بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتن و مەرجدارکردنی ناردنی بودجەی هەرێم، هەرێمی کوردستان و حیزب و لایەنە کوردیەکانی توڕەو نیگەران کردووە، لەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە دارایی و ئابوریانەی بەهۆی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە، بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان دەیەوێت دانیشتنێک بۆ کوتلە کوردیەکان ڕێکبخات و دواتر وەفدێکیش ڕەوانەی بەغدا بکات، بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییانەی بەهۆی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە بەرۆکی دەگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێککەوتن، هیچ ڕێگەچارەیەکی تری لەبەردەم نیە.
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو مادە یاساییەی بودجەی هەرێمی پێ ڕاگیراوە، مادەیەکی یەکلایی کەرەوە و حاسم نیە، بەڵکو بە پێی ئەو مادەیە، بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێ، گەر هەرێم پابەند نەبێت بە ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی کۆمپانیای سۆمۆ بۆی دیاریدەکات، لەگەڵ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتیەکان."
بەهار مەحمود، وتیشی"گەر هەرێم پابەند بێت بەو بڕە نەوتەی سۆمۆ بۆی دیاریدەکات و داهاتە نانەوتیەکان ڕادەست بکات، ڕەنگە زیاتر لە 320 ملیاریشی پێبدرێت، بەڵام هەرێم لەدوو ساڵی ڕابردوودا، پابەند نەبووە و نیەت پاکی نیشان نەداوە، بۆیە ئەوە لە پەرلەمان ڕوویدا، لایەنە شیعیەکان دەڵێن: ئێمە دوو ساڵە نیەت پاکیمان نیشانداوە و بودجە بۆ هەرێم دەنێرین، کەچی هەرێم یەک لیتر نەوت و داهاتی نەداوەتە بەغدا، بۆیە چیتر جەماوەرەکەمان لێمان قەبوڵ ناکەن، بێدەنگ بین."
مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و بڕیارەکەی بە "خەنجەر لە پشتەوەدان لەکورد" وەسفکرد، ئەمڕۆ هەینیش، دکتۆر بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا، دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراقی بێ چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکارێکی ناتەواو وەسفکردووە، ڕایگەیاندووە"ئەم یاسایە، بێ ڕەچاوکردنی سازانی نیشتیمانی، بەدیاریکراوی بێ خواستی کورد تێپەڕێنرا، کە پێشینەیەکی مەترسیدارە."
بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەدوێنێ پێنجشەمەوە، چەندین پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و بەرپرسانی هەرێم لەلایەک، هەروەها لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و بەرپرسانی عێراق و کوتلە عێراقیەکان لەلاکەی تر ئەنجامدراوە، بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان.
حەسەن جیهاد ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دەبێت شتە گرنگەکان بە مەبدەئی تەوافق یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ماوەیەکە لە عێراقدا کار بە تەوافق ناکرێت، شتەکان لەپەرلەمان بەدەنگدان یەکلایی دەکرێنەوە."
وتیشی"سەرۆک کۆمار لە دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە، لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردی و عێراقیەکان لەسەر هێڵە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی یاسایی، بۆ ئەو گرفتەی توشی هەرێم بووە بەهۆی بڕیارەکەی پەرلەمانەوە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ترسی گەورەی هەرێم لە بڕیارەکەی دوێنێ ی پەرلەمان نیە، بەڵکو ترسی گەورەی هەرێم، دووبارە بوونەوەی هەمان سیناریۆیە، لەکاتی گفتووگۆکردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا بێتە نێو پەرلەمان.
بەهار مەحمود، ڕوونیکردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ خیارێکی تری لەبەردەم نیە، جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەوە، ئەگینا لەمەودوا نە کازمی و نە هیچ کەسێکی تر، ناتوانێ یەک فلس بداتە هەرێم، چونکە مادە یاساییەکە بەرپرسیارێتی خستووەتە سەر شانی هەر کەسێک، پێچەوانەی ئەو مادەیە مامەڵە بکات، وتی"بۆیە هەرێم یان دەبێت داهاتی خۆی بۆ موچە بەکاربێنێ و هیچی لەبەغدا نەوێت، یان دەبێت رێککەوتن بکات و پێوەی پابەند بێت، گەر لە ماوەی ئەم دوو مانگەشدا هەرێم نیەت پاکی خۆی نیشان نەدات، ئەوا چەند هەفتەیەکی تر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دێتە پەرلەمان و هەرێم توشی گرفتی گەورەتر دەبێت."
دروستبوونی گرفت بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە قەیرانێکی قوڵی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و ناتوانێت لەکاتی خۆیدا، موچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان دابەش بکات.
Your browser doesn’t support HTML5