جۆو بایدن،لە پەیامی بەر لە جەژنی سوپاسگوزاریدا باس لەو قوربانییە هاوبەشەکانی خەڵکی ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیارە لە وتارێکی ڕۆژی چوارشەممە بەر لە دەستپێکردنی وەرزی جەژنەکان لە ئەمەریکا باس لە پەتای کۆرۆنا بکات.

ئەم وتارە ڕۆژێک پێش پشووی جەژنی سوپاسگوزارییە، ئەو کاتەی بە شێوەیەکی نەریتی ملیۆنان ئەمەریکایی لەگەڵ خێزانەکانیندا کۆدەبنەوە و زۆربەیان گەشت بۆ شارەکانی تر دەکەن بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان. بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتدا حکومەتی فیدراڵی داوای لە خەڵکی کردووە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە.

ئۆفیسی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن ڕایگەیاند ئەو باس " لەو قوربانییە هاوبەشانە دەکات کە ئەمەریکاییەکان لە دەمی ئەم وەرزی پشووەدا دەیدەن و باس لەوە دەکات پێویستە چی بکەین بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە پێکەوە."

ڕۆژی سێشەممە بایدن ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا " ئامادەیە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی جیهان، نەک پشتی لێبکات،" ئەمەش ئاماژەکردن بوو بە فەلسەفەیچوارساڵی ڕابردووی "ئەمەریکا یەکەمە" ی سەرۆک دانۆڵد ترامپ.

لە کاتێکدا خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی لە 20 ی مانگی 1 وە، بایدن گوتی وڵاتەکە " ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانمان، نەک ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانەکانمان. و ئامادەیە بۆ بەرگری کردن لە بەهاکانمان."

لە نێوەندی گواستەوەی دەسەڵات لە شاری ویلمینگتۆنی دێلوێرەوە سەرۆکی هەڵبژێردراو کاربەدەستانی باڵای ڕێبازی دەرەوەیی و ئاسایشی نیشتمانی پێشکەش کرد.

ئەو گوتی "کڕۆکی بڕوای من ئەوەیە کە ئەمەریکا کاتێک بەهێزتردەبێت کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کار بکات."

ڕەنگە هەڵبژاردەکانی بایدن ، بەتایبەتی ئەنتۆنی بلینکن بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕوانگەیەکی گلۆبالیزمی جیاوازی هەبێت لە هەڵبژاردەکانی ئیدارەی ترامپ .

لە سایەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپدا، زۆرجار ئەمەریکا خۆی لە دژایەتی هاوپەیمانانی لەمێژینەی ڕۆژئاواییدا دەبینییەوە لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا وا دەردەکەوت کە نەرمبێت لەگەڵ تاکڕەوەکانی وەکو سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڕێبەری کۆریای باکوری کیم جۆن ئون.

بایدن گوتی " ئەمەریکا نەک تەنها بە نمونەی هێزمان، بەڵکو بە هێزی نمونەیمان ڕابەرایەتی دەکات."

ئەو گوتیشی ئەو کاربەدەستانەی کە دەستنیشانی کردوون "نەک تەنها ڕێبازی دەرەوەیی ئەمەریکا و ئاسایشی نیشتمانی بۆ نەوەی داهاتوومان چاک دەکەنەوە، بەڵکو ئەو زانیاریانەشم پێدەڵێن کە پێویستە بیزانم نەک تەنها ئەوەی کە خۆم دەمەوێت بیزانم".

جگە لە بلینکن بایدن وەزیری پێشووی دەرەوە جۆن کیری بۆ پۆستێکی نوێ وەکو نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ کەشوهەوا دەستنیشان کردووە، لە کاتێکدا ئەمە کورسییەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەداتێ. تیمی گواستنەوەی بایدن ڕایگەیاند ئەمە ڕەنگدانەوەیەکە لە پابەندبوونی سەرۆکی داهاتوو بە بەڵێنەکانی بۆ کارکردن لە پێناو چارەسەرکردنی گۆڕانکاری کەشو هەوا وەکو پێویستییەکی سەرەکی ئاسایشی نیشمانی.

بایدن ئه ئەلیاندرۆ مایۆرکاسی وەکو سەرۆکی بەشی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی هەڵبژارد. پارێزەرێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک کوباییە ، جێگری وەزیری پێشووی ئاژانسەکەیە . ئەگەر لەلایەن سیناتەوە پەسەند بکرێت ئەوا دەبێتەیەکەم سەرکردەی لاتین و کۆچبەری ئەو ئاژانسە.

جێی ئاماژەیە ترامپ هێشتا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لەسەر سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11. بەڵام لە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەرچەندە ئەو لە کەیسەکەی بەردەوام دەبێت و بڕوای وایە سەردەکەوێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەر وڵاتەکە ڕادەسپـێرێت دەستبکەن بە پـرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.

سەرۆک ترامپ ئێوارەی دووشەممە لە تویتەرەکەی نووسی ئیملی مورفی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریە گشتیەکان GSA و تیمەکەی ڕادەسـپـێرێت هەستن بە پـرۆتۆکۆلە سەرەتایـیەکان و هەروەها بە تیمەکەی خۆشی وتووە هەمان کاربکەن.