پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین، شەوی ڕابردوویان بە دۆخێکی ئەمنی خراپ و پڕ لە هێرشی داعش تێپەڕاند، بە شێوەیەک داعش لە زۆرێک لە ناوچەکانی سەر بەو سێ پارێزگایە، جم و جۆڵی چڕیان هەبووە، لە چەندین قۆڵیشەوە هێرشیانکردووەتە سەر هێزە عێراقیەکان و گوندنیشینەکان.
هێرشەکانی شەوی ڕابردووی داعش لە ڕۆژئاوای قەزای داقوق ی باشوری کەرکوکەوە دەستیانپێکردووە، هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی هێزە عێراقیەکان، چوار سەربازیان کوشتووە و چواری تریشیان بریندارکردووە، هەروەها لە قەزای شارەبانی پارێزگای دیالەش، پەلاماری بازگەیەکیان داوە و دوو سەربازی تریان کوشتووە، لەگوندی سەفسافەی سەربە ناحیەی قەرەتەپەش، سێ گوندنیشینیان ڕفاندووە و یەکێکی تریان بریندارکردووە.
محەمەد عومەر بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو ماڵەی کە شەوی ڕابردوو داعش لەگوندی سەفسافە، سێ کەسی ڕفاندوون، پێشتر لەلایەن چەکدارانی ئەو ڕێکخراوەوە داوای پارەیان لێکراوە، بە بیانووی ئەوەی حەوزی ماسییان هەیە و دەوڵەمەندن، ئەوانیش بۆ جیهاد پێویستیان بەپارەیە."
وتیشی" خاوەن ماڵەکە پارەی پێنەداون، بۆیە شەوی ڕابردوو، چونەتە سەر ماڵەکەی، دوو کوڕیان بردووە لەگەڵ کەسێکی تردا کە میوانیان بووە، یەکێکیشیان لێ بریندارکردوون، سەیارەیەکیشیان بردوون."
ئەو چەکدارانەی داعش کە چوونەتە سەر گوندی سەفسافە، چوار ماتۆڕسکیلیان پێبووە و ژمارەیان نزیکەی 8 چەکدار بووە، بەشێکی تریش لە هێرشەکانیان لە کەرکوک و ناوچەکانی تر، هەر بە ماتۆڕسکیل ئەنجامداوە، بەو پێیەی ماتۆڕسکیل بۆ هەڵاتن بە ناوچە شاخاویەکاندا ئاسانە، ئەمە جگە لەوەی ماتۆڕسکیلەکانیان کردووەتە بێدەنگ، تا لەکاتی هێرشدا، هێزە عێراقیەکان دەنگیان نەبیستن.
جم و جۆڵە فراوانەکانی شەوی ڕابردووی داعش، لەکاتێکدایە پێشتر دەنگی ئەمەریکا لەزاری عەمید سەرحەد قادری بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوکەوە بڵاویکردبوویەوە، داعش هێزەکانی گۆڕیوە و بەرپرسی نوێی داناوە، تا هێرشەکانی لە عێراق چڕبکاتەوە.
محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین و چاودێری بواری جم و جۆڵی گروپە چەکدارەکان، ئاماژەی بەوەکرد داعش خەڵکێکی زۆری لەناوچە جیاجیاکان ڕفاندووە و لە ناوچە شاخاویەکان زیندانی کردوون، وتی"داعش زیندانێکی گەورەی لەگوندی شنشالاتی نزیک زنجیرە چیای حەمرین هەیە و خەڵکی تێدا زیندانی کردووە، هەروەها لە دۆڵ و شیوەکانی ناوچەی تەل حەمەی لای داقوق زیندانی هەیە، لە ناوچەی موتەیبیجەی پارێزگای دیالەش هێز و زیندانی هەیە."
ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە دەڕفێنرێن، گەر کارمەندی هێزە ئەمنیەکان بن دەکوژرێن، بەڵام زۆرێک لەو کەسانەی کە هاوڵاتی سڤیلن لەبەرامبەر بڕێکی زۆر پارەدا ئازاد دەکرێن، ئەمەش لەکاتێکدایە داعش بەشێکی زۆر لەسەرچاوە داراییەکانی لەدەستداوە و پێویستی بە پارەیە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.
محەمەد عومەر، ڕوونیکردەوە لە سنوری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە، چەکدارانی داعش بە ئاشکرا بە ماتۆڕسکیل دەسوڕێنەوە، گوندنیشینەکان لە ترسی هێرشکردنە سەریان، بێدەنگ و هێزە عێراقیەکانیش توانای کۆنترۆڵکردنی سنورەکەیان نیە.
لە تازەترین گۆڕانکاریدا لە پێکهاتەی هێزەکەیدا، داعش عێراقی بۆ سەر 11 میحوەر دابەشکردووە، بەرپرس و ستافی نوێی بۆ تەواوی میحوەرەکان داناوە، کە زۆربەی بەرپرسە نوێ یەکان عێراقین و شارەزای جوگرافیای تەواوی ئەو ناوچانەشن کە ڕاسپێردراون کاریان تێدا بکەن.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5