دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، جارێکی تر گۆمی سیاسی عێراقی شڵەقاندەوە، بەو پێیەی زۆرێک لە هێزە گەورە شیعیەکانی عێراق دژی ئەم هەنگاوەن، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵۆزتربوونی دۆخی سیاسی عێراق دەکرێت.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرد، لەکاتێکدا هێشتا لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە.
زۆرێک لەبەرپرسانی عێراق، پێشبینی دەکەن 10 مانگی داهاتوو، پڕبێت لە کێشمەکێش و ئاڵۆزی و تەنانەت ترسیان لە خراپبوونی دۆخی ئەمنیش هەیە، بەو پێیەی هێزە شیعیەکان لەڕووی پێگەی جەماوەری یەوە، ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن، بڕیارەکەی کازمیش وەک قۆستنەوەی هەل لەدژیان تەماشا دەکەن.
بەهار مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیکردەوە مەترسی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق لە ئارادایە، گەر پێکهاتە و لایەنەکان، درک بە مەترسیەکان نەکەن و دەستبەرداری بەشێک لە خواستەکانیان نەبن.
لایەنە شیعیەکان هێندە لە جم و جۆڵەکانی مستەفا کازمی نیگەرانن، پێناچێت هەروا دەستەوەستان بن، بۆیە چاودێران پێیانوایە عێراق لەبەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازدایە، بەشێک پێیانوایە، هێزە شیعیەکان دژی کازمی دەجوڵێن و هەوڵی خستنی حکومەتەکەی دەدەن.
بەشێکی تر پێیانوایە، گروپە شیعیەکان دژی کازمی دەجوڵێن و دۆخەکەی لی ئاڵۆز دەکەن، ڕێگە نادەن جوڵەکانی کازمی بەردەوام بێت، بە تایبەت کازمی پلانی هەیە بۆ 10 مانگی داهاتوو، هەندێک هەنگاوی گەورە لەدژیان بنێت، بەشێوەیەک بۆ هەڵبژاردن لە قاڵبیان بدات.
تێڕوانینێکی جیاوازتر ئەوەیە، گەر وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەندێک لە هێزە عێراقیەکان پشتیوانی کازمی بن، بەتایبەت کوتلەی سەدر و ڕەوتی حیکمە و چەند هێزێکی تر، ڕەنگە کازمی بتوانێت لە هەنگاوەکانی بەردەوام بێت و پلانەکانی جێبەجێ بکات.
محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاریە سیاسیەکان، بڕیارەکەی کازمی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە ئاسایی و مەعقول دەبینێت، بەتایبەت هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لەو خواستانەی حکومەتەکەی کازمی بۆ پێکهێنراوە، دەڵێت" بەڵام دۆخی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەمی، لەوە ناچێت بە ئاسانی ڕێگە بە کازمی بدات، هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدات."
کازمی دەیەوێت هەڵبژاردن بە یاسای نوێ ئەنجام بدرێت، کە یاساکە هەرچەندە لەپەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام هەڵبژاردنی فەردی و شێوازی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن، هێشتا مشت و مڕیان لەنێو لایەنەکاندا لەسەرە.
بەشێک لە لایەنەکان پشتگیری ئەوە دەکەن، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت، بەشێکی تر لەگەڵ ئەوەدان، هەڵبژاردنەکە بکرێتە فرە بازنەیی، هەر قەزایەک گەر ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نەبێت لە 100 هەزار کەس، بکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، هەر ناوچەیەکیش گەر ژمارەی دەنگەکانی کەمتر بێت لەو ژمارەیە، لەگەڵ ناوچەیەکی تردا تێکەڵ بکرێت.
محەمەد حسێن، پێیوایە گەر هەڵبژاردن بە یاسای نوێ ئەنجام بدرێت و ڕێگە بە خۆ هەڵبژاردنی کەسایەتی بدرێت و هەڵبژاردنەکە فرە بازنە بێت، بڕێکی زۆر لەم هێزانە تەواو بچوک دەبنەوە و دونیایەک خەڵکی تازە دێنە پێشەوە، حەشدی شەعبیش هێزی ئێستای نامێنێ، وتی"بۆیە چەندین پرسیاری بێ وەڵام دێنە پێشەوە، ئایا ڕێگە بەم گۆڕانکاریە گەورە دەدرێ؟ ئایا هەوڵی خستنی حکومەتەکەی کازمی پێش گەیشتن بە وادەی هەڵبژاردن نادرێ؟."
بەشێک لەبەرپرسانی عێراق کە دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردوون، پێیانوابوو جوڵەکانی کازمی نیگەرانی لای وڵاتانی ئیقلیمیش دروستکردووە، بۆیە ڕەنگە ئەوانیش ببنە بەشێک لە سیناریۆ و فشارەکانی سەر کازمی، بەتایبەت ناوبراو خواستی هەندێک وڵاتانی ڕەتکردووەتەوە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گرفتانەی وڵاتانی ئیقلیمی بۆی دروست دەکەن، ڕایگەیاند"ناتوانین هیچ قەیرانێک چارەسەر بکەین، تا سەروەری بۆ وڵات نەگەڕێنینەوە."
دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختیش لەلایەن کازمیەوە، وەک چۆن لەڕووی سیاسیەوە دۆخەکەی شڵەقاندووە و هێزە شیعیەکانی توڕە کردووە، لەڕووی یاسایشەوە تێڕوانینی جیا و مشت و مڕی لەسەرە.
بەهار مەحمود کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، وتی"دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەدەسەڵاتی سەرۆک وەزیران نیە، بەپێی دەستور بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، سەرۆک کۆمار داوای هەڵبژاردن بکات، سەرۆک وەزیرانیش وادەی هەڵبژاردن بەجۆرێک لە 100 ڕۆژ تێپەڕ نەکات، دیاریدەکات."
کازمی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی دیاریکرد و پلانی هەیە لەماوەی 10 مانگی داهاتوودا، هەنگاوی جدی و بەشێک لەو بەڵێنانەی داویەتی جێبەجێ بکات، لەبەرامبەریشدا بەشێکی زۆر لەهێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق توڕە و نیگەرانن، بۆیە چاوەڕوانی شڵەقاندنی گۆمی سیاسی عێراق لەداهاتوودا دەکرێت، بەشێوەیەک ململانێکە تەواو توندببێتەوە و بگاتە ئاڵۆزیش.
Your browser doesn’t support HTML5