لەگەڵ ڕووداوەکاندا: 11ی سەپتێمبەر و دۆسێی تێرۆریزم

قۆناغی پاش شەڕی سارد، دەستبەجێ پاش هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەر لە ساڵی 2001دا کۆتاییپێهات.

لەو سەرلەبەیانیەدا، کە تێرۆریستان فڕۆکەی سیڤیلییان کردە چەکی کۆمەڵکوژ، جیهانی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی کەوتنە شەڕێکی جیهانییەوە دژ بە تێرۆریزم.

ئەو کاتە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش، شەڕی دژی تێرۆریزمی کردە پرەنسیپێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەیی و ڕێبازی بەرگریکردن لە ئەمریکادا.

ئەم شەڕە بۆ ئەمریکا و بۆ جیهانیش جیاواز بوو لە شەڕەکانی تر، لەو ڕوانگەیەوەی لە شەڕەکانی تردا، بۆ نمونە وەک یەکەم شەڕی کەنداو لە ساڵی 1991دا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامانجی شەڕەکەیان دیاریکراو بوو لە ڕووی ئەو ناوچەیە یان ئەو ڕووبەرەی شەڕیان تیادا دەکرد.

هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەر بۆ سەر باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرک و بۆ سەر پەنتاگۆن لە شاری واشنتۆنی پایتەخت، زوو بە زوو بیرکردنەوەی ئەمریکاییەکانی بردەوە بۆ هێرشەکانی ڕۆژی 7 مانگی 12ی ساڵی 1941ی ژاپۆن بۆ سەر پێرڵ هاربەر لە هاوایی.

میوانی بەرنامە:

موحسین ئەدیب، نوسەر و لێکۆڵەر

ئەو هێرشە ئەمریکای کرد بە بەشێکی گەورە لە دووهەم شەڕی جیهانیدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەش هەبوو کە هەڵمەتەکانی ئەمریکا هاوشێوەی هەوڵەکانی پێشتری ئەمریکا نابن بۆ ناچارکردنی ژاپۆن تا بەبێ هیچ مەرجێک خۆی بەدەستەوە بدات.

ئەوەی زۆرێک لە شیکەرەوەی سیاسی و لەشکریی لەسەری کۆکن ئەوەیە کە شەڕی دژی تێرۆریزم شەڕێکی درێژخایەنە بەهۆی سروشتە جۆراوجۆرەکانی ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لە ئارادان.

دروستبوونی ئەم جۆرە ڕوانینەش پەیوەندی هەیە بەوەی هیچ وڵاتێک بەرچاو ڕوونی نییە سەبارەت بەوەی شەڕی دژی تێرۆریزم، کەی وە چۆن کۆتاییپێدێت. ئەمە بێ لەوەی شیکەرەوە کۆکن لەسەر ئەوەی سەرکەوتوویی کردە لەشکرییەکان لە هەر شوێنێکی جیهاندا، بە مانای سەرکەوتنی تەواوەتی نییە بەسەر تێرۆریزمدا.

بە تێپەڕبوونی کات لەم شەڕە قورسەدا، دەرهاوێشتەی تری بە دوای خۆیدا هێناوە، لەوانە، دروست بوونی پێناسە و ناساندنی جیاواز لەسەر تێرۆریزم.

ئایا جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم هەر تەنها پشت بە، هێز و توانایی لەشکرەکانی دەبەستێت و بایەخێکی کەمتر دەدات بە میکانیزمەکانی تر؟

ئایا جیهان هەر تەنها جەخت لە مەیدانی شەڕەکان دەکاتەوە بە ئەندازەیەک سیاسەتە دەرەوەییە گرنگەکانی خۆی لەبیر دەکات؟

ئایا وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەستبەرداری بەها بەرزەکانی خۆیان دەبن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا، هاوکاتی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم لە شوێن و ناوچەکانی جیهاندا؟

موحسین ئەدیب، نوسەر و لێکۆڵەر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: 11ی سەپتێمبەر و دۆسێی تێرۆریزم