کاردانەوەکان لەمەڕ هێرشکردنە سەر لقی پارتی لە بەغدا و سوتانی ئاڵای هەرێمی کوردستان

ڕۆژی شەممە ژمارەیەک خۆپێشاندەر هێرشیان کردە سەر لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا و ئاڵای هەرێمی کوردستانیان سوتاند.

رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناو بوو بە جێگای نیگەرانی و دڵگرانی خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەداران و کەسایەتی جیاجیا و هاووڵاتیان بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ئەو پرسە خستەڕوو و ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند " سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێکى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌. ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێک که‌ هێزێکى سه‌ره‌کيى ڕووخاندنى دکتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناکۆکه‌، هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە. نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێکده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بکرێنه‌وه‌."

لە لایەکی ترەوە بەپێی سەرچاوەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندى سووتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەکات و هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەک لە لایەن هەر کەس و گرووپێکەوە بۆ سەر سیمبۆلەکانی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی جێگەی قبووڵکردن نییە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر".

لەو ڕاگەیەنراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێکی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستکەوتەکانی و ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان بگرێتەبەر و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن، رێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیەنن.

سەبارەت بە پەنابردن بۆ یاسا و دادگا خەتاب عومەر، سەرپەرشتیاری گرووپی پارێزەرانی خۆبەخش بۆ پرسە گشتیەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"سوتانی بارەگا حزبیەکان لە لایەن چەند کەسێکەوە کە بەرپرسیارەتی گشتی هەڵدەگرێت لە یاسای عێراقیدا، ئەگەر پلانی لە پشتەوە بێت دەچێتە ژێر بەندی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەپێی بەندی 156 لە یاسای سزادان ئەوا سزای گرانی هەیە و بارۆدۆخی عێراق ئەوە دەخوازێت کە بەندی 222 لە سەر ئەوان جێبەجێ بێت و یاساش مافی قەرەبوکردنەوە دەداتە لایەنی زیان پێگەیشتوو."

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو هێرشەی ڕۆژی شەممە بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا وەکو کاردانەوەیەک بووە بۆ لێدوانێکی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر حەشدی شەعبی.

هۆزان سەمەد هاووڵاتیەکی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " رووداوێکی تێکدەرانەیە و نیشانەی قبوڵنەکردنی پێکەوە ژیانی نەتەوەییە، فەرهەنگی ئاشتی و پێکەوە ژیان لەعێراق دەخاتە بەردەم مەترسی و ئاقارێکی نادیارو پڕۆسەی سیاسی لەنگەر دەکات."

شەش ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە ئەحمەد حاجی رەشید، سەرکەوت شەمسەدین، رێبوار کەریم مەحمود، غالب محمد عەلی، سروە ونس و هۆشیار عەبدوڵا کە لە فڕاکسیۆنی جیاجیای نێو پەرلەمانی عێراقن، وەک ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو شەش ئەندام پەرلەمانە پێکەوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و لە بەیاننامەکەی ئەواندا هاتووە ئەوان سەرکۆنەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک بکرێت لەژێر هەرناوێک بێت هەروەها سەرکۆنەی سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەرکی حکومەتی عێراق و هەرێمە پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی بکەن و رێگەنەدەن لێدوانی نا بەرپرسانەی حزبە سیاسییەکان ببێتە هۆی دروستبونی توندوتیژی.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە " ئەوەش بەبیر دێنینەوە کە هێزێکی سیاسی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان و چەند هێزێکی عێراقی سیاسەتەکانیان هۆکارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەتەی تائیفی و دروستکردنی رق و کینە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکان ئەم جۆرە گوتارانە پەرەپێدەدەن."

شوان محەمەد بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "چەند ڕۆژێکە دیارە لە لایەن هەندێک خەڵکی دوور لە یاسا هەندێک گرووپی ملیشیاوی بەشێوەیەکی زۆر چڕوپر هێرشیان دەکردە سەر پارتیمان و بارەگای پارتی لە بەغدا و دواجار ئەمڕۆ بەیانی هێڕشیان بۆ بارەگای ئێمە هێنا و بارەگاگەیان سوتاند و ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو رێگەیەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی ئیجرائاتی توند دەرحەق بەو کەسانە بکات."

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەشڵێت" ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق ڕوویدا یەکەمجار حکومەتی عێراقی ئامانجە، چونکە پێشێلکردنی بارودۆخی ئاسایشی بەشێوەیەکی خراپ بەسەر حکومەتی عێراقیدا دەشکێتەوە لە دواجاریشدا ئێمه وەکو پارتێکی سیاسی لەعێراقدا پاراستنی بارەگاکانی ئێمە دەکەوێتە سەر ئەستۆی حکومەتی عێراق."
کلارا عۆدیشو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فڕاکسیۆنی ئەنجومەنی کلدانی ئاشوری سریانی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو ڕووداوەی بەغدا مەترسی لەسەر پێکهاتەکان و خەڵکی کریستیان هەیە چونکە ئەوان کەمینەن و نامەیەکە بۆ ئەوان لەبەر ئەوەی لەپێش چاوی حکومەت بارەگای حزب و ئاڵای کوردستانیان سوتاند واتا ئەمە زۆر مەترسیدارە لەسەر خەڵکی کریستیان، حکومەتی عێراق لەوێ نەیتوانی ئەو خۆپێشاندەرانە بوەستێنێت چوون دەتوانن خەڵکی وەک کریستیان و دێرەکانیان بپارێزن."

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی کوردستاندا دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەو ڕووداوەی بەغدا پەیوەندی بە جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای گووت وتەبێژی حزب بۆچوونی لەمەڕ ئەو ڕووداوە خستووەتەڕوو. خەلیل ئیبراهیم وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت " سوتاندنی ئاڵای کوردستان وبارەگای پارتە سیاسییەکان لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دیاردەیەکی ناشارستانییە و، دژە بە پرنسیپەکانی دیموکراسیەت و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، هاوکات سوتاندنی ئاڵای هەرێمێکی دەستووری کە هێمای گەلێکی پڕ قوربانییە، بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی دیکتاتۆریەت و بونیاتنانی عێراقێکی پێشکەوتووی دیموکراسی، مایەی نیگەرانی قووڵ و بریندار کردنی هەستی نیشتیمانیی گەلی کوردستانە، عێراق لەم دۆخەدا کە پێویستی ژیانیی بە حیواری نیشتیمانی و لێک تێگەیشتنی سیاسی قووڵ و سەپاندنی ئیرادەی دەوڵەت هەیە ئەم جۆرە دیاردانە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەبار دەبات ، ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، وێڕای ئیدانە کردن ، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین و بە پێویستی دەزانین دەوڵەت ، هەیبەتی یاسا ، بەسەر کۆی روداوەکاندا بسەپێنێت."