دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بهرنامهی كاری دانیشتنی رۆژی 5ى ئەم مانگەی ڕاگهیاند و پەرلەمانتارانی ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەكەدا كە تێیدا هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ئاوات جەناب وەزیری دارایی ئامادە دەبن بۆ گفتوگۆكردن و خستنەڕووی كۆمەڵێك پرس.
لەو بابەتانەی چاوەڕوان دەکرێت باس بکرێن؛ ههنگاوهكانی جێبهجێكردنی پڕۆسهی چاكسازی لهكابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، خانهنیشنی لهههرێمی كوردستانی عێراق، بارودۆخی دارایی ههرێمی كوردستان و دابهشكردنی موچه و هەروەها دانوستانهكان لهگهڵ حكومهتی عێراقی فیدراڵ و بارودۆخی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم و لێكهوتهكان و ههنگاوهكانی بهرهنگاربوونهوهی پهتای كۆڕۆنا.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت " هاتنی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانە بە پێی مادەی 66 ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆك وەزیران دەتوانێت داوا بكات بێتە ناو پەرلەمان لەسەر بابەتێك كە خۆی بیەوێ ڕوونكردنەوەی لەسەر بدات بۆیە كۆمەڵێك بابەتی گرنگ هەن کە پرسیار بوون بۆ خەڵكی كوردستان و پەرلەمانتاران، وەک پرسی نەوت و دارایی و ناوچە كوردستانیەكان و ڕێككەوتنەكان لەگەڵ عێراق و ئەو هەموو وردەكاریانەی كە پەیوەندیان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە لە مەسەلەی كارەبا و ڕێگەوبان واتا وردەكاریەكی زۆر دەبێت لەسەر كارەكانی حكومەت لە دانیشتنەكانی بەیانیدا."
ئایا دەرفەت بە پەرلەمانتاران دەدرێت پرسیار لە سەرۆكی حكومەت و جێگر و وەزیری دارایی بكەن یان بەشێوەی وتاردان ڕوونكردنەوە و گفتوگۆ دەكرێت؟
هەورامانی لەوبارەیەوە دەڵێت" بەڵێ مەجالی قسە دەدرێت و پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان دەتوانن قسە بكەن و ئەگەر پرسیارێكیان هەبێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەتوانن بیكەن"
لەبارەی ئاكامی یاداشتی ئەو 23 پەرلەمانتارە کە سەبارەت بە پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە بەپێی زانیاریەکانتان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو یاداشتەی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی کردووە و ئایا جارێکی تر سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی دێنە پەرلەمان ؟
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی تایبەت بەخۆی هەیە و ئەوەیان بابەتێكی ترە بۆیە هەموو تەركیزیان لەسەر ئەو دانیشتنەی بەیانیە كە بەشێوەیەكی باش بەڕێوەبچێت و هەوڵ بدەن ئەو وەڵامانەی خەڵك وەربگرن و ئەو پرسیارانەی كە هەبوون لە پەرلەمان بدرێنەوە و بێگۆمان ئەگەر بەیانی سەرۆك وەزیران كە دێتە پەرلەمان و بەشێوەیەكی شەفافانە لەسەر هەموو پرسەكان قسە بكات، وەک دەڵێت "كە پەرلەمانتاریش پرسیاری كرد ئیتر باوەڕ ناكەم هیچ شتێك بمێنێتەوە قسەی لەسەر بكرێت بۆیە ئەوەیان بابەتێكی دیكەیە."
دەگوترێت پاش ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران دڵنیابووەوە كە ئیمزای یاسای یاداشتی پرساندن لە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیری دارایی تەواوبووە، سەرۆکی حکومەت داوای دانیشتنی پەرلەمانی کردووە کە تایبەتە بەگفتوگۆ لە نێوان پەرلەمان و حکومەت واتا پرۆسەی پرساندن و لێسەندنەوەی متمانەی تێدا ناکرێت بەڵکو تەنھا بۆ خستنەڕووی بابەتێکی گشتییە بۆگفتوگۆ، ڕای ئێوە لەوبارەیەوە چیە ؟
پێشەوا هەورامانی دەڵێت "هیچ شتێك نیە سەرۆكی حكومەت لێی بترسێت حكومەتەكەی حكومەتێكی شەفافە و مەسەلەی لێسەندنەوەی متمانە ڕوونادات ئەمە بابەتێك نییە بە یەك دانیشتنی پەرلەمان ڕووبدات و سەرۆكی حكومەت بۆ لە پرسێك بترسێت كە 45 كورسی لەناو پەرلەمانی كوردستاندا هەیە، خۆی داوای كردووە كە بێتە پەرلەمان و وردەكاری ئەو بابەتانە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو و كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەفافیەت بووە بۆیە بابەتی شەفافیەت و شەفاف بوون لەگەڵ خەڵك و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دیكە یەكێك دەبێت لەو كارانەی كە لە حكومەت بەدیكرا و هیچ ترسێكیان نەبینیوە لەمە چونكە پرسیارەكان بەڕوونی و بەبێ هیچ ئەملاوئەولا وەڵامدەدرێنەوە.
پرسی نەوت و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی تێدا باس دەكرێت ؟
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی دارایی، پرسی وزە، پرسی ناوچە كوردستانیەكان ، مەسەلەی ڕێكکەوتنەكان لەگەڵ عێراق و وردەكاری زیاتریش باس دەكرێن.
دەگوترێت بۆچی سەرۆکی حکومەت پێشتر ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەدەبوو ؟ دەڵێن بەنمونە 4 مانگە ھەر بە پێی ماددەی 66 ی پەیڕەوی ناوخۆ داوای دانیشتنی پەرلەمان كراوە بۆ بانگھێشتکردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارای لەسەر پرسی موچە و نزیکەی 10 مانگیشە لەسەر خاڵەسنورییەکان داوای دانیشتن كراوە کەچی لەسەر ئەم پرسە نەھاتونەتە پەرلەمان بەڵام ئێستا سەرۆکی حکومەت خۆی داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکات ؟
پێشەوا هەورامانی لەوبارەیەوە دەڵێت" زۆرترین وەزیر تا ئێستا كە بەشداری كاری پەرلەمانیان كردبێت لەماوەی ئەم ساڵی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا بووە وەزیری دارایی چەند جارێك هاتووە بۆ پەرلەمان وەزیری تەندروستی هاتووە زۆربەی وەزیرە تایبەتمەندەكان هاتوون قسەیان هەبووە لە پەرلەمان و جگە لە بەشداری لە كۆبوونەوەی ناو لیژنەكانی پەرلەمان هیچ كاتێك حكومەت سڵی لەوە نەكردووەتەوە كە وەڵامی پرسیارێك نەداوەتەوە، لەبەر ئەوەی شتێكی نا ڕوون نییە و پرسیارەكان وەڵامیان هەیە و ئاساییە ئەگەر پەرلەمانتارێكیش پرسیاری هەبێت بەڵام هەم وەزیرەكان هاتوون هەم هاتوونەتە كۆبوونەوەی لیژنەكانەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سێ وەزیر لەناو پەرلەمان بوون لە چەند دانیشتنێكی پێش ئێستا وەزیری دارایی لەناو پەرلەمان بوو دەیان پرسیاری لێكرا، هەندێك شت هەیە زیادەڕوویی تێدا دەكرێت."
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5