ڤاکسینێک بۆ جۆری نوێی کۆرۆنا

سەرۆکی کۆمپانیای ئیسترازینیکا بۆ دەرمان کە پەرەی داوە بە ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا وەها چاوەڕوان دەکات لەم هەفتەیەدا کاربەدەستانی تەندروستی بەریتانیا بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە پەرەپێدراوە پەسەند بکەن.

لیکۆڵەریش لەو بڕوایەدان ئەم ڤاکسینە نوێیە کاریگەر دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڤید 19 کە لە بەریتانیا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

باسکال سوریوت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیسترازینیکا، بە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی ڕاگەیاندووە "پسپۆڕانی پەرەیان بە ڤاکسینەکە داوە گەیشتوونەتە قۆناغێک کە ڤاکسینەکە کاریگەر بێت وەک ڤاکسینەکانی تر."

بەشێک لە کاربەدەستانی تەندروستی نیگەرانییان هەبووە بەرامبەر ڤاکسینی ئیسترازینیکا کەلەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرددا پەرەی پێدراوە و نیگەرانییەکەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هێندەی ڤاکسینی فایزەر کاریگەر نەبێت.

ڤاکسینی فایزەر لە بەریتانیا و ژمارەیەک وڵاتی تریشدا دەست کراوە بە بەکارهێنانی.

ئەنجامە بەراییەکان وەها نیشان دەدەن کاریگەری ڤاکسینی ئیسترازینیکا بە ڕێژەی لە سەدا حەفتایە بۆ خۆپاراستن لە کۆڤید 19، لە کاتێکدا ڤاکسینی فایزەر لە سەدا نەوەت و پێنجە.

سوریوت دەڵێت "لەوبڕوایەداین گەیشتوینەتە ئاستی سەرکەوتن بەسەر پەتاکەدا پاش دوو جار کوتان بە ڤاکسینەکە" بەڵام دەشڵێت ناتوانێت زانیاری زیاتر بدات چونکە "لە ماویەکی کەمدا ڤاکسینەکە دەخەینە بەردەست."

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت دەستدەکات بە پێداچوونەوەی کۆتایی بە زانیارییەکان لەسەر تاقیکردنەوەکانی قۆناغی سێهەمی ئەم ڤاکسینەی کۆمپانیای ئیسترازینیکا.