کاردانەوەکان سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر

لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن گرنگترین ئەو خاڵانەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەیەوە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە بابەتی ئەمنی و ئابووریە.

محمەد جەواد زەریف لە میانەی لەسەردانەکەیدا لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆبۆوە.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان ڕاو و بۆچوونی جیاجیای بەدوای خۆیادا هێناوە.

حەمە ساڵح قادری نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" لەم سەردانەدا وەها خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لەسەر پرسی ئەمنیە و بە تایبەتیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان کە فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بەڵام ئەو بابەتە دوو لایەنەیە چونکە ڕژێمی ئێران لە سنورکانی خۆیەوە هیچ کات خۆی بە بەرپرسیار نەزانیوە بەرامبەر تێکدانی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان لە ناردنی خۆراکی ئێکسپایەر و مادەی هۆشبەر و گرتنی ئاو و بەنداوەکانی سەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک شتی تر، داوا دەکات هەرێمی کوردستان یەکلایەنە بەرپرسیاربێت، پێمان وایە ئەم سەردانەی زەریفی ناتوانێت هیچ دەستکەوتێکی هەبێت چونکە ڕژێمی ئێران هیچ پابەندیەکی نییە لە یاسای نێونەتەوەیی و پەیوەندیەکی تەندروستیشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نییە."

دکتۆر ئامانج عەلی مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جیهان بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە سەرلەنوێ جارێکی تر ئێران پەیوەندییەکانی رێکبخاتەوە لەسەر ڕۆشنایی ئەو بەرەوپێشچوونانەی پەیوەندییەکانی حکومەتی نوێی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی نزیکبوونەوەی عێراق لە وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکا، لە لایەکی تریش لەوانەیە ئێران پێویستی بەوە هەبێت لە بری دورکەوتنەوەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان لە خۆی نزیک بکاتەوە و هەروەها لە لایەکی تریش مەسجیکە بۆ تورکیا کە ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانە چونکە تورکیا چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە."

لە میانەی کۆنگرەیەکەی هابەشی ڕۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێز بارزانی ڕایگەیاند "پەیوەندییەکان و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەروەها پێگەو ڕۆڵی گرنگی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا تاوتوێکران" هەروەها بەڕێز بارزانی گوتیشی داکۆکییان لە پێویستی و گرنگی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە کردووە وگفتۆگۆ و لێکتێشگەیشتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەو ئاڵۆزییەکان دووپاتکردۆتەوە و باسیان لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کاریگەریەکانی کرد بە تایبەتی لە بواری ئابوریدا و هەروەها کاریگەریەکانی لە سەر هاتوچۆ و جموجۆڵی دەروازەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و چونیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی" زۆر خۆشحاڵم کە بۆ سێهەمین جار لە میانەی سەردانمدا بۆ عێراق ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخسا سەردانی هەرێمیش بکەم، بۆ ئێمە عێراق بە هەموو نەتەوە و گرووپە مەزهەبی و نەژادیەکانییەوە زۆر ئازیزە و دراوسێیەکی باشە و ئەولەوییەتی سیاسەتی ئێمە عێراقە و دەخوازین کە شاهیدی پەیوەندیی دۆستانە و برایانە و هاوکاری لە ناوخۆی عێراق و نێوان عێراق و ناوچەکە بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران بین."

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی" ئێمە په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکمان له‌گه‌ڵ خوشک و برایانمان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هەیە،‌ په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکی کولتووری و خێزانی و تەنانەت خزمایەتيش، هەروەها په‌یوه‌ندییه‌کی باشی ئابوویشمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا هه‌یه‌ و هاوکاریی ئابووریمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ردەو‌ام له‌ گه‌شه‌سەندندایه‌، دڵخۆشین که‌ ته‌نانه‌ت ڤایرۆسی کۆرۆناش نه‌یتوانیوە ڕێگری له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییەکانمان له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکات و ده‌روازه‌ سنووریییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام کراوه‌ بوون، ئاماده‌ین په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانمان زیاتر گه‌شه‌ی پێبدەین."

ڕۆژی یەکشەممە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەوێ لەگەڵ هەریەکە لە دکتۆر بەرهەم ساڵحسەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن کۆبۆوە.

بەرپرسێکی نێو یەکێتی نشتیمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت" سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف لەم کات و ساتەدا بۆ بەغدا دەرئەنجامی چەندین ئەو هەوڵ و بەرنامەو بڕیاری ئەم دواییانەی کازمیە کەوا بەشی زۆری بڕیارەکان و جموجۆڵەکانی حکومەت لە بەرژەوەندی ئێران و هەژموونەکەی نین بەسەرعێراقدا. تەنانەت هەیمەنەی ئێران بەسەر عێڕاقدا گەیشتە ئاستێک کەوا ئێستا بەشێکی زۆر لە شەقامی شیعی و تەنانەت حزب و لایەنە شیعیەکانیش و هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانیش هەڵوێست وەربگرن و ئەم دۆخەو هەژموونەی ئێران ڕەت بکەنەوە".ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەشڵێت" دوای هاتنی مستەفا کازمی لە عێراقدا دۆخەکە بەجۆرێکە کە ڕەنگە لە ئاست خواست و ئارەزووی ئێران نەبێت وەکو هەنگاوەکانی کازمی بەڕووی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی میلیشیا شیعەکان و کۆتایی هێنانی سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە عێڕاق."