بەلانی کەم 8 کەس کوژراون لە ئاکامی هێرشی هێرشبەرێکی خۆکوژەوە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، بۆسەر کاروانی فەرمانڕەوای هەرێمێکی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، وەک کاربەدەستان دەڵێن.
کاربەدستان ئاماژەشیان بەوە کردوە, 4 لە کوژراوەکان خەڵکی سیڤیلن.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕەوشی ڕەحمەتوڵا یارماڵ نەزانراوە و کاربەدەستان هەواڵەکانی میدیای خۆجێییان پشتڕاست نەکردۆتەوە کە دەڵێن بە سوکی بریندار بووە.
ئەسەدوڵا دەوڵەتزای، وتەبێژی یارماڵ دەڵێت لە هێرشەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی شاری میهتەرلام، پایتەختی هەرێمی لغمان، نزیکەی 30 کەسیش برینداربوون و خەڵکی سیڤیل و سەربازیشی تیادایە.
تاریق ئاریان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان دەڵێت 4 لە کوژراوەکان پاسەوانەکانی فەرمانڕەوای هەرێمی لغمانن و 28 کەسیش لە بریندارەکان خەڵکی سیڤیلن.
هیچ لایەنێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و هەروەها تاڵیبانەکانیش لەو ناوچانەدا جموجۆڵیان زۆرە و پێشتریش هێرشیان کردۆتە سەر نوێنەرانی حکومەت و کاربەدەستانی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەروەها خەڵکی سیڤیلیش.
نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە قەتەر دانوستاندن دەکەن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەیان ساڵی شەڕ. ئەم وتووێژانەش دوابەدوای ڕێککەوتنە ئاشتیانەکەی مانگی 2ی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان دەستیانپێکرد.