تەمەنی نەتەوە یەکگرتوەکان دەبێتە 75 ساڵ و لەو ڕۆژەوەی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە پێکهێنراوە بە ژمارەیەک هەوراز و نشێو و هەڵکشان و داکشاندا تێپەڕیوە.
هاوکاتی ئەم ساڵیادە، کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک دەستی پێکردووە بە شێوەیەکی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو.
پەتای کۆرۆنا ڕێگرە لەوەی شاندی وڵاتانی ئەندامی یو ئێن بچنە هۆڵی ئەم نێوەندە جیهانییە و لەوێ پەیامەکانی خۆیان بدەن. هەر بۆیە سەرۆک و پادشا و سەرەک وەزیری وڵاتان پەیامی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی خۆیان ناردووە.
بەپێی دوا ئامارەکانی زانکۆی جۆن هۆپکینز، نزیکەی یەک ملیۆن کەس تا ئێستا لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە بە پەتای کۆرۆنا و زیاتر لە 31 ملیۆن کەسیش توشی ئەم نەخۆشییە بوون.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
سەبارەت بەم پەتایە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "کۆڤید 19" جیهانی بەرەو لاوازبوون بردووە و دەشڵێت چارەسەری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لەم پەتایە لە نێو وڵاتانی جیهاندا کەمن.
گۆتێرێس، وەک ئاماژەیەک بە دەستکەوتەکانی 75 ساڵی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "جەنگی جیهانی سێهەم، کە زۆر کەس لێی دەترسا، ڕێگری لێ کراوە. هەرگیز لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوەندە ساڵ تێنەپەڕیوە بەبێ ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی لە نێوان زلهێزەکاندا، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە کە دەبێت ئەندامان شانازی پێوە بکەن و پێویستە هەمومان تێبکۆشین بۆ پاراستنی."
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەش بەوە دەکات کە هێشتا کاری زۆر و گەورەش لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا ماوە تا بیانکات و دەڵێت "بیست و پێنج ساڵ بەسەر پلاتفۆرمی کرداری بێژینگ تێپەڕ دەبێت، نایەکسانی جێندەریی هێشتا گەورەترین ئاستەنگی بەردەم مافەکانی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهاندا. هەڕەشەکانی کارەساتی کەشوهەوا دەردەکەون. ئەو هەمەڕەنگەییەی کە لە پێکهاتەکانی گیانلەبەرانی سەرزەویدایە بەرەو تێکچوون دەچێت. ڕێژەی هەژاری جارێکی تر بەرز دەبێتەوە. ڕق بڵاودەبێتەوە، ئاڵۆزییە ژیۆپۆڵەتیکیەکان هەروادێ و زیاتردەبن. هێشتاش چەکی ناوکی، مەترسییەکی سەرەکییە. گۆڕانکاری تەکنەلۆژیا دەرفەتی نوێی ڕەخساندووە بەڵام هەڕەشەی نوێیشی هێناوەتە ئاراوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1945دا، دوای دووهەم جەنگی جیهانی پێکهێنرا، پاش هەڵوەشاندنەوەی کۆمکاری نەتەوەکان کە نەیتەانی ڕێگربێت لە هەڵایسانی دووهەم شەڕی جیهانی.
کۆمکاری نەتەوەکان لە ساڵی 1919 لە پاش یەکەم شەڕی جیهانی پێکهێنرا و بارەگاکەی لە ژنێڤ – سویسرا بوو. ئامانجی کۆمکاری نەتەوەکان ڕێگەگرتن یان چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان بووە بە شێوەیەکی ئاشتیانە، بەر لەوەی بگاتە ئاستی شەڕ، وەک ئەوەی لە یەکەم شەڕی جیهانیدا ڕوویدا. یەکێک لە ئەرکەکانی تری کۆمکاری نەتەوەکان، ڕەخساندنی ژینگەی بڕوا و متمانە بووە لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا.
بەڵام ئەم ڕێکخراوە شکستی هێنا لە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی نازییەکاندا و نەیتوانی ڕێگە لە هەڵایسانی دووهەم شەڕی جیهانی بگرێت، هەر بۆیە هەڵوەشایەوە و ڕێکخراوێکی تری جیهانی پێکهێنرا بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لە نێو ئەو جیاوازی و ناکۆکیانەی لە نێو وڵاتانی جیهاندا هەن، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت چی بکات؟
زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕیفۆرم دەکەن لەناو ئەم ڕێکخراوە جیهانییەدا، ئەو چاکسازییانە چین؟ ئایا بە مانای زیاتر کردنی دەسەڵاتەکانیەتی؟
ئایا هێزی ئاشتی پارێزانی یو ئێن، دەکەوێتە ژێر هەژموونی وڵاتانەوە؟
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5