سپەیس ئێکسی ناسا قۆناغی داهاتووی ئەمەریکایە لە گەڕان و دۆزینەوە لە واڵایـیدا

ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە

سەرۆک دانۆڵد ترامپ ستایشی ئەو هاوبەشییە پێشەنگییەی نێوان ناسا و سپەیس ئێکسی کرد، دەڵێت"ئەم هەڵدانی موشەکە، خاڵێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ گەڕان و دۆزینەوە لە واڵاییدا."

Your browser doesn’t support HTML5

سپەیس ئێکسی ناسا قۆناغی داهاتووی ئەمەریکایە لە گەڕان و دۆزینەوە لە واڵایـیدا

یەکەم کەشتی واڵایی، بە سەرنشینەوە لە ئەمریکاوە هەڵدراوە لە ماوەی 9 ساڵی ڕابردوودا، کەشتی واڵایی "سپەیس ئێکس کرو دراگن" بوو کە ڕۆژی 30 مانگی پێنج هەڵدرا و دوو ئاسمانگەڕی ناسای تیادایە؛ ڕۆبێرت بنکن و دۆگڵاس هێرلی. کەشتییەکە توانی سەرکەوتووانە، پاش 19 کاتژمێر لە هەڵدانی لە وێستگەی نێونەتەوەیی واڵاییدا بنیشێتەوە.

لە لێدوانێکدا پاش هەڵدانی کەشتییەکەی واڵایی، سەرۆک دانۆڵد ترامپ ستایشی ئەو هاوبەشییە پێشەنگییەی نێوان ناسا و سپەیس ئێکسی کرد و دەڵێت " ئەم هاوبەشییە لە نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا، دیارییەکی بێ نمونەیە بۆ گەلی ئەمریکا؛ چونکە کەشتییەکی نوێی واڵایی، ئاسمان گەڕان دەگەیەنێتە شوێنی پێویست لە واڵاییدا، بە خەرجییەکی کەمتر لەو گەشتە واڵاییانەی کەشتییەکانی پێشتر دەیانکرد."

سەرۆک ترامپ دەڵێت "ئەم هەڵدانی موشەکە، خاڵێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ گەڕان و دۆزینەوە لە واڵاییدا." وە دەشڵێت ناسا لە ئێستاوە دەست دەکات بە ئەرکێکی زۆر قورستر و بوێرانەتر بۆ مرۆڤایەتی.

لە ڕێی بەرنامەی "ئارتیمس"ی ناساوە، ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی ئاسمانگەڕانی ئەمریکایی بۆ ئەستێرەی بارام.

کارکردن لەسەر ئامێری ئۆریۆن دەستیپێکردووە وەک بەشێک لە بەرنامەی ئارتیمس، لە مانگەوە بۆ ئەستێرەی بارام، ئەو کەپسولانە یان ئامێرانە بە زوویی ئەمریکاییەکان دەگەڕێننەوە بۆ خولگەی مانگ کە یەکەمین جارە لە ماوەی 50 ساڵدا کارێکی لەم شێوەیە بکرێت.

تا ساڵی 2024 ئاسمانگەڕەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ سەر مانگ، تا لەوێ جێگیر بن و بنکەیەکی هەمیشەیی بۆ چوون بەرەو ئەستێرەی بارام دابمەزرێنن.

سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی گەشتکردن بە واڵاییدا هەر تەنها دەستکەوتێکی ئەندازیاریانە نییە، بەڵکو وەک دەڵێت "هەوڵێکی ئاکاریانەیە، پێوانەیەکە بۆ دنیابینی گەلی ئەمریکا و هێز و پێگەی ئەو گەلە لە جیهاندا."

گەڕان و دۆزینەوە، تاقیکردنەوەیەکە بۆ بەهاکانمان و بڕوابوونمان. ئەمریکا وڵاتێکە بە وابەستەبوون بە گەڕان و دۆزینەوە و ئاشکراکردنی نەزانراوەکان و دیاریکردنی شتە پەنهانەکان و تێپەڕاندنی سنورەکان و گەیشتن بە دەربڕینی تەواوەتی بۆ شیانەکانی ژیان؛ پێناسە دەکرێت و هەروەهاش بە دڵنیابوون لەوەی ئەمریکا ئەو وڵاتەیە کە هەمیشە لە پێشەنگی ڕێگەبڕینەکاندایە و بەتایبەتیش لە واڵاییدا.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، ئەمریکا بوێرانە گەڕان و دۆزینەوە دەکات لە سنورە نوێیەکاندا کە بە واڵایی ناودێر کراوە، لە کاتێکدا ئاسمانگەڕە ئازاکانی ئەمریکایی، زەوی دەهەژێنن و ڕێگەیەک لە ئاسماندا بە گڕ و ئاسن ڕۆشن دەکەنەوە، بە هەمووانی ڕادەگەیەنین تا گوێیان لێبێت، هێشتا ئەزموونی تەواوەتی گیان و توانایی ئەمریکایی نەبینراوە، هێشتا جیهان شکۆی ڕۆحی ئەمریکایی نەبینیوە. بۆ وڵاتەکەمان و بۆ منداڵەکانیشمان و ڕێبازی مرۆڤایەتیش، وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت "هێشتا باشترینی کار و ئەرکەکان بەڕێوەن."

ئەم وتارەی ئێستا خوێندتەوە، ڕای حکومەتی ئەمریکایە.