هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کێبڕکێ لەنێوان هێزی لیست و هێزی تاک

چاوەڕوان دەکرێت لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دا، کێبڕکێیەکی توند لەنێوان هێزی لیست و هێزی تاکدا دروست ببێت، بەتایبەت گەر سیستەمی هەڵبژاردن بەشێوازی بازنەی بچوک بەتەواوەتی پەسەند بکرێت و بوار بە تاک لەدەرەوەی لیست بدرێت، خۆی کاندید بکات.

ململانێی نێوان لیست و کاندیدەکانی دەرەوەی حیزبەکان کاتێک تۆختر دەبێتەوە، کە ڕاگەیاندکار و چالاکوانە دیارەکانی نێو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان بێنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و مەترسی لەسەر پێگەی هێزە گەورەکانی عێراق دروست بکەن.

لەهەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراقدا، زۆربەی چالاکوان و کەسایەتیە دیارەکانی عێراق لە نێو لیستە جیاوازەکاندا خۆیان کاندید دەکرد، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە لەدەرەوەی لیست خۆیان کاندید بکەن و سەنگەر لە هێزە گەورەکان بگرن.

ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، کێبڕکێی قوڵ دەکەوێتە نێوان کاندیدە سەربەخۆ و کاندیدە حیزبیەکانەوە.

هەڵبژاردن بە شێوەی بازنەیی و بواردان بە تاک بۆ خۆ کاندیدکردن، یەکێکە لە خواستەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە حیزب تپەڕێنن و گۆڕانکاری لە عێراق دا بهێننە ئاراوە، ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان، کێبڕکێیی نێوان چینی پێشووی سیاسی عێراق و چینی نوێیە، بەو پێیەی چینی پێشوو پشت بە لیست دەبەست، بەڵام چینی ئێستا زیاتر پشتیان بەجەماوەر ئەستورە.

هەرچەندە بواردان بە تاک بۆ خۆ کاندیدکردن، تاڕادەیەک پرۆسەکە لە چنگی هێزە سیاسیەکان دەردەهێنێت و کاندیدی تاک دەکاتە ڕکابەریان، بەڵام ڕەنگە لەم حاڵەتەدا دۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە، ئەویش هەبوونی کاندیدە لەلایەن عەشیرەت و خێڵەکانەوە، بەتایبەت لەهەندێک ناوچەی عێراق خێڵ ڕۆڵی گەورەی هەیە.

بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە هەڵبژاردنی فەردی کلتوری عەشایەری زیندوو دەکاتەوە و کاندید دەبێتە کاندیدی خێڵ، ئەمە جگە لەوەی ڕەنگە هێزە گەورەکانیش خەڵکی سەربەخۆ کاندید بکەن و لایەنگرانیان ئاگادار بکەنەوە تا دەنگی پێبدەن.

تا ئێستا تەنها لیستی سائیرون ی سەربە ڕەوتی سەدر پشتگیری هەڵبژاردنی فەردی و بازنەیی دەکات، چونکە پێشبینی ئەم هێزە وایە بەم سیستەمە، نزیکەی 100 کورسی پەرلەمان دەباتەوە، لەکاتێکدا هێز و لایەنە سیاسیەکانی تر، دەترسن ئەم سیستەمە نوێیە، پێگەیان لاواز بکات و ببێتە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە کورسیەکانیان.

ئەمین بەکر، ئاماژەی بەوەکرد هێزە بچوکەکان دژی ئەم سیستەمەن، چونکە لەبازنەی بچوکدا کورسی ناهێنن و دەنگەکانیان بە فێڕۆ دەڕوات، بەڵام لە بازنەی گەورەدا، هەموو دەنگەکانیان دەڕواتە سەر یەک و کورسییان بۆ دەستەبەردەکات و دەڵێت"هێزە گەورەکانیش کەپێشتر پشتیان بە تەزویرات دەبەست، تەجروبەیان نیە لەگەڵ ئەم سیستەمەدا و دەترسن، ڕانەهاتوون لەسەر شێوازی تەزویرکردن بەم سیستەمە نوێیە و نازانن تاچەند دەتوانن تەزویرات بکەن."

چالاکوانانی نێو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان، داوای هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەرد دەکەن، لەژێر چاودێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا، بەشێکی زۆریشیان خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەئومێدی گۆڕانکاری ئامادە کردووە، لەکاتێکدا هێزە گەورەکان دەیانەوێ بەردەوامی بەم دۆخە بدەن و ناڕازایانی عێراقی لە هێنانە پێشەوەی نەوەی تازە، بێ ئومێد بکەن.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر