خۆپیشاندان له‌سنوری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه و قه‌زاکانی سه‌یدسادق و شاره‌زوور گرژی و ئاڵوزی لێ که‌وته‌وه و له ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌کاندا ژماره‌یه‌ک لە خۆپیشاندەران به گوله‌ی هێزه ئه‌منیه‌کان بریندار کران و ژماره‌یه‌ک پۆلیسیش به به‌رد بریندار بوون، به‌هۆی سه‌ختی برینی برینداره‌کانیشه‌وه به‌شێکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.
له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه سه‌ر له ئێواره له کاتژمێر 7 وه خۆپیشاندان ده‌ستی پێ‌کرد ، خۆپیشانده‌ران له شه‌قامی گشتی پارێزگاکهوە ده‌ستیان پێ‌کرد ، له ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌که، گرژی له‌نێوان هێزه‌کانی پولیس و خوپیشداندهراندا دروست بوو ، به‌شێک له خوپیشانده‌ران به‌ر گازی فرمێسک ڕێژ که‌وتن و ژماره‌یه‌ک که‌ره‌سته‌و پێداویستی پولیسی هاتووچۆ سوتێنران.
دواتر خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و باره‌گا حیزبیه‌کان بهڕێکەوتن ، له ئه‌نجامی دروست بوونی گرژی و ئاڵوزی (3) خۆپیشانده‌ر به فیشه‌ک بریندار بوون ، سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منی له پارێزگاکه که نه‌یوویست ناوی ئاشکرا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، برینداره‌کان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی هه‌ڵه‌بجه گواستراونه‌ته‌وه و به‌شێکیشیان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی سلێمانی نێردراون.
له قه‌زای سه‌یدسادقیش له پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشممه 4-12-2020 خۆپیشاندان ده‌ستیپێکرد ، خۆپیشانده‌ران باره‌گاکانی یه‌کێتی و گۆران و پارتی و کۆمه‌ڵ و یه‌گرتوو و شوێعیان سووتاند، هاوکات هه‌ریه‌ک له بینای قائیمقامیه‌ت و پولیس و باج و خانووبه‌ره و هوڵی ڕۆشنبیری و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی کاره‌با سووتان .
ته‌ها ئه‌حمه‌د لێپسراوی به‌شی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید شه‌که‌وت له لێدوانێکدا به ده‌نگی ئه‌مەریکای راگه‌یاند له ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌که‌وه گه‌نجێکی ته‌مه‌نی 28 ساڵ و مێرمناڵێکی ته‌مه‌ن 15 ساڵ بریندار بوون.
هه‌ر له قه‌زای سه‌یدساق دیاری ڕه‌فیق قائیمقامی قه‌زاکه دوای سووتاندنی ماڵه‌که‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاوکرده‌وه و گوتی ئه‌وه‌ی دوێنی ڕوویدا بۆ هه‌موومان چاوه‌ڕوانکراو بوو ، ده‌مێکه هاوار ده‌که‌ین خه‌ڵک برسیه و پێویسته حکومه‌ت به‌ده‌میه‌وه بڕوات .
ووتووشیه‌تی "کوشتن و بریندار کردن بۆ ئێمه ئاسان بوو، بەڵام هه‌موو سنوره‌که ده‌زانن، که ئێمه و بنه‌ماله‌که‌مان چه‌ند قوربانبمان داوه له پێناو خه‌ڵک، ئێستا چۆن کوڕی خه‌ڵک بکوژین، بۆیه ئێستا و سه‌د جاری تر ماڵی من بسوتێت ده‌یکه‌م به قوربانی خوێنی گه‌شی گه‌نجێکی شاره‌که."
له قه‌زای شاره‌زووریش که‌مال ئه‌حمه‌د لێپسراوی به‌شی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید ڕه‌ئوف به‌گ له لێدوانێکدا به ده‌نگی ئه‌مەریکای راگه‌یاند "به‌هۆی خۆپیشاندانه‌کانه‌وه 20 هاووڵاتی بریندار بوون ، 3 هاووڵاتی به فیشه‌ک بریندار بوون 17 هاوولاتی دیکه‌ش به به پارچه‌کانی چه‌کی تاپڕ و به‌شێک له برینداره‌کان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی سلێمانی ڕه‌وانه کراون."
هه‌ر له قه‌زای شاره‌زوور باره‌گاکانی پارتی و گۆڕان و چه‌ند باره‌گایه‌کی دیکه‌ی حیزبی زیانیان پێگه‌شتووه و به‌شێکیان سوتێنراون.
له بهیانامهیهکیشدا ئه‌نجوومنه‌ی باڵای پێشمه‌رگه دێرینه‌کان که بڵاویان کردووه‌ته‌وه ووێنه‌یه‌کی بۆ ده‌نگی ئه‌مەریکا نێراوه هاتووه " داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین، به‌زوویی بێن به‌ده‌م داوکاریه‌کانی خۆپیشانده‌رانه‌وه، ئێمه‌ش وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کوردستان،زۆر پشوو درێژ نابین و پێویسته له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا چاره‌سه‌ری گونجای ئه‌م بارودۆخه‌که بکه‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئێمه‌ش به هه‌موو هێزوو توانامانه‌وه به‌شداری خۆپیشاندان ئه‌که‌ین و ڕێگا ناده‌ین چی تر داهاتی ئه‌م ووڵاته قۆڕخ بکرێت و ببرێت بۆ چه‌ند که‌سێک له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان".
ئه‌مڕۆش ڕۆژی سێشهمه 8-12-2020 له قه‌زاکانی شاره‌زوور و سه‌یدسادق و ناحیه‌ی خورماڵ له سه‌ر به پارێزگای هه‌ڵه‌بجه خۆپیشاندان ده‌ستی پێکردووه و بنکه‌ی پولیسی هاتووچۆی خورماڵ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور سوتێنراوه و هەر ئه‌مڕۆش ئیداری هه‌ڵه‌بجه و ده‌زگا ئه‌منیه‌کان له‌سه‌ر باروودۆخه‌که دوور له میدیاکان کۆبوونه‌ته‌وه.