هاوڵاتیان لەهەولێر سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی چەند شارو شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیا جیایان هەیە، عەبدولغەفار سابیر پێشنوێژو وتاربێژی مزگەوتی جەمیل کاوانی سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان بۆ دەنگی ئەمەریکا دواو دەڵێت " بەهەرشێوەیەک داوای مافی خۆت دەکەیت حەقی خۆتە بەڵام بەمەرجێک ئەو داواکردنەی خۆت نەبێتە هۆکاری ئەوەی ماڵی خەڵک بسوتێت و خەڵک بکۆژرێت و کێشەو گرفت دروستبێت؛ تەنانەت لەهەندێک شوێن زانیومانە قورعان سوتێنراوە و ماڵی خەڵک سوتێنراوە، دەبێت دامودەزگاکانی میری خەمی ئەوەیان هەبێت بژێوی و ژیان و موچەی خەڵک دابینبکەن بەشێوەیەکی جوان و رێکوپێک و هەم خەڵکیش ئەو مافەی هەیە داوای مافی خۆی بکات، لەگەڵ ئەوەدام هەموو کەسێک داوای مافی خۆی بکات بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم هیچ کەسێک بکۆژرێت و هیچ شوێنێک بسوتێت."
وتاربێژی مزگەوتی جەمیل کاوانی دەشڵێت" لەناو هەولێر هەمان کێشە و گرفت هەیە خەڵک برسیە بەڵام لەوانەیە سروشتی هەولێر بەو شێوەیەیە کە خەڵکی هەولێر هێمن و ئارامترن، حەق وایە حکومەتیش ڕەچاوی ئەو خاڵە بکات کاتێک خەڵکی هەولێر بێ دەنگە واتای ئەوەیە رێز لەبارۆدۆخەکە دەگرێت و حکومەتیش بەزووترین کات داواکانی خەڵک جێبەجێبکات."
هاوکات ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەناو بینای پەرلەمان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە لەمەڕ ئەو ڕەوش و بارۆدۆخەی کە لەهەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە؛ لەنێویاندا بابەتی خۆپێشاندانەکان و بژێوی خەڵک و موچەی فەرمانبەران و ماموستایان هۆکاری مانگرتنەکەیانە.
سیروان بابان ئەندامی سەربەخۆ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەگەل چەند پەرلەمانتارێک لە نێو بینای پەرلەمان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئێمە داوامان لەسەرۆکاتی پەرلەمان کرد حکومەت بانگهێشت بکات، حکومەت بە قسەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ناکات. خەڵک هاتە شەقام و خۆم لەناو خوپێشاندانەکەدا بووم لەسلێمانی، ئاسایش هێرشیان کردە سەرم و گولەیان پێوەنام و خەڵک شەهیدبوو و ئێمەش بریارماندا کە خوێنی ئەم لاوانە نەرژێ و بووین بە شازدە پەرلەمانتار و مانمان گرتووە؛ ئەمەش ڕێگەیەکی زۆر یاسایی و ئاسایی و مۆدێرنە."
هاوکات زۆرینەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەشداریان لەو مانگرتنەدا نەکردووە کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لەنێو بینای پەرلەماندا ڕایانگەیاندووە.
لەوبارەیەوە شوان زرار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەڕ ئەو مانگرتنە بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی " ئەو بۆچوون و ڕایەی کە ئەوان هەیانە ئێمە پێمان وایە هەڵەیە و بەشداریش نابین و شتێکی خراپە لە ڕووی نەتەوەیی و لە ڕووی ئەو ئیلتیزامەی بەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەمانە کە سوێندی یاساییمان خواردووە. ئەو بارۆدۆخە ناهەموارەی کە ئێستا لە کوردستان درۆستبووە نەبوونی مووچە و بودجە و ئەو بارۆدوخە داراییەی کە کوردستان تووشی بووە بەشێکی بەهۆی بڕینی بودجەکەوەیە لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە و بەشێکی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتە. ئەوانە بە حیسابی خۆیان بەپێی ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنن پێیانوایە کار لەسەر ویستی خەڵک دەکەن؛ بەڵام ئەوانە دەیانەوێ هەستی خەڵک بجوڵێنن بە مەبەستێکی تر بۆئەوەی بتوانن سەرنجی خەڵک ڕابکێشن لەئەنجامدا ئەوانە بە پیلان و ئاراستەیەکی تر کاردەکەن."
لەو خۆپێشاندانانەی کە لەچەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون کوژرا و برینداری لێکەوتەوە. لەوبارەیەوە دڵگەش ڕەمەزان یەکێک لەو چالاکوانانەی کە چەندینجار لە هەولێر وەک دەڵێت خۆپێشاندان و گردبوونەوەیان سازکردووە، سەبارەت بە هەڵویستیان لەمەڕ ئەم خۆپێشاندان و داواکاریانەی خەڵک بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی" بە هەمووشێوەیەک پاڵپشتی ئەو خەڵکەی کوردستان دەکەین بەڵام لەگەڵ ئەوە نین توندوتیژی و کۆشتن بکرێت و هەر هاوڵاتیەک خۆپێشاندانی مەدەنی بکات ئێمە پاڵپشتیان دەکەین و چەندین جار خۆپیشاندانمان کردووە سەبارەت بە زیندانیە سیاسیەکان و خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار و دامەزراندن و چەندین داوای ئێمەش جێبەجێکران و زۆر شتیش نەکراون."
Your browser doesn’t support HTML5