لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، نوسینەوەی یادەوەرییەکان زۆر بوون و هەر یەکێکیش لە خاوەنی بیرەوەرییەکان سەرگروشتەکانی ژیانی خۆی بە شێوەیەکی جیاواز گوزارشت لێدەکات یان دەیگێڕێتەوە.
نوسینەوەی بیرەوەرییەکان کارێکی سانا نییە بەتایبەتیش ئەگەر ئەو یادەوەرییانە باس لە ڕووداوگەلێکی گرنگ و هەستیار بکەن لە پەیوەندی بە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەدەبی و بوارەکانی تریشەوە.
دەشێت هەندێک جار گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییانە ببنە بەشێک لە پرۆسەی نوسینەوەی مێژووی سەروەختێکی دیاریکراو، بەڵام بەو مەرجەی متمانەیەکی تۆکمە هەبێت بەو یادەوەری و بیرەوەریانەی دەنوسرێنەوە، هەر بۆیەشە دەگوترێت "نوسینەوەی بیرەوەرییەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە مێژووەوە هەیە." هەرچەندە دەشێت نوسەری بیرەوەرییەکان هەندێک جار، کات یان تەنانەت ناوی بەشێک لە کاراکتەرەکانیشی لەبیر بچێت (بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست) بەڵام هێشتاش ڕاستی پەیوەندی نێوان یادەوەری و مێژوو وەک خۆی دەمێنێتەوە لەو ڕوانگەیەوەی ڕاستگۆیی و وابەستەیی، بەشێکی گرنگی هەردووکیانن.
لە نوسینەوەی بیرەوەرییەکاندا بایەخێکی گەورە و گران دەدرێت گێڕانەوەی ڕاستگۆیانەی ڕووداوەکان بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و ئەو ڕووداوانەی نوسەر خۆی تیایدا بەشداربووە، نەک هۆنینەوەی ژیاننامەی نوسەرەکە.
میوانی بەرنامە:
نەوزاد عەلی ئەحمەد، نوسەر و لێکۆڵەر
ئەم دوو چەمکە، بیرەوەری و ژیاننامە، جیاوازی و لێکچوونیش هەیە لە نێوانیاندا، وەک ئەوەی سەرچاوەکەیان گێڕانەوەی ژیانە، جیاوازیشن لەوەدا بۆ نمونە، ژیاننامەکان پێویستیان بە هونەر و تاکنیکەکانی نوسین و تەنانەت بە ئەندازەیەکی زۆریش پشت بە کۆڵەکەی زمان نابەستێت و خۆی لە قەرەی هەڵسەنگاندن و ڕاڤەکردنی ڕووداوەکانیش نادات.
لە پاش بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەک زۆر جار بەر گوێمان کەوتووە گوتراوە "ئەمە بیرەوەرییە یان ڕۆمان!"
کەم نین ئەوانەی بڕوایان وایە نوسینی بیرەوەرییەکان و هەروەهاش نوسینی ڕۆمان ئێجگار نزیکن لە یەک، لەو سۆنگانەوەی هەردووکیان پشت بە توخمی گێڕانەوە دەبەستن و لە ڕۆماندا خەیاڵ و فەنتازیا ڕاستییەکانی ژیانی خود دەڕازێننەوە (ئەگەر بڕوا بەوە هەبێت کە کارە ئەدەبییەکان نوسینەوەی خودن) لە کاتێکدا بیرەوەرییەکان هێندە پێویستیان بە خەیاڵ و فەنتازیا نییە.
نابێت ئەوشمان لە بیر بچێت نوسینەوەی بیرەوەرییەکان ناچنە خانەی ڕیپۆتاژێکی ڕۆژنامەوانییەوە تا بگوترێت دەبێت بێلایەنی پارێزراوبێت تیایدا، ئەڵبەت ئەمەش هۆکاری خۆی هەن لەوانە؛ ئەو شتانەی پەیوەندییان بە خودی نوسەر خۆیەوە هەیە، ئەوانەش کە پەیوەندییان بە کلتور و کۆمەڵگەشەوە هەیە. ئەم دوو تەوەرە زۆر جار وەهایان کردووە، بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکان بکەوێتە پاش مردنی نوسەری بیرەوەرییەکان.
بە دڵنیاییەوە نوسینی بیرەوەرییەکان لەم سەروەختەی ئێستاماندا بۆتە بەشێک لە هونەری نوسین، وەلێ بەو مەرجەی سنوری ئەو ڕەهەندە نەبەزێنێت کە ئەوەی نوسراوە، بیرەوەرییە نەک ڕۆمان یان تێکستێکی ئەدەبی، ئەگەرچی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبووە کە نوسەرێکی بیرەوەری پەنای بردووە بۆ نوسەران و ئەدیبەکان بۆ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی بیرەوەرییەکانیان، ئەمەش ئەو دیاردەیەیە خوێنەر بڕیاری لێدەدات ئایا کارێکی گونجاوە یان نا.
چۆن دەتوانرێت بیرەوەرییەکی باش لە ڕووی نوسینەوە لەگەڵ نوسینەوەیەکی خراپی بیرەوەرییەکاندا جیا بکرێتەوە؟
هەرگیز لە نوسینەوەی بیرەوەرییەکاندا ناتوانرێت بێلایەنی بپارێزرێت، بەڵام ئایا چ پێوەرێک هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی نوسینی بیرەوەرییەکان؟
بۆچی ناتوانرێت بیرەوەرییەکان بە ڕۆمان دابنرێت؟
ئایا دەکرێت هەموو نوسینەوەیەکی بیرەوەری بکرێنە سەرچاوەیەکی بابەتیانە بۆ مێژوو؟
نەوزاد عەلی ئەحمەد، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5