پارێزگای هەڵەبجە کێشەی بودجەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوان و گیانله‌ده‌ستدانی هاوڵاتیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌می بودجه‌ و زۆربوونی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م چاره‌سه‌ر كردنی توشبووان و كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌، به‌شێكن له‌ گرفته‌كان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێگەی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه‌، وه‌ك به‌رپرسانی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێن بودجه‌ی جیاجیا بۆ پارێزگاكانی تر دابین دەکات، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك قه‌زایه‌كیش بودجه‌ی بۆدابین ناكرێت.


ئاراس حه‌مه‌ سه‌عید به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا، تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان، له‌ لێدوانێكدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند" تائێستاش تووشبوانی كۆرۆنا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ڕووی له‌ هه‌ڵكشانه‌، له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ 900 كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ توشبوون، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئێستادا له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌دان، ئه‌وانه‌ن كه‌ نیشانه‌ی توندیان هه‌یه‌ و پێویستیان به‌ ئۆكسجینه‌، تا ئێستاش 17 هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا گیانیان له‌ده‌ستداوه."‌

سه‌باره‌ت به‌ بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ تاقیگه‌كان و كڕینی كه‌ره‌سته‌ پزیشكیه‌كان بۆ نه‌خۆشه‌كان، ئاراس حه‌مه‌سه‌عید به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا ڕایگه‌یاند "به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پارێزگاكانی تردابین ده‌كرێت ، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پشتگوێ‌ خراوه‌، بودجه‌كه‌مان نه‌ك هی قه‌زایه‌ك ،هی ناحیه‌یه‌كش نییه‌، گه‌ر ڕیكخراوه‌ خێرخوازیه‌كان نه‌بن، ئه‌وا ناتوانین نه‌خۆشیش له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ وه‌ربگرین."

به‌پێی ئه‌و زانیارییە فەرمییەکان، کە ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ تیمی ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ریگرتوون، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها 170 ملیۆن دینار بودجه‌ی بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ ناردووه‌، له‌و بڕه‌پاره‌یه‌ به‌شێكی زۆری ئامێری پێ‌ دابینكراوه‌، ئێستا به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ هاوكاری خێرخوازان.

به‌ پێی دواین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، تاوه‌كو ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌زار و 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 9 هه‌زار و 232 توشبووش بە پەتای کۆرۆنا له‌ ژێر چاره‌سه‌ركردندان و 17 هه‌زار و 386 توشبووش چاکبوونەتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی