سەرۆک دانۆڵد ترامپی کۆماری و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی، جێگری سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن شەوی سێشەممە لە یەکەم دیبەتی نێوانیاندا مشتومڕێکی توندیان ئەنجامدا، کە دەستبەجێ دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر یەکتر.
دیبەیتەکە شەوی سێشەممە لە هۆڵی زانکۆی کەیس وێسترن ڕێزێرڤ لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەچوو و ڕۆژنامەوان کرێس واڵس ، بێژەری کەناڵی فۆکس نیوز FOX Newsبەڕێوەی برد.
کاردانەوەکان لەسەر شێوازی دیبەیتەکە لە ناو ئەمەریکاییەکاندا جۆراوجۆرن، نوسەر و ڕۆژنامەوانی کوردی ئەمەریکایی جەلیل ئازادیخواز پێی وایە لەو دیبەیتە 90 خولەکییەدا کەسیان نەیانتوانی شتێکی نوێ بگەیەنن بە دەنگدەرانی ئەمەریکا.
لە دیبەیتەکەدا چەندین تەوەر باس کرا لەوانەدا دانانی دادوەر ئەیمی کۆمی بێرت بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا، پەتای کۆرۆنا، ئابوری، پرسی ڕەگەز و توندوتیژی لە شارەکانی ئەمەریکا، گۆڕانی کەشوهەوا و بێگەردی هەڵبژاردنەکان. سەبارەت بەوەی ئایە لەم تەوەرانەدا هیچ کام لە سەرۆک ترامپ و جێگری سەرۆکی پێشوو بایدن توانیان سەرنجی ئەو دەنگدەرانە بۆلای خۆیان ڕابکێشن کە هێشتا خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە؟ بەڕێز ئازادیخواز دەڵێت " سێ خاڵ هەبوو کە دەکرێت ئاماژەی پێبکرێت. یەكێک بابەتی کۆرۆنا بوو کە ترامپ لە میانەی دەسەڵاتی خۆیدا چۆن نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ببێتەوە؟ ڕاستە یەکەم سەرۆک کۆماری ئەمەریکایە ئەزمونی لەگەڵ ئمجۆرە پەتایەدا هەبێت، بەڵام ئەمە شتێکە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بۆتەوە، بایدن دەیتوانی لەسەر ئەمە زیاتر قسە بکات کە بەبڕوای من نەیتوانی. کەسیان نەیانتوانی وتارێکی تازە و پەیامێکی تازە بە خەڵک بگەیەنن. نە بایدن توانی بەرنامەکانی خۆی بخاتەڕوو نە ترامپیش شتێکی تازەی پێبوو تەنها بەرگری لەو شتانە دەکرد کە ڕوویانداوە."
شایانی باسە لە مانگی 10 دا دوو دیبەیتی تر ئەنجام دەدەن دیبەیتی داهاتوویان لە 15 ی مانگ دەبێت و لە شاری مەیامی فلۆریدا بەڕێوە دەچێت و دواین دیبەیتیان لە 22 ی مانگی 10 لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تینسی ئەنجام دەدرێت.
دەقی وتووێژەکەی هێرۆ زەنگەنە لەگەڵ جەلیل ئازادیخواز
Your browser doesn’t support HTML5