بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک، ئاشکرایدەکات داعش لە عێراق خۆی ڕێکخستووەتەوە، بەرپرس و پێکهاتەی ڕێکخراوەکەی لە ناوچەکان بەتەواوەتی گۆڕیووە و خەڵکی تازەی داناوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر، دەڵێت"بەپێی پێکهاتەکە نوێیەکەی، داعش عێراقی کردووەتە 11 قاتعەوە، بۆ هەر قاتعە و بەرپرس و پێکهاتەی سەربازی تازەی داناوە."
جەختیکردەوە" ڕەنگە لەمەودوا جم و جۆڵ و هێرشی داعش روو لە زیادبوون بکات، پەلامار و هێرشی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر دەزگا ئەمنیەکان ڕوو لە هەڵکشان بکات."
لە پێکهاتە نوێ یەکەی داعش دا، عێراق دابەشکراوە بۆ سەر 11 میحوەر، کە بریتین لە میحوەرەکانی ( بادیە، باشور، ئەنبار، فەلوجە، باکوری بەغدا، بەغدا، دیالە، کەرکوک ، سەڵاحەدین، دیجلە، نەینەوا)
بەپێی ئەو زانیاریانەی دراون بە دەنگی ئەمەریکا، داعش پێکهاتەی ڕێکخراوەکەی لە ڕووی دابەشکاری بەرپرسیارێتیەوە بەمشێوەیە دابەشکردووە، ( شێخ ئەبو سەفیە عێراقی ئەمیری دەستەی جەنگ، ئەبو حەمزەی موهاجر کە ئەردەنی یە کراوە بە وتەبێژ، موەفەق مستەفا کەرموش ناسراو بە ( ئەبو سەڵاح) بۆ بەرپرسی کارگێڕی، سامی جاسم محەمەد جبوری کراوە بە ئەمیری دیوانی بەیتولمال، رائید کەشکەوڵ جبوری بۆ بەرپرسی بەیتولمال، حەلیموف تاجیکی دانراوە بە وەزیری جەنگ، ئەبو حارس عێراقی کراوە بە والی عێراق، موعتەز نەومان کراوە بە جێگری والی عێراق.)
دەربارەی شوێنی ئەو بەرپرسانەی کە داعش تازە بەرپرسیارێتی پێداون، عەمید سەرحەد قادر ڕوونیکردەوە تەنها سنوری حەویجە لە نزیکەی 500 گوند پێکهاتووە، سەرجەم ئەو گوندانە داعش هاتووچۆیان پێدادەکات، ئەمە جگە لە پارێزگاکانی تر، کە هێزە عێراقیەکان نەیانتوانیوە لەداعش پاکیان بکەنەوە، چونکە ناوچەکە پان و بەرینە.
بەبڕوای عەمید سەرحەد قادر، خۆ ڕێکخستنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەکەی لە عێراق، ئاماژەیەوە بۆ ئەوەی داعش نیەتی پەلاماردان و هێرشی زیاتری هەیە، وتی"نەک تەنها داعش، چەندین گروپی تر پەیدا بوون، تەنانەت بەعسیەکانیش زیندوو بوونەتەوە، لە ڕۆژی 23/6/2020 دەیان وێنەی سەدام حسێنیان لەدەوروبەری کەرکوک هەڵواسیووە، دواتر پۆلیس بەپەلە وێنەکانی لە شوێنە گشتیەکان لابردووە."
خۆ ڕێکخستنەوەی داعش و پەیدابوونی گروپی تری جۆراو جۆر، لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی کە چەکیان لایە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کاردەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5