دکتۆر سەردار عەزیز: هێزە شیعەکان دەترسن داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا سزای ئابووری و لێدانی بەدواوە بێت

تا دێت کێشمەکێش و ئاڵۆزیەکانی نێوان حکومەتی عێراق لەلایەک و بەشێک لە هێزە میلیشیاکانی عێراق لەلاکەی تر توندتر دەبێتەوە، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەم کێشمەکێشانە، موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانە و شوێنە دبلۆماسیەکانە، کە بەم دواییانە میلیشیاکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت هێرشەکانیان چڕترکردووەتەوە، بەو هۆیەوە ئەمەریکا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق و هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لەبەغدا دەکات، حکومەتی عێراق و بەشێک لە هێزە شیعیەکانیش دەترسن، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا سزای قورسی بەدوادا بێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، پێیوایە کێشمەکێشێکی زۆر لە نێوخۆیی عێراق لەنێوان هێزە نەیارەکاندا دروستبووە، هیچ هێزێک توانای یەکلایی کەرەوەی کێشمەکێشەکانی نیە، بۆیە هەموو هێزەکان یاری دەکەن و ناتوانن بڕیاری یەکلایی کەرەوە بدەن، ئەمەش دۆخی عێراقی توشی ناسەقامگیری و هەڵبەز و دابەز کردووە.

دەربارەی ئامانجی میلیشیاکان لە هێرشی بەردەوام بۆ سەر باڵیۆزخانە و شوێنە دبلۆماسیەکان، دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت" ئەو گروپانە دەیانەوێت ئەمەریکا هەراسان و ماندوو بکەن، تا بڕیاری کشانەوە بدات لەعێراق، بەڵام نایانەوێت کشانەوەکە بەجۆرێک بێت، سزادانی ئابووری عێراقی بەدوادا بێت، یان خۆیان سزا بدرێن، ئەو گروپانە حەز دەکەن ئەمەریکا بڕوات، بەڵام ڕۆیشتنەکەی، داڕووخانی ئابووری عێراق و بۆمبارانکردنی بنکەکانیانی بەدواوە نەبێت."

بەبڕوای دکتۆر سەردار عەزیز، ئیدارەی دانۆڵد ترەمپ ی سەرۆکی ئەمەریکا، وا پیشانی دەدات بێزارە لە دۆخی عێراق، نایەوێت وا پیشانی بدات باڵیۆزخانەکەی لەژێر فشاردا دادەخات، بەڵکو دەیەوێت وەها پەیامەکە بگەیەنێت، کە چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی، لەپێناوی ئەوەیە تا دەستکراوەبێت لە لێدانی گروپەکان، وتی" ئێستا گریمانەکە ئەوەیە کێ براوە دەبێت لەم یاریە، شیعەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەمەریکا توڕەبێت و بۆمبارانیان بکات، ئەمەریکاش لەوە نیگەرانە کە ئایا بەمشێوە دەتوانێت لە عێراق دا بەردەوام بێت، بەتایبەت هەراسان کردنیان وایکردووە لە جوڵە بوەستن، یاخود ئەمەریکا نایەوێت گەمارۆدانی باڵیۆزخانەکەی دووبارە ببێتەوە، چونکە ئەمە زیانی گەورەی بۆ وێنەی ترەمپ دەبێت، کە وەکو سەرۆکێکی بەهێز خۆی وێنا دەکات."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، دەربارەی یەکدەنگ نەبوونی هێزە شیعیەکان لەبەرامبەر موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانەکان و یەکتری تۆمەتبارکردنیان بە زیان گەیاندن بەناوبانگی عێراق، ڕوونیکردەوە ئەو هێزانە ئامانجیان مانەوەیە، بەتایبەت لەم دۆخەدا کە لەژێر فشاری خەڵک و شەقام و ئەمەریکادان، بۆیە ئاساییە پەیامی جیاوازیان هەبێت، یاخود ڕووی خۆیان بگۆڕن، ئەمە بەشێکە لە یاری مانەوە و خۆگۆڕین، تا بتوانن لەگەڵ دۆخەکە بگونجێن، مانەوە بە بەهێزی بۆ ئەو هێزانە گرنگە، چونکە هاوکێشەی عێراق بەجۆرێکە جێگەی هێزی لاوازی تێدا نابێتەوە.

هەراسانکردنی باڵیۆزخانە و کوشتنی چالاکوانان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، لەکاتێکدایە تا ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیووە هەنگاوی یەکلاکەرەوە لەبەرامبەر ئەو گروپانە بنێت و کۆتایی بە پێشێلکاریەکانیان بهێنێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر