خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجە توندوتیژییان لێدەکەوێتەوە

دوای ئه‌نجامدانی چه‌ندین خۆپیشاندانی فراوان و هێمنانه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ خراپی سیسته‌می دابه‌شكردنی مووچه‌ و خراپی دۆخ و گوزه‌رانی هاوڵاتیان ، له‌ خوپیشاندانی ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌رواری 23-8-2020 ی ناو بازاڕی هه‌ڵه‌بجه‌دا،ژمارەیەک لە خۆپیشانده‌ران ڕایانگه‌یاند حكومه‌ت وه‌ڵامی داواكاریه‌كانیان ناداته‌وه‌ و پێویسته‌ ئاڕاسته‌ی خوپیشاندانه‌كان بگۆڕن.

کاتژمێر 10:30 ی شه‌وی 23-8-2020 خوپیشانده‌ران په‌لاماری ژماره‌یه‌ك باره‌گای حكومەت‌ و حیزبیشیان دا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئۆفیسی حكومی سوتان و شه‌ش خوپیشانده‌ریش بریندار بوون.

نوخشه‌ناسیح، قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند "له‌دوای سه‌عات 10 و نیوی شه‌و، كۆمه‌ڵێك هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گا حكومیه‌كان، له‌ وانه‌ قائیمقامیه‌ت و شاره‌وانی و هاتووچۆی ناوشاری هه‌ڵه‌بجه‌ و زیان به‌ دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان گه‌شتووه‌ و كومه‌ڵێك مه‌له‌ف و به‌ڵگه‌نامه‌ سوتاون "

نوخشە ناسیح دەڵێت " ئیمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌رانداین ، به‌ڵام خۆپیشاندانی هێمنانه‌، به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی شه‌وی ڕابردووەوه‌، ناچارین ده‌وامی ڕه‌سمی بۆ ماوه‌یه‌ك ڕابگرین."

مه‌حمود ئه‌حمه‌د پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن و خانه‌نیشنی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ له‌ خوپیشاندانه‌كه‌دا به‌شدای كردبوو له‌ لێدوانێكدا به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند، خراپی دۆخی ژیانیان و مامه‌ڵه‌ی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا هێناونیه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و ئه‌وان له‌ڕابردوودا خزمه‌تێكی زۆریان به‌ توێژێك كردووه‌ كه‌ شۆڕشگێڕ بوون له‌ شاخ به‌ڵام ئێستا هەر ئەو توێژە بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌یان بۆیه‌ نیگه‌رانی خویان ده‌رده‌بڕن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوودا له‌به‌رده‌م لقی 12ی پارتی دیموكرانی كوردستان ،گرژی له‌نێوان پاسه‌وانه‌كانی لقی 12ی پارتی و خۆپیشانده‌ران دروست بوو ، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر به‌ فیشه‌ك برینداربوون. به‌سام عه‌لی لێپسراوی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند "له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وه‌وه‌ به‌ چه‌ك هێرشمان كراوه‌ته‌ سه‌ر و پاسه‌وانه‌كانمان ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا كردووه‌ و خوپیشانده‌رانیش چه‌كیان پێبووه‌، ئێمه‌ نه‌مانوویست خوێنی گه‌نجان بڕژێت."

ده‌نگی ئه‌مریكا بۆ زانینی ژماره‌ی برینداران و ده‌ستگیر كراوه‌كان په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پولیسی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ئه‌وان ڕایانگه‌یاند "شه‌ش خۆپیشاندار بریندار بوون و سیان لە خۆپیشاندەران بە فیشه‌ك پێكرابوون، ته‌ندروستی سه‌رجه‌میان جێگیر بووه‌، هیچ خۆپیشانده‌رێكیش ده‌ستگیر نه‌كراوه."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی ئیدانه‌ كرد و ڕایانگه‌یاند هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی دژ به‌و خۆپیشانده‌رانه‌ ده‌گیرێتە‌به‌ر كه‌ په‌لاماری داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمیان داوه.‌

له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌شدا و به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ڕۆژنامه‌وانی؛ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی دژ به‌ خۆپیشانده‌ره‌كان كراوه‌ته‌وه.
زانیاری زیاتر لە ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی، پەیامنێری دەنگی ئەمریکادایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی