ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوە دەکات گەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بە سیستمی فرە بازنەیی ئەنجام بدرێت و پارێزگاکان بۆ چەند بازنەیەکی بچوک دابەش بکرێن، ئەوا کورد زۆربەی کورسیەکانی لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست دەدات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەهار مەحمود دەڵێت"گەر هەڵبژاردن بەشێوازی بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، لیستی خاوەن زۆرینەی دەنگ دەردەچێت، باقی دەنگەکانی تر بەهەدەر دەڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ حیزب، بۆیە ڕەنگە کورد زۆربەی کورسیەکانی لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست بدات."
جەختیشیکردەوە"تەنانەت لە ناو هەرێمیش بازنەی بچوک تەنها لە قازانجی پارتیە، چونکە پارتی حیزبێکی خاوەن دسپلینە و دەتوانێت لایەنگرانی بۆ دەنگدان بە کەسێک ئاراستە بکات، لەکاتێکدا حیزبەکانی تر دیموکراتیەت و ئازادی زیاتریان تێدایە، بۆیە بازنەی بچوک لەمەشدا باش نیە."
بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، گەر یاسای هەڵبژاردن بە سیستمی فرە بازنەیی و بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تەنها یەک ڕێگەی لەبەردەمدایە، ئەویش یەک لیستی یە، گەر بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن نەکات، هەموو دەنگەکانی دەفەوتێت، ڕەنگە یەک کورسیش نەهێنێت، وتی"دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت."
بەهار مەحمود، ڕوونیکردەوە فراکسیۆنە کوردیەکان دەنگیان بە سیستمی هەڵبژاردنی فرە بازنەیی نەداوە، چونکە جێبەجێکردنی لە واقیعدا ئەستەمە، بۆیە ئەوانەشی دەنگیان پێداوە، کشاونەتەوە ، وتی"گرفت ئەوەیە سەرۆکی پەرلەمان هەموو یاساکەی پێکەوە خستووەتە دەنگدانەوە، نەدەبوو کۆی یاساکە بخاتە دەنگدانەوە، بۆیە ئێستا کە داوای گێڕانەوەی مادەی 15 دەکرێت بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: ناتوانم، ئیلا دەبێت یاساکە بڵاوبکرێتەوە و دواتر داوای هەمواری بکرێت."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بە بەدیلی سیستمی فرە بازنەیی کرد، ڕوونیکردەوە چەند پێشنیارێک هەن، یەکێک لە پێشنیارەکان دابەشکردنی عێراقە بۆ 40 بازنەی هەڵبژاردن، بەم پێ یە، هەر پارێزگایەک دەکرێتە دوو بازنە، ناو سەنتەری پارێزگاکان بازنەیەک و دەوروبەریش بازنەیەک، وتی"پێشنیارێکی تر ئەوەیە، هەر قەزایەک گەر لە ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتوانەکەی 100 هەزار کەس بێت، بکرێتە بازنەیەک."
هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن لە عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا سیستمی هەڵبژاردن جێی مشت و مڕە، گەر لایەنەکان لەسەری ڕێکنەکەون، ڕەنگە گرفت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دروست بکات.
Your browser doesn’t support HTML5