ژیان لە فەرهەنگدا: نەورەس موحەمەد

هەمیشە دیالۆگ وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لێی دەڕوانرێت بۆ پەرەپێدانی شیعر.

دەشێت ئەو دیالۆگە لەگەڵ خودی خۆتدا بێت، یان لە نێوان تۆ و کەسی دووهەمدا، هەر وەک چۆن دەشێت ئەو دیالۆگە لە نێوان تۆی شاعیری ئەمڕۆ و ئەوی شاعیری دوێنێدا بێت.

بەڵام کام دیالۆگە؟ بێگومان ئەوانە نا تەنها ڕەتکردنەوەی یەکتر بەڕێوەیان دەبات، بەڵکو ئەوانەی ماناکان و چێژی شیعر ورد دەکەنەوە و لە نەوەیەکەوە دەیگوێزنەوە بۆ نەوەیەکی تر.


نەوەی نوێی شیعر ڕێگە نادات ژانرە خۆشەویستەکەی بەرەو مەرگ بڕوات، چونکە ئەم نەوەیەش وەک نەوەی پێش خۆی دەگەڕێت بە شوێن داهێنان و نوێبوونەوەدا، ئەڵبەت لێرەدا مەبەستم لەو شاعیرانەیە کە شیعر دەبێتە خەمیان و بە بەرپرسیارێتییەوە سەروسەودا لەگەڵ وێنە شیعرییەکاندا دەکەن، نەک بە شوێن دووبارەکردنەوە و جوینەوەی وێنەکانی پێش خۆیان بن.

کتێب قەرەباڵغی لێ بردم، ئەو نهێنییە بڵاودەکەمەوە

قاوەیەک خواردمییەوە، ئەو ڕستەیە لێرەدا دەنێژم.

تیڤییەکەمان سووتا، ئەو ئازارە نابڕێتەوە

بۆ خۆ شاردنەوە لە چاوی هاوڕێکانم چاوێلکەم کڕی،

بۆ خەڵەتاندنی دڵیش تۆقە و سوراوی سوور.

تەزووی تاڵ بە گیانمدا دێت

تەرمێک لەسەرمدا خۆی دەشوا

تکایە هیچ مەڵێن.

یەکێک لە سەرنجە گشتییەکان لەسەر شیعری نەوەی نوێی شیعر ئەوەیە کە "شاعیرەکانیان" خۆیان سنوردار ناکەن بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە، بە شوێن تەکنیکی زیاتری نوسیندا دەگەڕێن و خواستێکی گەورەیان هەیە بۆ خوڵقاندن.

زەردەخەنە نقورچەی دەنگی دەدا، دەیگوت: ڕوانینت بریندارە، ئەمن جوانترت دەکەم، مەمانت لەسەرپێ ڕادەوەستێنم، بێ ئەوەی گۆڕستانی پشت پەراسوت هەڵبدەمەوە.

بیرکردنەوەم کلیل دا...

پێستی هەڵخستم، خوێن، گۆشتم هەڵدەوەری

بێ ئەوەی دەمی برینانم بدوورێتەوە، دەمی برینی دیکەی لێ کردمەوە و بوو بە تارمایی

زمانی ژنە دراوسێکەمانە ئاوێنە

ئاوێنە بەدیارمەوە دەگریا، پێدەکەنیم!

کاتێک وێنەم بەکەرتێ لوت و مەمکی گۆجەوە بڵاوکردەوە:

/ سروشت لەخۆتاندا مەکوژن/

بە کەرتێ لوت و چوار ددانەوە، دەمارانم لەخۆم لوولدا و دەستم لە هەناسەم گیرکرد، سروشتم دا لە دار.

من نەمتوانی بمێنمەوە

ئەگەرچی دەیڵێمەوە:

../سروشت لە خۆتاندا مەکوژن/

ئەو خەونە لە پێکەنینی بردم

بە خودام گوت: دەنووم هەتا پارچەکانم بهێنمەوە،

باوکمم بیردێتەوە ئەو شەوانەی لە خەونیدا دەمردم، دەخنکا. هەڵاتن بەسە

کاتێک شیعرەکانی نەورەس دەخوێنیتەوە، وەها هەست دەکەیت شاعیر خۆی هاتووە و دیالۆگێکی جوانت لەگەڵ دەکات، ئیدی گرنگ نییە ئەو خانمە شاعیرە لە کوێی ئەم جیهانەدایە، بەڵکو گرنگییەکە لەوەدایە ئەو کاتەی شیعرەکانی دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت دەمێننەوە، هەست دەکەیت دەبنە بەشێک لە ناسنامەی شیعر لای من و تۆی خوێنەر.

ئه‌و ساڵانه‌ی نیشتمانم به‌ ئی خۆم ده‌زانی

خه‌ون بوون

ئەو خەونە لە گەردن دەکەم.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا گەلێک هەواڵم لەسەر دیوانە شیعری "شقارتە" خوێندنەوە، دواتر دەستم کرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی نەورەس، هاوڕێی ئەزیزم نارین ڕۆستەم باجەلان، نەورەسی پێ ناساندم.

لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دەقێکی ئەم شاعیرەماندا، زیاتر بەلامەوە ڕوون دەبووەوە کە نەورەس، شیعر وەک زمانێکی واڵای جوانکارانە و بیرکەرەوەش دەبینێت و لە زۆربەی وێنە شیعرییەکانیشیدا دەخوازێت ببێتە خاوەنی زمانێکی تایبەت بە خۆی و خۆیشی لە دووبارەکردنەوە دەپارێزێت و نایەوێت لاپەڕەکانی بە چەند دێڕێک ڕەش بکاتەوە بەڵکو دەخوازێت بە شیعر ڕووی لاپەڕەکان سپی بکاتەوە.

هاتمە حەوشەکەوە

بەسەر جۆلانێیەکی منداڵانەوە

فڕیم...

بە شایەدی سروشت،

بووم بە باڵندە.

خەیاڵی کۆترێکی شین لەسەرمدا، بوو بە گۆرانی،

هەست و نەستی گەرمت بوون بە پۆشاکێکی نەرم.

هاتمە حەوشەکەوە

بەسەر جۆلانێیەکی منداڵانەوە

پەراسووەکانم دوو دەرگا بوون ئاوەڵامکرد،

سەرمایە

خێرا خۆت وە ژوور داکە.

نامەوێ بڵێم لەنێو مندا چی دەگوزەرێ

ئاشکرایە، مرۆیەکی دی دەنێومدا، لەگەڵمدا سەما دەکا

بوێری گرنگە بۆ تێپەڕاندنی بارە باوەکان، زۆر جار ئەم بوێرییە هەیە لە شیعردا، بە تایبەتیش لای نەوەی نوێی شیعر، بەڵام ئەوەش دەبینین ئەو بوێرییە هاوتەریب نییە لەگەڵ هونەری شیعردا(ڕۆشنبیری بۆ نوسینی شیعر) ؟ نەورەس وەک شاعیرێکی گەنج چۆن ئەم دیاردەیە دەخوێنێتەوە؟

لە دیوانە شیعری "شقارتە"دا نەورەس دەخوازێت چی دابگرسێنیت؟ یان دەیەوێت چی گڕ بدات؟

ئایا خوێنەری ڕژد دەتوانێت کاریگەر بێت بەسەر دنیابینی شاعیرێکەوە؟

لە نێوان مرۆڤ بوون و ژن بووندا کامیان گرنگترە لای نەورەسی شاعیر تا بیکاتە زەمینەیەک بۆ شیعری خۆی؟

نەورەس موحەمەدی شاعیر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: نەورەس موحەمەد