کاردانەوە و نیگەرانی مامۆستا و قوتابیان لەمەڕ ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەکانی خوێندندا

ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن لەهەرێمی کوردستاندا لە نێو ناوەندەکانی خوێندن تا 7-1-2021 و بەردەوامیدان بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئـۆنلاین کاردانەوە و نیگەرانی لای بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکاران لێکەوتۆتەوە.

فازڵ عەزیز مامۆستای ئامادەیی کەسنەزانی ئێواران سەبارەت بە کێشە و گرفت و نیگەرانیەکانیان لەمەڕ پرۆسەی خوێندن و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" زیاتر تاکید لەسەر وەزارەتی تەندروستی دەکرێت ئێمە مامۆستاینە وەکو لیژنە بانگ ناکرێین و بڵێن مامۆستا ڕای ئێوە چییە؟ پرسمان پێ نەکراوە بڵێن چ پرۆژەیەک باشە بیکەین و ئایا دەتوانین ئەو قوتابیانە بهێنینە مەکتەبێ ؟ بەڵام نا شتی وایان نەکردووە، کۆرسی دووەمیش ئەگەر رەوشەکە ئـاسایی بێتەوە ئەوا لەوانەیە بە یەک وەرزی ساڵەکە بەرێ بکەین، تەمەنای ئـەوە دەکەین بچینە قوتابخانە و تازە تەواو چارەسەرەکە ئـەوەیە بە رێکاری تەندروستی بتوانین ئەم جارە وانە بە قوتابیەکانمان بڵێین، ئەگەر موچەکەش مانگانە سی رۆژ جارێک بدرێت کێشە نابێت بچینەوە قوتابخانە و بە خۆماندوبوونێکی زۆرەوە وانە بە قوتابیەکانمان بڵێین."

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم خوێندکاران لە نێو ناوەندەکانی خوێندن و ئەم شێوازە خوێندنەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی، شاکیۆ حەمەدەمین قوتابی قۆناغی دوازدەی ئامادەییە وەها بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" قوتابی هەبوو دەمامکی نەدەبەست و بە ئارەزووی خۆی دەهاتە مەکتەب، ئێستاش هەموو بووەتە ئۆنلاین و بە ئۆنڵاینیش هێل خاوە وەکۆ دەوام و مامۆستای خۆمان نییە و بە جوانی لە وانەکە تێناگەین، هیوادارین حکومەت خەمێک لەو رەوشە بخوات و دەوامەکە دەست پێبکاتەوە."

پاش ئەوەی کاربەدەستانی وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە و تەندروستی و بەرپرسانی یەکە ئیداریەکان و پارێزگاکان و لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبوونەوە و ڕاپۆرتێک لەمەڕ رەوشی تەندروستی خرایەڕوو، چەند بریارێک دەرکران لەوانەش دەوامی قۆناغەکانی یەک و دووی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی (حکومی، ناحکومی) تا رۆژی 7ی 1ی 2021 ڕادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت هەروەها بۆ قۆناغی 3ی بنەڕەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی ، ناحکومی)

بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەخوێندن بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە هۆکاری دواخستنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا،

دکتۆر خالس قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " کۆرۆنا تاوەکو ئێستا لە بڵاوبوونەوەی فراوانی بەردەوامە لەناو کۆمەڵگا هەرچەندە کەمتر بووە بەراورد بە چەند هەفتەی پێشوتر، مەترسیمان هەیە لەو مانگە لەگەڵ زیاتر دابەزینی پلەی گەرمی زستان جارێکی تر حاڵەتەکان زیادبێتەوە، جا بۆ ئەوەی بتوانین ئەو فەترەیەی کە ماوە بەسەلامەتی بەرێ بکەین بریاری ئـەوە درا بۆ مانگێکی تر خوێندن دوابخرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری