لەگەڵ ڕووداوەکاندا: مەترسی میلیشیا شیعەکانی عێراق

جارێکی تریش مشتومڕی نێوان ئەمریکا و ئێران سەرهەڵدەداتەوە پاش درێژەدان بە هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

دیپلۆماتانی عێراق لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان بۆ ڕێگەگرتن لە هەر تێوەگلانێکی عێراقییەکان لە هەر بەریەککەوتنێکدا.

میلشیا توندڕەوەکان، ئەوانەی بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جموجۆڵدان، ناڕەزایی ئەمریکایان زیاتر کردووە، عێراقییەکانیش لە ڕەوشێکی نیگەرانیدان و دەزانن هەر هەنگاوێکی نەخوازراو لە ئاوەها ڕەوشێکدا دەشێت قەیرانی کارەساتاوی بەسەر وڵاتەکەیاندا بێنێت، لە کاتێکدا چەندان کێشەی تر وەک بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، گەندەڵی، ناتەبایی سیاسی، کێشەی ئابوری و دارایی و چەندانی تریش بەرۆکی عێراقی بە شەڕ وێرانبوویان گرتووە.

هاوکاتی سەردانەکەی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا لە کۆشکی سپی، یەکێک لە پرسە سەرەکی و گرنگەکانی باسکران بریتی بوو لە دۆسێی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران.

ئەم میلیشیایانە دەیان هێرشی موشەکییان کردۆتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، بەردەوامیش بەغدا پەیمانی سنوردارکردنی جموجۆڵی میلیشیاکانی داوە بە ئەمریکا، بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەو هێرشانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە بۆ سەر زۆنی سەوز کە باڵیۆزخانەی وڵاتان لەوێن و بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش و هەروەها بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغداش.

میوانی بەرنامە:


دانا جەزا عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان.

ئەمریکا لە ئێستادا بژارەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەبەردەستدایە و بژارەیەکی کراوەشە، وەک زۆرێک لە چاودێر ئاماژەی پێدەکەن؛ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە مانای بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو کەس و لایەنانەن کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکاندا.

ئەگەرچی هەندێک لایەن لە عێراقدا تێگەیشتنێکی ڕژدیان هەیە بۆ هەڵوێستی واشنتۆن، بەڵام دەکرێت بگوترێت هێشتا ئەو تێگەیشتنەیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بزانرێت ئەمریکا چەندێک ڕژد و سوریشە لەسەر پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە تەواوی ناوچەکەشدا.

دەگوترێت ئەم سەرەک وەزیرەی ئێستای عێراق دەخوازێت جموجۆڵی میلیشیاکان سنوردار بکات، بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا حزبوڵای عێراق و عەسائبی ئەهلی حەق و ڕێکخراوە میلیشیاییەکانی تر، گوێ بەو خواستەی ئەلکازمی دەدەن؟!

هەرچۆنێک بێت ڕەوشەکە لە عێراقدا ناجێگیر و نا ئارامە، ئەگەرەکان زۆرن، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی میلیشیاکان لەلایەن ئەمریکاوە، یان ئەوەی حکومەتی عێراقی خۆی بەرەنگاریان ببێتەوە، هەرچەندە ئەم بژارەیەی دووهەمیان "ئەگەر بکرێت" بێبەش نابێت لە مەترسی تر بۆ وڵاتەکە وەک شەڕی ناوخۆ.

ئا لەم نێوەندەدا وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە، حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران بە فوئاد حوسەینی وتووە، بوونی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی کەنداو زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

ڕۆحانی لە پەیامەکەیدا نەیشاردۆتەوە وەک دەڵێت "دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق ئەرکی ئێرانە."

ئایا حکومەتی عێراق بە تەنیا دەتوانێت جموجۆڵی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران سنوردار بکات؟

ئایا چ دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەستی موستەفا ئەلکازمی سەرەک وەزیری عێراقدا بووە؟

ئایا کشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە مانای پشتکردنە کازمییە؟

ئایا لایەنە شیعەکانی عێراق، تێگەیشتنیکی تەواویان هەیە بۆ پەیامەکانی ئەمریکا؟

دانا جەزا عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: مەترسی میلیشیا شیعەکانی عێراق