کاریگەری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق و هەرێم

وەکچۆن دانیشتوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵایەتەکەیانن، بەهەمانشێوە دانیشتوانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت عێراق، ئێران، تورکیا و هەرێمی کوردستانیش ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەیان بەلاوە گرنگە.

گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەو ڕوانگەیەوەیە کە پێیانوایە سیاسەتی داهاتووی ئەو وڵاتانە، کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتەکانیان.

کاریگەری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەسەر بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکدایە، بەهای تمەن و لیرەی تورکی بەردەوام هەڵکشان و داکشان دەکەن و بەهای خۆیان لە دەستداوە، بۆیە خەڵکێکی زۆر ئەو دوو دراوەی کڕیووە و چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنە.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خەڵکی سات بە سات چاودێری هەڵبژاردنی ئەمەریکا دەکەن، چونکە ئەو پرۆسەیە بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە گرنگی خۆی هەیە و ئایندەی سیاسی ئەم ناوچەیە بەستراوەتەوە بەئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەوە، بەتایبەت ئایندەی تورکیا و ئێران و دراوەکانیان."

وتیشی"دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، ڕەنگە جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لەم ناوچەیە دروست ببێت."

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دوو بۆچوون لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە بەدیدەکرێن، بۆچوونێکیان پێیانوایە دەرچوونی جۆبایدن، دەبێتە هۆی لاوازبوونی تورکیا و فشاری ئەمەریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، بۆچوونەکەی تریش، وایدەبینێت دەرچوونەوەی دانۆڵد ترەمپ یەکسانە بە کەوتنی ئێران و قورسکردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.

بەڵام دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەمەریکا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەڵێت"ئەنجامی هەڵبژاردن بەنیسبەت عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ دروست ناکات، هیچکامیان لە کاتی بانگەشەشدا زۆر بایەخیان بەم ناوچەیە نەدا."

مەحمود عوسمان، دەشڵێت" تەنها بایدەن هەڕەشەی سنوردانانی بۆ تورکیا کرد، ئەوە کەمێک مایەی گەشبینی بوو، ئەگینا سیاسەتی ئەمەریکا بەنیسبەت ئەم ناوچەیەوە زۆر گۆڕانکاری بەسەر نایەت."

هاوكات ڕۆژنامەنوس شوان محەمەد،ئاماژەبەوەدەکات دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئەمەریکا وەکو هێزێکی گەورەی ئابووری و سیاسی و سەربازی لە جیهاندا ڕۆڵی هەیە، بە تایبەت دوای گرتنی کوەیت لەلایەن عێراق و لێدان لە ڕژێمی بەعس، دەرفەتێکی وا هاتە ئاراوە، ئەمەریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی هەبێت لە ناوچەکەدا، دەڵێت"ئەمەریکا بۆ کورد ڕۆڵی یەکلایی کەرەوەی هەبووە، هەرکات ئەمەریکا لەناوچەکە بەهێز بووبێت، کوردیش بەهێزبووە، هەرکاتیش ئەمەریکا پشتی لە کورد کردبێت یان کورد گوێڕایەڵی نەبووبێت، کورد دۆخی خراپ بووە."

دەشڵێت"تائێستا ئەمەریکا سۆپەرپاوەرێکی سەربازی و ئابووری گەورەیە لەناوچەکە، مافەکانی کورد و دۆزی کورد هاوتەریبن بەگەڵ بوونی ئەمەریکا لەناوچاکەدا."

ئێوارەی ئەمڕۆ، تەنها بۆ دانیشتوانی ئەمەریکا گرنگ نیە، بەڵکو بۆ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ئێرانیش گرنگە، بەو پێیەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕووندەبێتەوە.