ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە گەر ئەمجارە هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دیاریکراوە، پێناچێت بەغدا هیچ بڕە پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت، دەڵێت" تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن، ڕێکدەکەون یان نە."
لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وتی"گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەرکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی کورد، لە بودجەی 2021 یشدا دووبارە ببێتەوە."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەربە لایەنە عێراقیەکان، لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بە پابەند نەبوون بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکان تۆمەتباری دەکەن، لەو بارەیەوە جەمال کۆچەر ئەو پەرلەمانتارانە پۆلێن دەکات بۆ چەند بەشێک، دەڵێت"ئەو پەرلەمانتارانە، بەشێکیان تیگەیشتوون لە مەسەلەی هەرێم، هەندێکی تریان مەسەلەی پابەند نەبوونی هەرێم بۆ لێدان لە مستەفا کازمی بەکار دەهێنن، بەشێکی تریشیان، بەتایبەت نوێنەرانی پارێزگاکانی خوارووی عێراق، ناوچەکانیان نەوتی تێدایە و خزمەت نەکراون، بۆیە فشاری شەقامیان لەسەرە."
کۆچەر، جەختیشیکردەوە"هەرێمی کوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەموومان قورسە بەرگری بکەین و چەکی دەستمان لاوازە، چونکە هەرێم هیچی ڕادەست نەکردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیکردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشمان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری بکەین."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێیوانیە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە مەرجەکانەوە، وەکو ئەوەی کە حکومەتی عێراق دەیەوێت، وتی"لەوانەیە هەرێم پابەند بێت، بەڵام نەک وەکو ئەوەی بەغدا داوایدەکات، ئەوەی بەغدا دەیەوێت، بەهیچ شێوەیەک پێموانیە هەرێم پابەند بێت."
سەبارەت بە چارەنوسی موچەی موچە خۆرانی هەرێم، لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی هەرێم و عێراق دا، جەمال کۆچەر، وتی"تەنها رەبولعالەمین دەزانێت، دواتریش ئەوانەی هەرێم دەزانن، چونکە تەنها خۆیان دەزانن، چۆن بڕیار دەدەن."
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد پێناچێت حکومەتی عێراق جارێکی تر پارە بۆ هەرێم بنێرێت، گەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق نەگاتە ڕێککەوتن، وتی" باوەڕ ناکەم عێراق پارە بنێرێ، پارە لەبەرامبەر چی ؟"
Your browser doesn’t support HTML5