکشانەی پەتای کۆرۆنادا، هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیرانگەلێکی قوڵدا دەژی، وەک زۆرێک لە چاودێر دەڵێن لەوەتای کورد لە عێراقدا فەرمانڕەوایەتی خۆی دەکات، کێشە و قەیرانەکان هێندەی ئێستا قوڵ و ئاڵۆز نەبوون، وەک دەڵێن بە ئەندازەیەکە کە ناتوانرێت پێشبینییەکی گەشبینانە بۆ ئایندە بکرێت.
ئا لێرەشەوە ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا خەڵک دەتوانێت چی بکات؟ لە کاتێکدا ئەگەر و نەگەری پێدان یان پێنەدانی موچە دەبێتە سەردێڕە بریقەدارەکەی هەواڵەکانی ڕۆژ.
خەڵک لە بارێکی پشێویدان و نازانن ژیان و بژێوی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، یان خۆیان و خێزانەکانیان لە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا بپارێزن.
کنێر عەبدوڵا، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.