کەنار کۆکۆیی: ئەو ڕێسا نوێیەی لە دووا دیبەتی سەرۆکایەتیدا بەکارهات سەرکەوتوو بوو

کەنار کۆکۆیی

شەوی پێنجشەممە دووا دیبەیتی سەرۆکایەتی بەر لە هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 لە نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپی کۆماری و جێگری سەرۆکی پێشوو جۆو بایدنی دیموکرات لە زانکۆی بێلمۆنتی شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنسی بەڕێوە چوو.

دیبەیتەکە لەلایەن کریستن وێلکەری کەناڵی NBC News بەرێوە چوو. ئەم دیبەیتە بە ڕێسایەکی نوێیەوە بەڕیوەچوو. بە پێی بڕیاری کۆمسیۆنی سەربەخۆی دیبەیتەکانی ئەمەریکا کاتێک هەرکام لە کاندیدەکان لەو دوو خولەکەی بۆیان تەرخان کرابوو وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە مایکرۆفۆنی ئەوەی تریان دادەخرا تا نەتوانن قسە بەیەک ببڕن و بتوانن لەو ماوەیەی بۆیان دیاری کرابوو بۆچوونەکانی خۆیان بە دەنگدەرانی ئەمەریکا بگەیەنن هەرچەندە لە ئێستاوە زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا دەنگی پێشوەختیان داوە.

شارەزایان پێیان وایە شێوازی بەڕێوەچوونی دیبەیتەکەی شەوی پێنجشەممە زۆر شارستانی تربوو بە بەراورد لەگەڵ دیبەیتەکەی کۆتایی مانگی 9 کە هەردوو کاندید زۆر بە بێڕێزی قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد و لە زۆربەی کاتەکاندا قسەیان بە یەکتر دەبڕی.

ترامپ و بایدن لە دووا دیبەیتی سەرۆکایەتیاندا، 22 ی 10 ی 2020

لەم دیبەیتەدا پرسیار لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤد-19، خێزانەکانی ئەمەریکا، بابەتی نژادپەرستی لە ئەمەریکا، گۆڕانکاری کەشو هەوا، ئاسایشی نیشتمانی و ڕێبەرایەتی کردن لە هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتی بایدن و ترامپ کرا. سەرەتای مشتومڕەکەش بە بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیپێکرد.

کەنار کۆکۆیی سەرۆکی کۆمپانیای تەندروستی چیرۆک بنکە لە ناشڤێڵ تێنسی پێی وایە لەم بابەتەدا کەسیان نەیانتوانیوە بە تەواوەتی متمانە بدەن بە ئەمەریکاییەکان کە مامەڵە کردنیان لەگەڵ ڤایرۆسەکە باشتر دەبێت چونکە شێوازی ڤایرۆسەکە زۆر مەترسیدارە " لە ئێستادا نەک هەر ئەمەریکاییەکان هەمو کەس لە تەواوی جیهان چاویان لەو بابەتەیە چونکە ئەمە نەخۆشیەکی کوشندەیە لە تەواوی جیهاندا."

سەرۆک دانۆڵد ترامپ

خاتو کۆکۆی باس لەوەش دەکات کە سەرۆک ترامپ چەند جارێک گوتویەتی کە ڤاکسینێک لە ماوەیەکی کورتدا ئامادە دەبێت بەڵام دەڵێت " تەنانەت هەفتەی ڕابوردوو سەرۆکی کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر ڕایگەیاند ڕەنگە هەتا مانگی 6 ی داهاتوو ڤاکسینێک ئامادە نەبێت بۆ ئەمەریکاییەکان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی زانستی لەسەر ئەوە نییە کە بەم زووانە ڤاکسینێک ئامادە بێت."

سەربارەت بە قسەکانی جۆو بایدن لەو بارەیەوە دەڵێت " لە ڕاستیدا هیچ کامیان لەم بوارەدا ( ڤایرۆسی کۆرۆنا) شارەزاییان نییە، پێویستە گوێ لە زانایان بگیردریت گوێ لە پسپۆڕانی ئەو بوارە بگیرێت."

جۆو بایدن جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا

سەرۆکی کۆمپانیای تەندروستی چیرۆک کە کار لەسەر بیمەی تەندروستی دەکات سەبارەت بە بابەتی بیمەی تەندروستی لە دیبەیتەکەدا ڕایگەیاند ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە هەر گرنگەکان بەلای دەنگدەرانی ئەمەریکاییەوە " لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان بیمەی تەندروستی گشتی هەیە بەڵام لە ئەمەریکا ئەمە نییە و خەڵکانێکی زۆر بەبێ بیمەی تەندروستین."

لە میانەی بابەتی ئاسایشی نیشتمانی هەر یەک لە ترامپ و بایدن یەکتریان تاوانبار کرد بە چاوپۆشی کردن لە ڕەفتارەکانی ڕوسیا، چین و کۆریای باکور و ئێران.

دەقی وتووێژەکەی هێرۆ زەنگەنە لەگەڵ کەنار کۆکۆیی

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ کەنار کۆکۆیی