هێرشی ئاسمانی هاوکاتی دانوستاندنی ئاشتی ئەفغانستان

گەواهدەران دەڵێن لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی حکومەتی ئەفغانستان لە باکوری وڵاتەکەدا بەلانیکەم 24 کەسی سیڤیل کوژراون و زیاتر لە 6 کەسیش بریندارن و دەشڵێن لە نێو کوژراوەکاندا منداڵیش هەن.

بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت لەو هێرشە ئاسمانیانەدا 30 چەکداری تاڵیبان کوژراون و ئاماژەشی بەوە کردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆی کوژرانی خەڵکی سیڤیل دەکات.

ئەم هێرشە ئاسمانیانە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەکانی نوێنەرانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە وڵاتی قەتەر بۆ وتووێژکردن لەسەر ئایندەی وڵاتەکە و کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵی شەڕ لە ئەفغانستاندا.

گەواهدەران بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێسیان وتووە، یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکان ماڵی چەکدارێکی تاڵیبانی بە ئامانج گرتبوو، وەک دەڵێن "ماڵەکەی وەک بنکەیەکی پشکنینی خەڵک بووە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پەیوەندییان بە حکومەتەوە نییە."

زوبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بەو هێرشانە و دەڵێت "تاڵیبان هیچ کردەیەکی لەشکریانەی لەو ناوچەیەدا نەبووە، کاتێک هێرشە ئاسمانییەکان کراون."

نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتریش ڕەخنە و ناڕەزایی توندی خۆی گەیاندۆتە هەردوو لایەنی ئەفغانستان بەهۆی کوژرانی خەڵکی سیڤیل لە کاتی شەڕەکانیاندا.