ژیان لە فەرهەنگدا: قەرەنی جەمیل

گەلێک گرنگە کاتێک لەبەردەم تابلۆیەکدا ڕادەمێنین، وەک گێڕانەوەی چیرۆکێک یان خوێندنەوەی هەواڵنامەیەک لێی نەڕوانین، هێندەی ئەوەی وردبوونەوەمان لە تابلۆکان وەک گەڕانێکی بێوچان بێت بە شوێن ڕەهەندە هونەرییەکانی ئەو تابلۆیەدا.

دەشێت سیاسەت و ڕەوشی سیاسی و کارەساتەکانیش وەهایان کردبێت هەر تەنها لە چەمکێکەوە تابلۆ هونەرییەکان ببینین، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئەو جۆرە خوێندنەوانەش بۆ تابلۆ بڕەوێنەوە.

لە ئێستادا کەم نین ئەو بینەرانەی ناخوازن تابلۆ وەک دروشمی سیاسی و گوزارشت کردن لە بیرکردنەوەی سیاسی ببینن، بەڵکو دەیانەوێت هەر هیچ نەبێت بڕێک لە هزر بخوێننەوە و چێژ لە ئیستاتیکای تابلۆ ببینن؛ لە بیریشمان نەچێت کاری هونەری ڕژد لەوەدا خۆی سنوردار ناکات کە تەنها بینەرانی ڕازی بکات، بەڵکو وەها دەکات بینەر ببێتە بەشێکی گەورە و گرانی کارە هونەرییەکان.

لیرەدا یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان ئەوەیە، کێ بڕیار لەسەر کارێکی هونەری دەدات؟ بێگومان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ناکرێت باس لە ڕەخنەیەکی بابەتیانە نەکرێت وەک یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینە بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی کارە هونەرییەکان، لەو ڕوانگەیەوەی بەستەرێک لە نێوان بینەر و تابلۆدا دروست دەکات لە پێناو هەبوونی دیالۆگێکی ڕژددا.

ئەو کاتانەی لە تابلۆکانی هونەرمەند قەرەنی جەمیل دەڕوانم، هەست دەکەم زمانێکی باڵای هونەریی دەئاخڤێت.

قەرەنی جەمیل، لە تابلۆکانیدا سنور ناناسێت، دەست بۆ خەونەکان دەبات و لە یەک کاتدا هەست و نەست دەخاتە جوڵە بۆ بیرکردنەوە و دۆزینەوەی ئەو مانایەی کە پێویستە بینەر خوێندنەوەی بۆ بکات.


ئەم هونەرمەندەمان پێمان دەڵێت، هونەر پانتاییەکە بۆ خەیاڵی هونەرمەند و لەو پانتاییەدا ڕەنگەکان ئەو خەیاڵە بەرجەستە دەکەن. ئەم پیاوە چەمکە باوەکان تێدەپەڕێنێت و وێنای دنیایەکی ترمان پێدەبەخشێت کە دەشێت پێشتر زۆربەمان پێی ئاشنا نەبووبین، لەو ڕوانگەیەوەی قەرەنی جەمیل بە ڕەنگ وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە و هەر یەکێکیش لەو وڵامانە چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە.

ئایا قەرەنی جەمیل کامیانی زیاتر بەلاوە گرنگە، لە زەمەنی ئێستای تابلۆیەکیدا بمانهێڵێتەوە، یان ئەو زەمەنە بەجێبهێڵین؟

ئایا چی بکرێت تا هونەر و بەتایبەتیش هونەری شێوەکاری ببێتە بەشێک لە کلتور؟

ئایا مەرجە هەموو تابلۆیەک بینەرانی خۆی تووشی سەرسوڕمان بکات؟

ئایا کات و شوێن چەند کاریگەری و ئامادەیی هەیە لای هونەرمەند قەرەنی جەمیل؟

قەرەنی جەمیل، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: قەرەنی جەمیل