عەرەب و تورکمان دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن بۆ کەرکوک

هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکێشەلەسەرەکان و کاری هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان دەکات، بەڵام عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک، دژی خواستەکانی هەرێمن و گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕەتدەکەنەوە.

حەسەن تۆران جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەڕانەوەی پێشمەرگە پێچەوانەی دەستورە، پێشمەرگە بەپێی دەستور پاسەوانی هەرێمە، بەڵام کەرکوک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە."

لیژنەکانی هەماهەنگی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە ناو بەناو کۆدەبنەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە، هەماهەنگی و ئەنجامدانی کاری هاوبەشە لەناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام عەرەب و تورکمانەکان دژی هەر ڕێککەوتنێکن، تایبەت بێت بە چوونەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک.

ئیسماعیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کێشەمان لەگەڵ بوونی بازگەی هاوبەش لەدەوروبەری کەرکوک نیە، بەڵام عەرەب و تورکمان ڕازی نین، پێشمەرگە بڕواتە ناو شاری کەرکوک."

مانگی ڕابردوو، پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لەنێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو، بۆشاییەکی ئەمنی فراوانیان بەڕێککەوتن پڕکردەوە، کە هەردوولایان خاڵی سەربازیان لەو ناوچایە دانا، کە پێشتر یەکێک بوو لەو ناوچانەی داعش کردبوویە شوێنی چالاکی خۆی.

لیوا محەمەد ڕێگر فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و دەوروبەری بۆ پاراستنی کوردەکان بەپێویست دەزانێت، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوردەکان سنورەکە چۆڵ دەکەن، گەر پێشمەرگە بەهانایانەوە نەڕوات.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێشمەرگە لە ساڵی 2014 عەرەب و تورکمانی کەرکوکی لەهێرشی داعش پاراست، بەتایبەت پێشمەرگە قەڵغان بوو بۆ تورکمانەکانی کەرکوک، بۆیە ئەوانەی دژی پێشمەرگە قسە دەکەن، ژمارەیان کەمە و شۆڤێنین."

زۆرێک لە بەرپرسانی کورد پێیانوایە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شەنگال و پارێزگای دیالە ئاسانترە، وەک لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و خورماتوو، کە عەرەب و تورکمانەکانی ئەو ناوچەیە دژی ڕێککەوتنی لەو جۆرەن.

زانیاری زیاتر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر