لە هەلومەرجێکی ناجێگیری سیاسی و ئاسایشیدا، گەورە زانایەکی ئەتۆمی ئێران دەکوژرێت.
کوژرانی موحسن فەخریزادە کە بە باوکی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران ناسراوە، وەک چۆن بە گورزێکی گەورە دادەنرێت لە بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوەهاش بە لێدانێکی گورچک بڕی توندڕەوانی ئێرانیش دەبینرێت، لەو ڕوانگەیەوەی تەواوی دۆسێ ئاسایشییەکانی ئێران لە ژێردەستی توندڕەواندایە یان ئەوەی پێیان دەگوترێت موحافیزکاران.
لە سەرەتای ئەمساڵی 2020ەشدا بوو قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزی قودسی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا کوژرا.
لە ساڵی 2008ەوە فەخریزادە لەناو لیستی ئەمەریکادا بووە بۆ سزادان. لە ساڵی 2018شدا بەنیامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل بە ئاشکرایی ناوی ئەو زانا ئێرانییە دێنێت کە بەرپرسە لە تەواوی بەرنامەی لەشکریانەی ئەتۆمی ئێران.
کۆماری ئیسلامی ئێران پاش کوژرانی فەخریزادە، دەستبەجێ ئیسرائیلی گوناهبار کرد، دواتر دەیگووت بە پیلانی ئەمەریکا، ئیسرائیل ئەو کردەی کوشتنەی کردووە، ڕۆژێک دواتر ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقیشی تۆمەتبار کرد و دواترین لێدوانی دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ئەم دۆسێیە، ئاماژەکردنە بە دەستهەبوونی دەزگا هەواڵگرییەکانی چەندان وڵات لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و موجاهیدیندا، بەڵام بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یەکێک لەو وڵاتانە بێنێت.
میوانی بەرنامە:
کاوە ئاهەنگەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
ئێران هەڕەشە دەکات بۆ تۆڵە سەندنەوە، لە هەمان کاتیشدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران دەڵێت "دوژمنانی ئێران پێویستە بزانن گەلی ئێران و بەرپرسانی وڵاتەکەش زۆر لەوە ئازاترن کە بهێڵن ئەم تاوانە بەبێ وەڵام تێبپەڕێت و لە کاتی گونجاودا بەرسڤیان دەبێت بۆ ئەم تاوانە."
هەر لە هەمان ئەو لێدوانەیدا لەسەر کوژرانی فەخریزادە، سەرۆکی ئێران دەشڵێت " ئێران زیرەکترە لەوەی بکەوێتە تەڵەی زایۆنیستەکانەوە، ئێمە دەستیان دەخوێنینەوە و سەرکەوتووش نابن لە بەدیهێنانی ئەو ئاماجە دڕندانەیەیاندا."
تا ئێستاش نازانرێت پەرچەکرداری ئێران چۆن دەبێت، ئایا هەمان شێوازی تۆڵەکردنەوەی کوژرانەکەی قاسم سولەیمانی دووبارە دەکاتەوە؟ ئایا جارێکی تر حزبوڵای لوبنان و میلیشیا شیعەکانی تری ناو عێراق کە سەر بە ئێرانن وەک شارە زەردەواڵە دەوروژێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
پرسیارگەلێکی تری زۆر بێ وەڵامن تا ئێستا، وەک زۆرێک لە چاودێر ئاماژەی پێدەکەن، بە دووری نازانن ئەمجارەیان ئێران کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبێت و چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکات لە واشنتۆن.
هەرچۆنێک بێت، لەو ڕوانگەیەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەها ناسراوە کە سەرچاوەی ئاژاوە و شەڕانگێزییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و گەورەترین وڵاتی سەرپەرشتیاری تێرۆریزمە لە جیهاندا و کوشتنی سیاسی و تێرۆر و سەرکوتکردن و ڕەفتاری نەخوازراو بوونەتە تایبەتمەندێتی و ناسنامەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر بۆیە ئەو ئەگەرەش بە دوور نازانرێت کە دەسەڵاتدارانی ئێرانی خۆیان لە پشت ڕووداوی کوژرانی فەخریزادەوە بن، وەک چاودێر ئاماژەی پێدەکەن، تاران هەر تەنها لۆمەی وڵاتانی نەیاری خۆی دەکات بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکی سادەش بخاتە ڕوو بۆ ئەو کوژرانەی فەخریزادە.
ئێران دەیان دۆسێی کوشتنی نەیارانی خۆی لەسەرە لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتەکەش.
بۆچی جیاوازی لە لێدوانەکانی کاربەدەستانی ئێرانیدا هەن لەسەر کوژرانی موحسن فەخریزادە؟
ئایا ئێران زانیارییەکان دەشارێتەوە یان هیچ زانیارییەکی لەلا نییە لەسەر کوژرانی زانا ئەتۆمییەکە؟
ئایا تاران لە توانایدا هەیە وەک دەڵێت "تۆڵەی خۆی بکاتەوە لە کاتی گونجاودا؟"
ئایا کوژرانی فەخریزادە، بەرنامە ناوکییەکەی ئێران پەکدەخات؟
کاوە ئاهەنگەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5