سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق جم و جۆڵێکی فراوانیان لە سەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە دەستپێکردووە، هۆکاری ئەو جوڵانەش بۆ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەوڵەکانیان بۆ زامنکردنی داهاتووی سیاسی خۆیان دەگێڕدرێتەوە.
بەغدای پایتەختی عێراق، چەند ڕۆژی ڕابردووی بێ بوونی هیچکام لە سێ سەرۆکایەتیەکە تێپەڕاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لە ئەمەریکایە، بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆمار لە سلێمانی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش، دوای گەڕانەوەی لە وڵاتانی کەنداو خۆی گەیاندە سلێمانی.
بەشێک لەبەرپرسانی بەغدا، جوڵەکانی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق، بە دەستپێکی هەوڵەکانیان دەبینن، بۆ هێشتنەوەی ئەو کاریگەریەی کە ئێستا هەیانە، بە تایبەت هێزە گەورەکانی عێراق تاڕادەیەکی زۆر لاواز بوون و چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە ئەنجامی پرۆسەی داهاتووی هەڵبژاردن دەکرێت.
سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، پێیوایە متمانەدان بەکازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرەتای گۆڕانکاری بوو لە نەخشەی سیاسی عێراق دا، وتی"گەر میکانیزمە نوێ یەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بچنە سەر، بەشێکی زۆر لە سەرکردە تەقلیدی و هێزە گەورەکانی نێو پەرلەمانی ئێستا پاشەکشە دەکەن."
ڕوونیشیکردەوە، گۆڕینی سستمی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی سەربەخۆ و چاودێریکردنی هەڵبژاردن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەتایبەت لەهەر وڵاتێک خواستی گۆڕانکاریان تێیدا هەبێت، چاودێری چڕی پرۆسەکە دەکەن، وەکئەو دەڵێت"سێ سەرۆکایەتیەکە خواستی بەردەوامیان لەنێو پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە، بەتایبەت ئێستا لەهەمووکات زیاتر بیروبۆچوونەکانیان لەیەکتریەوە نزیکەو هەماهەنگی یەکترین."
هاوکات هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانیش، جوڵەی سێ سەرۆکایەتیەکە بۆ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و بانگەشەی پێشوەخت دەگێڕێتەوە، دەڵێت"سێ سەرۆکایەتیەکە بیر لە داهاتووی سیاسی خۆیان دەکەنەوە و بۆ مانەوەی کاریگەریان لەداهاتوودا، بە ئاراستەی دەرەوە و نزیککردنەوەی هێزەکان لەیەکتری و دروستکردنی هاوپەیمانێتی نوێ دەجوڵێن."
ئاراستەی ڕووداوەکان، دەرخەری بوونی هەماهەنگیەکی تۆکمەن لەنێوان بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵام زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، ئەو دوو سەرۆکایەتیە تاڕادەیەکی زۆر، متمانەیان بە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیە.
سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ترسیان هەیە لەوەی حەلبوسی گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت دا لەعێراق دروست بکات، حەلبوسیش دەیەوێت بەنزیک بوونەوە لە دوو سەرۆکایەتیەکەی تر، داهاتووی سیاسی خۆی لەو مەترسیە دەرباز بکات کە دووچاری بووە.
سالار مەحمود، ڕوونیکردەوە حەلبوسی لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتیش بازدانی زۆرە، هەرچەندە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، بەڵام ڕەنگە لەسەر ئەرزی واقیع گرفت دروست بکات، وتی"گەر حەلبوسی بەمجۆرە بمێنێتەوە باجی گەورە دەدات، هەرچەندە پێناچێت داهاتووی وەکو ئێستا بمێنێتەوە."
هەریەک لە بەرهەم ساڵەح و مستەفا کازمی بۆ خولی ئایندە چاویان لەسەر پۆستەکانیانە و پشتیوانی دەرەکیان هەیە، گەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو ڕێگر نەبێت لەبەردەم خواستەکانیاندا، بەڵام شانسی محەمەد حەلبوسی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی تەواو لاوازە.
بەشێک لەبەرپرسانی کورد کە دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردوون، پێیانوایە سەردانەکەی حەلبوسی بۆ کەنداو و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، پەیوەندی بە باری لاری ناوبراوەوە هەیە و دەیەوێت ڕاستی بکاتەوە.
شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پێیوانیە جم و جۆڵەکانی حەلبوسی پەیوەندی بە ترسی ناوبراوەوە هەبێت لە لەدەستدانی پۆستەکەی، وتی"ئێستا قسە لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت و یاسای هەڵبژاردنە، جم و جۆڵەکان پەیوەندیان بەو مەسەلانەوە هەیە."
هەرچەندە حەلبوسی جم و جۆڵەکانی بۆ مانەوەی لە نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و پاراستنی قورسایی خۆی بەردەوامە، بەڵام زۆربەی چاودێران پێیانوایە، خۆری سیاسی ناوبراو ڕوو لە ئاوابوونە و پێناچێت بۆ خولی داهاتوو پۆستەکەی بەدەست بهێنێتەوە.
هۆشیار عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەکرد جارێ پێشوو کاتێک حەلبوسی بووە سەرۆک پەرلەمان، بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا هەڵبژێردرا، وتی" پێناچێت جارێکی تر شانسی وەرگرتنەوەی پۆستەکەی هەبێت، چونکە کۆمەڵێک کەسایەتی سونە بەهێزێکی زۆرەوە گەڕاونەتەوە گۆڕەپانەکە."
هەرچەندە جم و جۆڵی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق بۆ مانەوەی قورسایی خۆیان و لاوازکردنی هێزە گەورە شیعیەکانە، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزانە تەماشاکەری دۆخەکەن، هەرچەندە پێناچێت هەروا دەستەوەستان بن و بێدەنگی بەرامبەر هەوڵەکان بۆ لاوازکردنیان هەڵبژێرن.
Your browser doesn’t support HTML5