بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچەكانی چۆمان و سیدەكان و ناوچە سنوریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران زیانێكی زۆر بە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیشتووە.
كاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی كۆماری ئیسلامی، چەند شوێنێكی دەڤەری چۆمانی كردووەتە ئامانج یەكێك لەو شوێنانەش خاڵێكی پێشمەرگەكانی (حدكا) كراوەتە ئامانج و زەرەر و زیانێکی زۆری مادی گەیاندۆتە خەڵكی ئەو ناوچانە، ئامانجی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە كە زەرەر و زیان بگەیەنێتە خەڵك بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا كە ئێران كێشەی ئابوری و نەخۆشی كۆرۆنای هەیە."
بەڕێز بەهرامی دەڵێت" كۆماری ئیسلامی ئەو شوێنانە دەكاتە ئامانج بۆ ئەوەی زەرەر و زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنێت هەربۆیە لەوەڕگە و چادرنشین و شوێنەكانی نیشتەجێ بوون دەكاتە ئامانج تا كێشە بۆ خەڵك دروست بكات، چونکە بنكەكانی ئێمە زۆر دورن لەو شوێنانە"
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەڵیت " هیچ بارەگایەکی جێگیرمان لەو سنورانە نییە، زۆربەی پێشمەرگەكانی ئێمە لە ناو ڕۆژهەڵاتی كوردستانن بە لەبەرچاوگرتنی بارۆدوخی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی كۆماری ئیسلامی کە بۆ تێكدانی ئەو بارۆدوخەیە، هەوڵمانداوە كەمتر لەو ناوچانە كۆببینەوە، ناوچە شاخاویەكانی سیدەكان و برادۆست لە دەڤەری چۆمان بۆردومانكراون، ئێستا وەكو جاران نییە خەڵكی ئەو ناوچانە خانویان دروستکردوە و بۆ گەشت و لەوەڕگە و كاسبی خۆیان دێنە ئەو ناوچانە، بێگومان زیان بە خەڵك دەگەیەنن."
كاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وتیشی" ئەمڕۆ لە كاتژمێر 10:30 تا 2 بەردەوام بەرزاییەكانی بەربزین و سەقەر لە دەڤەری برادۆست بۆمباران و توپبارانكراون و ناوچەی نێوان گەڵاڵە و سیدەكانیش بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆمبارانكراوە و لە ژێر بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەكە قورسەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە".
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5