کاردانەوەکان لەمەڕ بابەتی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە سنوری پارێزگای هەولێر

باوکی کچێکی تەمەن 10 ساڵ لە سنوری پارێزگای هەولێر کە نەیویست ناوی خۆی و کچەکەی ئاشکرا بکات دەڵێت شەش کەس دەستدرێژیان کردووەتە سەر کچەکەی و گوتەبێژی داواکاری گشتیش دەڵێت کار لەسەر ئەو کەیسە دەکرێت و نابێت پەلە بکرێت چونکە مەرج نیە هەموو وتەکانی ئەو منداڵە ڕاست بێت.

باوکی ئەو کچە تەمەن 10 ساڵەی کە نەیویست ناوی خۆی و کچەکەی ئاشکرا بکات لەبارەی ڕووداوەکەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی" ئەو کەیسە چوار مانگە لە پۆلیس و دادگایە و ئەوان شەش کەس بوون کە دەستدرێژیان کردووەتە سەر منداڵەکە و لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە خەریکی ئەو کارەن و ڕاپۆرتی پزیشکی هەیە کە چەندەها جار دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەو منداڵە بەڵام دادوەر گوێی نەگرت، 3 کەس دەستگیرکراون و 3 کەسی تر هەتا ئێستا هێشتا دەستگیر نەکراو."

حاکم بەشدار گوتەبێژی داواکاری گشتی بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" کار لەسەر ئەو کەیسە دەکرێت و ناکرێت پەلەبکرێت ئەمە قۆناغی کۆکردنەوەی بەڵگەکان و گەڕان بە دوای ڕاستیەکانە مەرج نییە هەموو وتەکانی ئەو منداڵە ڕاست بن، سەلماندنی ئەم تاوانانە کەمێک زەحمەتە، نەبوونی کامێرای چاودێری لە هەموو شوێنێک لەوانەیە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم کەیسە دوابکەوێت، کەیسەکە تومەتبارکردنی شەش کەسە بە تاوانێک."

سەبارەت بە بەدواداچوونەکانی دادگا لەمەڕ ئەو پرسە ئەلمێرا ئەحمەد پارێزەری ئەو کچە تەمەن 10 ساڵە بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" ئەو کەیسە لە قۆناغی لێکۆلینەوەدايە یەکەمجار کاتێک باوکەکەی سکاڵای تۆمارکردووە دادوەر مادەی 240 ی بۆ داناوە واتا مادەی گومان بەڵام کاتێک ئەو ڕاپۆرتە پزیشکیە هاتووە بارۆدوخەکە زۆر دەگۆڕێت بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دەبوایە دادوەر مادەکە لە 240 بۆ 393 بگۆڕێت چەندین جار داوامان لە دادوەر کردووە بەڵام مادەکەی نەگۆڕیوە."

سەبارەت بە هەڵویستی رێکخراوەکانی منداڵپارێزی لە هەرێمی کوردستاندا لەمەڕ ئەو کەیس و ڕووداوانە نایف سلێمان بەڕێوەبەری لقی هەولێری منداڵپارێزی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەڵویستیان ڕاگەیاندووە پارێزەریان بۆ ئەو کەیسە گرتووە و پارێزەرەکە وا کاری خۆی دەکات تا ئیجرائاتی یاسایی وەردەگيرێت".

ئەم ڕووداوە کە وەک باوکی منداڵەک دەڵێت دەستدرێژی کراوەتە سەر، دەکەوێتە سنوری ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری