سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، هۆشداری دەدات لە خراپتربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، بەهۆی پشتگوێخستنی بازرگان و وەبەرهێنەرە کوردەکان لەلایەن حکومەتەوە، جەختیش دەکاتەوە بازرگان و کۆمپانیا ئێرانی و تورکیەکان بەسەر بازاڕەکانی هەرێم و عێراقدا باڵادەستن.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، دەڵێت"هیچ یاسایەک لەهەرێمی کوردستان بوونی نییە پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، بۆیە بازرگانەکان توشی زەرەر دەبن، بازرگانە ئێرانی و تورکیەکان مەجالی بازرگانە ناوخۆییەکان لە زۆر بواردا نادەن، چونکە حکومەتەکانیان پارێزگاریان لێدەکەن و دەعمی باشیان دەکەن، پارەیان بۆ دەدەن، لە ناردنی پارەدا بۆ دەرەوەی وڵات هاوکاریان دەبن."
دەشڵێت"هەرێم نەیتوانیووە یاسایەکی وا دەربکات پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکات، دەرگاکانی هەرێم لەئاست بەرهەمی هاوردەکراو کراوەن، زۆرجار بازرگان و جوتیارە کوردەکان زەرەری گەورە دەکەن، چونکە لە ناوەوە و دەرەوەش دژایەتی دەکرێن."
سسیروان محەمەد، ڕوونیکردەوە هیچ بانکێک لەهەرێمی کوردستان بوونی نییە، دەعمی بازرگان و جوتیارەکان بکات، هەموویان لەگیرفانی خۆیان دەیدەن، لەکاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتان، بانکەکان بەڕووی بازرگانەکاندا کراوەن و بە قازانجێکی کەم پارەیان پێ دەدەن، وتیشی" زۆر کۆمپانیای تورکی و ئێرانی بەرهەمی ناوخۆیان نییە، دەچن لە وڵاتانی ترەوە کاڵاو شمەک دەهێنن بۆ عێراق و هەرێم و دژایەتی بازرگانەکانی ئێرە دەکەن."
سەبارەت بە باڵادەستبوونی بازرگانە ئێرانی و تورکیەکان بەسەر بازاڕەکانی عێراق و هەرێم، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی"باڵادەستبوون، چۆن باڵادەست نابن، سەیری بەرهەمەکان بکە، هەمووی ئێرانی و تورکین، مەجالی بازرگانی ئێمە نادەن هەناسە بدات، چونکە ئێمە هیچ دەعمێکمان نییە، تابتوانین رکابەری کۆمپانیا بیانیەکان بکەین."
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سسلێمانی، ڕوونیکردەوە بێ موچەیی، وای لە خەڵکی کوردستان کردووە ئیفلیج بێت، گەر حکومەت دەعمی کەرتی تایبەت نەکات، هەلی کار نەڕەخسێنێ بۆ خەڵک، زەمینە بۆ کارگە و بازرگان و جوتیارەکان خۆش نەکات، لەوانەیە کارەساتی خراپتر ڕوو بدات.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد باسیلەوەکرد هەڵکشان و داکشانی بەهای تمەن و لیرەی تورکی، کاریگەری لەسەر پرۆسەی بازرگانی نییە، ئێرانیش هەرچەندە دراوەکەی بەها لەدەست بدات، کاڵاکانی گرانتر دەکات و ڕێگەنادات بەهەرزان فرۆشکردنی بەرهەم و کاڵای وڵاتەکەی.
Your browser doesn’t support HTML5