کاردانەوەکان لەسەر کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر دکتۆر فرسەت سۆفی

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە پارێزگاری هەولێر دکتۆر فرسەت سۆفی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ئانکەرەی تورکیا کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی 41 هەمین پارێزگاری هەولێر کاردانەوەیەکی زۆری لەلای بەشێک لە هاووڵاتیان و کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دروست کرد.

موشیر فارس، خاڵۆزای دکتۆر فرسەت سۆفی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " لە ئێستادا تەرمەکەی لە تورکیایە و لە چاوەڕوانیداین بەیانی ئیجرائاتەکان تەواو ببن و کاتژمێر 9:30 بگەڕێتەوە کوردستان و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە شای هەولێر بەخاک بسپێردرێت."

ڕۆژنامەوان کۆچەر عەلی مەنتیک کە زۆرجار لە نوسینەکانیدا ڕەخنەی لە زۆر پرسی نێو شاری هەولێر هەیە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دکتۆر فرسەت سۆفی لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا دەکات " هیچ کەسێک وەکو کاک دکتۆر فرسەت سۆفی ڕێزی لە ڕۆژنامەوانان نەگرتووە، زۆرجار بە ڤایبەر پەیوەندیم پێوەکردووەو لێدوانی بۆ داوم، من شانازی دەکەم هەولێر لە مێژوودا پارێزگارێکی ئاوها گەنج و ڕێزدار و کوڕە فەقیری هەبوو".

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە دکتۆر فرسەت سۆفی هەوڵی داوە کاری باش بۆ شارەکە بکات و گەندەڵی نەهێڵێت و دەڵێت بەم کۆچەی " خەونەکانی ئێمەی پوچەڵ کردەوە".

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەهۆی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند، کەنعان خەیلانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " سێ ڕۆژ ماتەمینیمان ڕاگەیاند و ئاڵای کوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر لەسەر فەرمانگەکان هاتە خوارەوە".

بەڕێز خەیلانی گوتیشی سبەینێ ( پێنجشەممە) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕێوڕەسمێکی فەرمی ئەنجام دەدرێت و ڕەنگە سەرۆکی هەرێمیش لەوێ ئامادە بێت.

کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی عێراقیش لە ناویاندا دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆیان بەبۆنەی کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی بڵاو کردۆتەوە.

عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند دکتۆر فرسەت " هەمو هەوڵێکی ئەوە بوو هاووڵاتیانی هەولێر لە کۆرۆنا بپارێزێت کەچی خۆی بوو بە قوربانی ".

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری