لەچەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە خۆپێشاندان لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو تێیدا ژمارەیەک لە چین و توێژی جیاجیا بەشداریان کرد و چەند داواکاریەکیان خستەڕوو بەڵام وەک بەشێک لە خۆپێشاندەران ئاماژەی پێدەکەن لە هەولێر ڕێگریان لێکراوە و ڕێگەنەدراوە خۆپێشاندان بەڕێوە بچێت.
نەجات ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ویستمان خۆپێشاندانێکی هێمنانە لە هەولێر بکەین بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگریان کرد کۆمەڵێک خۆپێشاندەریشیان دەستگیرکرد و لەبەرچاوی بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر هێرشکرایە سەر پەرلەمانتار کاوە عەبدولقادر ( پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان) لە ئێستادا هێزە ئەمنیەکان لە هەولێر خەڵک دەستگیردەکەن و ئەوانەی هاتبوون بۆ خۆپێشاندان خەڵکی ناڕازی بوون لە مامۆستا و فەرمانبەر و موچەخۆر و هاووڵاتی پێکهاتبوون و داوای مافی خۆیان دەکرد."
لە لایەکی ترەوە رێبین سەلام مامۆستای زانکۆ بۆ دەنگی ئەمریکا گووتی" خۆپێشاندان مافی هەر هاووڵاتیەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان بەڵکو دروستکردنی حزبیشی ڕێگەپێداوە بەڵام لە ئێستا لە حاڵەتێکی نائاسایی کۆرۆناداین".
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران رێبێن سەلام مامۆستای زانکۆ لەوبارەیەوە گووتی" ئەوانە هەمووی هەڵپەسێردراوە و بێ بەڵگەیە و بۆ ناشرینکردنی سومعە و پێگەی زۆر چاکی هەرێمی کوردستانە، ئەو ئازادیەی لە کوردستان هەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە و هیچ توندوتیژییەک نەکراوە بۆ سەر هیچ خۆپێشاندەرێک".
جێی باسە ژمارەیەک لە چین و توێژی جیاجیا بەرنامەی خۆپیشاندانێکیان هەبوو کە لە پێش قەلای هەولێر ئەنجام بدەن بەڵام وەک بەشێک لە خۆپێشاندەران دەڵێن لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێرەوە ڕێگریان لێکراوە.