چاوەڕوان دەکرێت بایدنیش درێژە بە ڕێبازی توندی ئەمەریکا بەرامبەر بە چین بدات

لە ماوەی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپدا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین لەم ساڵانەی کۆتاییدا لە دوای ململانێکان لەسەر بازرگانی و ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی و باوەڕە دەکرێت ئەمەش زۆر نزیک بێت لە هێڵ و پلانی سیاسەتی جۆو بایدن وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

چاودێرانی سیاسی لە واشنتن دەڵێن پێدەچێت بایدن بەردەوام بێت لە هەڵوێستی توند بەرامبەر بە چین و ڕەنگە گرنگی زیاتریش بدات بە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بۆ فشار خستنە سەر بەیژینگ (پەکین).

بایدن لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژرادن لە سەرەتای ئەمساڵدا لە دیبەیتێکی دیموکراتەکاندا ڕایگەیاند کە ئەو زیاتر لە هەر سەرکردەیەکی دیکەی جیهان لەگەڵ شی جینپینگ، ڕێبەڕی چین کاتی بەسەر بردوە، بەڵام ئەوەی کە بژاردە سیاسیەکانی لەم ڕووەوە چۆن دەبێت، هێشتا نەزانراوە.

بایدن بە ڕوونی هەنگاوەکانی باس نەکردووە لە سەر چین. ئەو لە وتاری سەرکەوتنیدا ئاماژەییەکی کەمی بە سیاسەتی دەرەوەیی کرد و زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو زیاتر سەرنجی خۆی لە سەر کێشەکانی ناوخۆ چر دەکاتەوە وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێنانەوەسەرخۆی ئابووری، یەکسانی ڕەگەزی و گۆڕانی کەش و هەوا.

ماڵپەڕی کەمپینەکەی لە سەر ڕێبەرایەتی کردنی ئەمەریکا لە جیهاندا نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت بایدن لە یەکەم ساڵی کارکردنیدا کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێبەرانی وڵاتانی دیموکرات لە جیهاندا پێک دێنێت.

ئامانجی کۆبوونەوەکە پەرەپێدانی ئەجێندایەکی هاوبەش دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی بەردەم بەها دیموکراسییەکان.

لە وتارەکەدا چەند جارێک ئاماژەی بە چین کردووە و داواش لە ئەمەریکا کراوە کە هێزی ئابووری خۆی بە کاربێنێت وەک هێزێکی کاریگەر بۆ پێکهێنانی یاساکانی داهاتوو لە سەر سیاسەتی بازرگانی و پاراستنی زانیارییە تایبەتییەکان و چەند بابەتی تر.

بایدن هەروەها لە مانگی حەوتدا بەیاننامەیەکی گشتگیری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی خۆی ڕاگەیاند و داوای پابەندبوونی نوێی بە شێوەیەکی هەمەلایەنە کرد و گوتی "کاریگەرترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە بنیاتنانی بەرەیەکی یەکگرتووە لە دۆست و هاوپەیمانەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەفتاری سەرکوتکەرانەی چین ."

برادڵی باومەن، بەڕێوەبەری باڵای سەنتەری هێزی سەربازی و سیاسی لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، خەڵک دەتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ئیدارەی بایدن بەدوای هەوڵەکاندا بێت بۆ بنیاتنانی تواناکانی بەرگری ئەمەریکا لە ‌هێندو پەسیفیک بۆ نەهێشتنی دەستدرێژییەکانی بەیژینگ کە هەوڵەکەش زیاتر پشت دەبەستێت بە فشاری هاپەیمانانی ئەمەریکا و ئامرازەکانی تر بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی بێژنیگ.

ئەو گوتی بایدن دەتوانێت لە ڕێگای هاوپەیمانەکانی ئەمەریکاوە کاریگەرتر لە ترامپ، فشارەکان بۆ سەر بەیژینگ چر بکاتەوە. ئەمەش ئەو ستراتیژییەیە کە بایدن و ڕاوێژکارەکانی لە کاتی هەڵمەتەکەیدا بانگەشەیان بۆ دەکرد.

باومەن ئەوەشی گووت کە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا پاسیفیک ، پێشوازی لە ڕێبەرایەتی کردنی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەکەن، چونکە پێیان خۆش نییە بکەونە ژێر هەژمونی بەیژینگ. هەروەها گوتیشی کە قسەکردن لەگەڵ هاوپیەمانان لە ناوچەکاندا دەتوانێت کاریگەر بێت لەسەر هەندێ کێشە وەک کردەوەکانی چین لە دەریای باشووری چین، لە سنووری نێوان چین و هیندستان و هەروەها هۆنگ کۆنگ یان تایوان .

