ژمارەیەكی زۆر لە جوتیاران و هاوڵاتیانی شار و شارۆچكە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان لەو ڤیستیڤاڵەدا كرد وەك جوتیاران دەڵێن دڵخوشن بەو ڤیستیڤاڵە وبەرهەمەكانیان نمایش دەكەن و خواستی زۆری لەسەرە و خەڵكی بە بەردەوامی بەرهەمەكانیان دەكڕن.
لوقمان فایەق، سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵەكە بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "ئامانجی ئێمە بایەخدانە بە بەرهەمی ناوخۆ و نزیكەی پازدە بەرهەممان هێناوەتە ئێرە و سەرەكیترینیان هەنارە، وەرزەكە هی هەنارە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بایەخ بدات بە جوتیار و بەرهەمی ناوخۆ، بەرهەمی ناوخۆ هیچی كەمتر نییە لە نەوت چونكە پارەكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕی پێ دەكرێت و ناچێتە دەرەوە و خەڵكیش سود لەو بایەخدانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت."
هاوڵاتیەكی زۆر لە شوێنە جیاجیاكان ڕوویان لەو ڤیستیڤاڵە كردووە بۆ كڕینی بەرهەمی جوتیاران.
ئیسماعیل خورشید هاوڵاتیەكی هەرێمی كوردستانە و سەردانی ئەو ڤیستیڤاڵەی كردووە بۆ كڕینی بەرهەمی جوتیاران لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "زۆر گرنگە لەو كات و ساتە لە كوردستان زیاتر بایەخ بەو جۆرە ڤیستیڤاڵانە بدرێت، ئەو بەرهەمانەی لێرە نمایش كراون و دەفرۆشرێن، خەڵك ئاشنا دەبێت بە هەنگوین و هەنار و كارە دەستیەكانی نابینا و نابیستان و پێم باشە هەفتانە ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵە هەبێت و دەوڵەمەندتر بێت و هەموو چین و توێژەكان بەشداری تێدا بكەن."
بەشێكی ئەو ڤیستیڤاڵە تەرخان کراوە بۆ نمایش كردنی كارە دەستیەكانی كەمئەندامان و نابینا و نابیستان.
سەیران ئازاد یەكێك لەو كەمئەندامانەیە كە بەبەرهەمەكانی بەشداری لەو ڤیستیڤاڵەدا كردووە بە دەنگی ئەمەریكای گووت" ئیشەكەی من كاری دەستیە سەرەتا شتەكە بۆمن هەندێك زەحمەت بوو بەڵام ئێستا ئاسانە و شتەكانم باش دەڕوات بەتایبەتی ئەو خەنابكانە، ئیشەكە زۆر زەحمەتە و دڵخۆشم و باشترە لەوەی لە ماڵەوە دابنیشم."
جێی باسە ئەم ڤیستیڤاڵە لە پێش پاركی شانەدەری شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
Your browser doesn’t support HTML5