شین دینگیلی مامۆستای پەیمانگای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە زانکۆی فودان گووتی چاوەڕوان دەکرێت کۆشکی سپی بە ڕابەرایەتی بایدن لە داهاتوودا فشاری زیاتر بخاتە سەر چین لەسەر شینجانگ و هۆنگ کۆنگ و تایوان، بەڵام گوتیشی بەکارهێنانی یاسای فرە لایەنە لە ڕێگای بایدنەوە دەتوانێت تەنگژەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکات .

ئەو گووتی "ئەوە ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما کاتێک یاسای فرەلایەنەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی چین پابەند بکات بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە. بۆیە ئەگەری زۆرە کە ناکۆکی نێوان چین و ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە زیاتر بێت."

شین لە وتارەکەی ئەم دواییانەدا دەڵێت ڕەنگە گۆڕینی زۆرێک لە سیاسەتەکانی ترامپ لەسەر سیاسەتەکانی چین لە ئاسیادا قورس و دژوار بێت، چونکە ئاڵۆزیە بنەڕەتیەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام دەبێت. ئەو گوتی لەوانەیە بەڕێوبەرایەتی بایدن بە سادەیی بە بێ ترامپ "ستراتیژی ترەمپ" جێبەجێبکات و کێشەکانی ئەو دوو وڵاتەش لەسەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشەوە زیاتر دەرکەون.

لە کاتێکدا لە کە ڕۆژی شەممەوە بایدن وەک براوەی هەڵبژاردنەکان ڕاگێندرا، نزیکەی هەفتەیەک پاش ئەوە ڕۆژی هەینی چین پیرۆزبایی خۆی لە بایدن و کامڵا هێرس کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وین بین لە بەیاننامێکدا گووتی" ئێمە پیرۆزبایی لە بەڕێز بایدن و خاتوون هێرس دەکەین و ڕێز لە بژاردەی گەلی ئەمەریکا دەگرین، هاوکات لەوەش تێدەگەین کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا بە پێی یاسا و ڕێساکانی ئەمەریکا دیاری دەکرێن."

چاودێران دەڵێن پێدەچێت دەرەنجام و بۆچوونی بەیژینگ ئەوە بێت کە پێناچێت ئیدارەی نوێ سەرپەرشتی چاکسازی پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا بکات.

چاودێرانی پرسەکانی سەبارەت بە چین ئاماژە بەوەش دەکەن کە هەڵسوکەوتە شەڕانگێزەکانی بەیژینگ لەو چەند ساڵەی دواییدا بۆتە هۆی ئەوەی کە کۆدەنگییەکی زۆر لەسیاسەتی ئەمەریکادا دروست بکات بەرامبەر بە چین. ئەو ڕەوتەی کە لەدوای دەستبەکارکردنی بایدنیش زۆر ناگۆڕدرێت.

سەرکووت کردنی ماف و ئازادییە سیاسییەکانی شین جانگ و هۆنگ کۆنگ و کردەوە شەڕانگێزەکانی لە دەریای باشووری چین و دزینی دارایی هزری و مەعنەوەییەکان و سیاسەتەکانی بازرگانیی لە لایەن چینەوە، هەموویان پێکەوە دژایەتییەکی فراوانیان لە سیاسەتی ئەمەریکا دروست کردووە بەرامبەر بەو وڵاتە.

مایکڵ هانزێکەر پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج مەیسێن لە بەشی سیاسەت و حکومەتدا ئاماژەی بەوە دەکات کە لە واشنتن کۆ دەنگیەکی هەردوو حیزب هەیە لە سەر مەترسیەکانی بەهێزبوونی چین.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت" پێموایە کۆدەنگییەکی زۆر ڕوون هەیە لە نێوان هەردوو پارتیدا لە سەر سیاسەتی دەرەوە."

بەڵام میدیاکانی دەوڵەتی چین ڕایانگەیاند کە هێشتا کرانەوەیەک هەیە بۆ هاوکاری و ڕێکەوتن لەگەڵ بایدندا.

سەروتاری بەشی ئینگلیزی ڕۆژنامەی حکومەتی چاینا دەیڵی دەڵێت " لە کاتێکدا لە ئێستادا داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا جێگیر نییە، پرسیارە ڕوونەکە ئەوەیە هەردووڵا چۆن دەتوانن بگەن بەو پەیوەندییە دولایانانەی کە زیانیان پێگەێشتوە."

ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی گلۆباڵ تایمزی چینی ڕۆژنامەیەکی فەرمی دیکەی چین ، بایدنی بە " دۆستێکی کۆنی چین " ناو برد.

لەم دوایانەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بایدن کە لە ساڵی 2011 دا وەک جێگری سەرۆک کۆمار سەردانی بەیژینگی کردوە و لە چێشتخانەیەکی ناوچەییدا خەریکی نانخواردنە، لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی چین کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بۆتەوە.